بۆچی کورد دژی عەلاوی بوو؟

چونکوو مەحەمەد تۆفیق عەلاوی هیچ حیسابێکی بۆ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان نەکرد بۆیە ئەمان دژایەتیان کرد.

بەشی نێودەوڵەتی ئاژانسی هەواڵی مێهر, کاوە محەمەد: هەرچەندە هەموو کورد نا، بەڵام پارتی بەپلەی یەکەم و دواتریش هەموو هێزە سیاسییە کوردستانییەکان دژی هەوڵەکانی (د.محەمەد تۆفیق عەلاوی) بۆ پێکهێنانی کابینەکەی وەستانەوە.

ئەوە جگە لەچەند پەرلەمانتارێکی کورد، زۆرینەی پەرلەمانتارانیش لەسەر بڕیاری حزبەکانیان لەگەڵ دەنگدان بە عەلاوی و کابینەکەی نەبوون..
پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە کە بۆچی (کورد) لەدژی عەلاوی وەستایەوە ؟ لەکاتێکدا وەک ژمارەی وەزارەت بیگریت، ئامادەبوو لەهی کابینەکەی ئێستای (د.عادل عبدالمهدی) وەزارەتی زیاتر بداتە کورد کە جگە لە سێ وەزارەت، جێگرێکی سەرۆک وەزیرانیش لەکورد دابنێت. لەوەش گرنگتر ئامادەبوو بەڵێننامەی نووسراو بۆ کورد ئیمزا بکات بۆ جێبەجێکردنی ماف و داواکارییەکانی لەمووچە و شایستە داراییەکانی پێشمەرگە و جووتیاران و مادەی ١٤٠ و ئەمنیەتی ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان، من رۆژی ٣/١ لەکۆبوونەوەیەکدا راستەوخۆ ئەمەم بە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی وت کە ئەگەر ئەوان شەڕ لەسەر دانانی وەزیرەکانی خۆیان ناکەن. فەرموو ئەوە (د.عەلاوی) ئامادەیە داواکارییەکانمان بۆ جێبەجێ بکات، بۆچی ئێمەی کورد دەنگ بە کابینەکەی نەدەین، داوامانکرد کە قسەیەک لەگەڵ سەرکردایەتیی حزبەکەی بکات و وەڵاممان بداتەوە، چونکە هەموو فراکسیۆنەکان ئەو قەناعەتەمان بۆ دروستبببوو، تەنها پارتی مابوو بێتە سەر ئەو رایە..بەڵام بەداخەوە ئەو وەڵامەمان وەرنەگرتەوە تا جەلسە بەبێ نیساب بڵاوەی پێکرا و دواتریش د.عەلاوی لەراسپاردنەکەی کشایەوە.
ئاخر بەراستی جێی خۆیەتی بپرسین (کورد) بۆچی ئاوا سەنگەری لە(د.عەلاوی) گرت و بووە هاوکار و هاوپەیمانی رەمزە هەرە گەندەڵەکانی سوننە و شیعە بۆ شکستپێهێنانی. بەتایبەتیش بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو کە لەگەڵ کەسێک رێککەوین لاوازە و پێویستی زۆری پێمانە، بەتایبەتیش لەو کاتانەی بەشێک لەشیعەکانیش پشتیان تێکرد و لەبەڵێنەکانی پێشووی خۆیان پاشگەزبوونەوە..
بەبڕوای من هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە (د.عەلاوی) جیا لەسەرۆک وەزیرانەکاتی پێشتر هیچ حیسابێکی بۆ حزبەکان و دەسەڵاتدارانی هەرێم نەکرد، سەردانی هەولێری نەکرد تا هەندێ بەرپرسی کورد دەروونی پڕ لەگرێیان ئارام ببێتەوە، ئامادەنەبوو هەندێ وەزیر دووبارە بخاتەوە کابینەکە، هەر بۆیەش هەوڵیاندا بەرگێکی کوردستانی لەبەر ئەو گرێ دەروونییەیان بکەن و بۆ ئەو مەبەستە بەپەلە سەرۆکی هەرێم لایەنە سیاسییەکانی هەرێم و فراکسیۆنەکانی بەغدای کۆکردەوە و وەفدی هاوبەشیان پێ پێکهێنان و رەوانەی بەغدایان کردن، جێی خۆشحاڵی بوو کە (د.عەلاوی) هەر لەسەر کەللە رەقییەکەی خۆی بەردەوام بوو و رازی نەبوو وەزیری حزییان بۆ دابنێت، لەم رێگەیەشەوە توانیان گروپی ١٥ ی فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەیەکتربترازێنن و لای (د.عەلاوی)ش بەدگومانی لەسەر گروپەکە دروستبکەن.چونکە نوێنەرانی گروپەکە دووجار لەگەڵی کۆبووینەوە و یاداشتێکی ١١ خاڵیشمان لەبارەی ماف و داواکارییە کوردستانی و عیراقییەکان پێشکەشکردبوو، کەچی حزبەکانی پێکهێنەری ئەو گروپە لەوەفدە هاوبەشە کوردستانییەکەش بەشداربوون کە پارتی سەرۆکایەتی دەکرد. ئینجا هاتن ئاراستەی ئەم پرسەیان وا گۆڕی کە گوایە بۆ پاراستنی کیانی دەستووری هەرێم و سەروەری و کۆمەڵێ دەستەواژەی دیکەی ئاوا دژی د.عەلاوی-ن و میکانیزمی پێکهێنانی کابینەکەیان بەدڵ نیە!..
من لەنزیکەوە ئاگادارم کە بۆ مووچەی خەڵکی هەرێم وتی سواڵم کردبێت ناهێڵم مووچەی هورێم کێشەی بۆ دروستببێت، ئامادەبوو شایستە داراییەکانی ساڵانی (٢٠١٤، ٢٠١٥ و ٢٠٦) ی جووتیاران سەرف بکات و مووچەی پێشمەرگە بنێرێت و هەندێ بەڵێنی دیکەی تایبەت بە مادەی ١٤٠ و ناوچە دابڕێنراوەکانیش..
ئیتر نازانم بۆ ئەو وەفدە هاوبەشە لەگەڵی نەگەیشتنە رێککەوتن ؟ ئەو قەوانە قەومەچیە چیە دیسان دەشریخێنێت کە گوایە کورد سەرکەوتن و دەستکەوتی مێژوویی بەدەستهێناوە و سەرۆکی پارتی سوپاسی لایەنە سیاسییەکانی کورد دەکات کە بە یەکڕیزی-ەوە ئەو (دەستکەوتە مێژووییە)یان بدەستهێناوە! ..لەکاتێکدا هەموو دەستکەوتەکە بریتییە لەتێرکردنی غروری چەند دەسەڵاتدارێکی کورد و جارێکی دیکە سەلماندنی ئەوەی کە هیچ حکومەتێک لەعیراق پێکنایەت ئەگەر بۆ ئەوان نەگەڕێنەوە و موبارەکەی نەکەن، ئیجا با ئەو کابینەیە ئامادەبێت هەموو ماف و داواکارییەکانی کورد بسەلمێنێت و وەزیری زیاتریش بە کورد بدات.

سەرچاوە: شارپرێس

News Code 31329

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 10 =