AP ١٣٩٨ ڕەزبەر ١٤ ٠٧:٥٦

یادداشتی مێهر؛

ناڕەزایەتیەکانی عێراق و هۆکاری تەشەنەپێدانی لە لایەن وڵاتانی دەرەکییەوە

ناڕەزایەتیەکانی عێراق و هۆکاری تەشەنەپێدانی لە لایەن وڵاتانی دەرەکییەوە

گۆڕانکارییەکانی ئێستای عێراق و ناڕەزایەتییەکان لەو وڵاتەدا لە سای پلان داڕێژیی دەرەکی و تەشەنە پێدانی لە لایەن کەسانی غەرەزاوی ڕەهەندی دیکەی گرتۆتە بەر.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – سەید موجتەبا حەیدەری: چەند رۆژێکە عێراق بۆتە کانوونی سەرنجی میدیایی، ئاوەها کە خۆپیشاندانە دژە حکوومییەکان لە هەندێ لە شارە شیعەنشینەکاندا چەند رۆژە درێژەی خایاندووە. نووسەری ئەم یادداشتە لە سەر ئەو باوەڕەیە کە یەکەم برووسکەکانی سەرهەڵدانی ئەم بشێوییە لە دەرەوەی عێراقەوە لێدراوە و هۆکاری زۆر بۆ سەلماندنی ئەو بۆچوونە لە ئارادایە؛ بۆ وێنە سەفەری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ناوبژیگەری لە نێوان ئێران و عەرەبستان و پێشتریش بۆ چین. ئەو هەنگاوە ئەمریکییەکانی زۆر تێکدا، چونکە دەبووە هۆی دابەزینی ناکۆکییە ناوچەییەکان و هاوکات دابەزینی ئاستی کڕیاری چەک و چۆڵی ئەمریکی. هەوڵی پەرلەمان عێراق بۆ پەسند کردنی یاسایەک بۆ هەڵوەشانەوەی گرێبەستی ئەمنیی عێراق لە گەڵ ئەمریکا و داخوازی بۆ دەرکرانی هێزەکانی ئەمریکی لە عێراق، دەتوانێ هۆکارێکی دیکەی تێوەگلانی بیانیەکان لە ڕووداوانە بێت.

هەڵبەت دەبێ ئەوە لە بەرچاو بگرن کە لەم دواییەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق بە فەرمی ڕایگەیاند کە هێرشەکان بۆ سەر بنکەگەلی حەشدی شەعبی لە لایەن فرۆکە بێ فرۆکەوانەکانی ئیسرائیلەوە ئەنجام دراوە و ئەوە دەتوانێ دووهەمین هەڵوێستی ئەو هەمبەر بە زایۆنییەکان بێت؛ عەبدولمەهدی پێشتریش دژی مامەڵەی سەدە هەڵوێستی گرتبوو.

لە پەنای ئەوانە، ئامادە بوونی کەسانی هاوپەیوەند بە بەعس و ئەمریکا و لەوان "ئەحمەد حەلۆ"ش سەرنج ڕاکێشە. ڕەغد کچی سەدامیش بە تویتەکانی خۆی بە دوای هاندانی بەعسییەکانەوەیە. ڕۆڵی عەرەبستانیش تەواو دیار و بەرجستەیە، ئاوەها کە کەناڵگەلی بەدناوی سەر بە عەرەبستان و لەوان "العربیه" و "الحدث"یش بە گرژی بە دوای ئاژاوەنانەوەن. پێشوازی نەکردن و هاننەدانی خەڵکی بۆ خۆپیشاندان لە لایەن گرووپگەلی سەرەکیی ئۆپۆزیسیۆن و ڕەخنەگری حکوومەت وەک ڕەوتی سەدریش دەسەلمێنێت کە ڕێکخستنی ئەو ڕووداوانە لە لایەن باڵی دەرەکییەوە ئەنجام دەدرێ و هەڵبەت نەبوونی رێبەریی لە خۆپیشاندان و بشێوییەکان و هاندرانی گەنجان لە لایەن دەستەوەدایەرەی فەیس‌بووکیی نزیک بە باڵوێزی ئەمریکا و دروشمگەلی دژە ئێرانیان ئاماژەیەکن بەو ڕاستییە.

هەڵبەت ئەوە بەو مانا نییە کە هەموو بەشدار بووانی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانەکان لایەنگری ئەمریکا یان بەعس یان عەرەبستانن، چونکە وەک دەبینین یەک لە کوژراوانی ئەو ڕووداوانە برای شەهیدێکی حەشدی شەعبییە و زۆربەی خەڵکی بە هۆی ناچاری و ناکارامەیی دەوڵەت و دزی و گەندەڵیی حزبەکان ڕژاونەتە سەر شەقام، بەڵکوو کەسێک بگاتە هانایان. هەڵبەت ئەگەر لە ناڕەزایەتییەکاندا دروشمی دژە ئێرانی هەڵنەدرایە، ڕەنگە ئەوڕۆ شایەدی ئامادەبوونی جەماوەرێکی دە هێندەیی دەبووین. بەوەشەوە کردار و هەڵویستی ناشی‌گەرانە و تا ڕادەیەک توندئاژۆیانەی گرووپگەلی ئەمنی و ئاسایشیش بەش بە حاڵی خۆی بۆتە هۆی تەشەنەسەندنی بشێوییەکان.

هۆکارێکی دیکەی سەلمێنەری پلان داڕێژیی بیانییەکان نائاشنابوون بە هەلومەرجی فەرهەنگی عێراقە و ئەگەر گرووپێکی عێراقی سازێنەر و پێشخەری خۆپیشاندانەکان بایە، بێ گومان زەمانێکی دیکەی بۆ ئەو کارە هەڵدەبژارد، چونکە زۆربەی خەڵکی بە دوای ئامادە بوون لە ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمینی حسێنی (دخ)ین ڕیوڕەسمی شکۆمەندی چلەی ماتەمین تەواو سێبەر دەخات بە سەر خۆپیشاندانەکاندا. هەروەها ئەو خۆپیشاندانانە بە پێچەوانەی پاگەندە و دەنگۆیەک کە بۆی دەکرێت، وەک خۆپیشاندانی ساڵی ڕابردووی عێراق هەمەگر نەبووە. هەندێک لە سەر ئەو باوەڕەن کە ئەم بشێوییە بۆ تێکدانی ڕێوڕەسمی چلەی ماتەمین و پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق وەڕێخراوە و بێ شک ئەو پیلانە شکست دەهێنێت و چلەی ماتەمینی حسێنی شکۆمەندتر لە هەمیشە بەڕێوە دەچێت.

ئەوی لێرەدا گرینگە ئەوەیە کە هەندێک گرووپی سەرەکی شیعەی عێراقی و گرووپگەلی بەرخۆدان هەنگاوی باشیان لەوبارەیە هەڵگرتووە و هاوکاتی پاڵپشتی لە خود رێپێوانەکان، هەڵمەتی تێکدەرانەیان ئیدانە کردووە و هەروەها خوازیاری بیسترانی دەنگی خۆپیشاندەران لە لایەن عەبدولمەهدی و هەروەها پێدانی دەرفەت بەو بۆ ئەنجامدانی کاری پراتیگی لە پێناو سڕینەوەی گەندەڵی و بێکاری و ... بوونە. بە دڵنیاییەوە بە سازبوونی هەلومەرجێکی ئاوا و هەنگاوی بەرزی چلەی ماتەمینی ئەو بشێوییە بەزوویی کۆتایی پێ دێت، بەڵام پاشهاتەکانی درێژەی دەبێت و ڕەنگە پاش چلەی ماتەمین، خۆپیشاندانەکان لە شارێکی وەک بەسرەوە سەر هەڵداتەوە.

News ID 28697

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha