بەغدا – هەولێر و ئەگەری ڕێك كەوتن

حكومەتی هەرێمی كوردستانی تازە لە دایك بوو لە دوای پڕۆسەیەكی سەخت، سەرەتای كارەكانی بە سەردانێكی بەغدا دەست پێ كرد لە ئاستێكی بەرزدا بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و جێگرەكەی.

ئاژانسی هەواڵی مێهر،بەشی نێودەوڵەتی- شێرزاد ئێزدی: ئەم سەردانە دەستپێشخەرییەكی پۆزەتیڤانە و هەنگاوێكی پێویست بوو بۆ ڕەواندنەوەی ئەو ناكۆكییانەی كە لە نێوان هەردوولادا درووست بوون بە هۆی ئەنجامدانی پڕۆسەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی لە لایەن حكومەتی هەرێمی كوردساتەوە.

چاككردنەوەی پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەرێم، پێویستە بۆ دابینكردنی سەقامگیری و پەرەسەندن لەسەر ئاستی حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێمی كوردستان و ڕەنگە قۆناغی دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و لێكەوتەكانی باشترین بەڵگە بن لەو بارەوە لەبەر ئەو پشێوییەی كە هاتە ئاراوە و دەرەنجام كار گەیشتە بەریەككەوتنی سەربازی و دەری خست كە پەنابردنە بەر گفتوگۆ و دەستوور باشرین بژاردەیە.

دەستپێشخەرییەكەی حكومەتی هەرێم هەر لە دوای دەستبەكاربوونییەوە جێگە پێشوازی لێ كردن بوو لە نێوەندە سیاسییە جیاوازەكاندا لەسەر ئاستی كورد و عێراق بە گشتی، لە لایەكی دیكەشەوە هەلومەرجە خۆیی و بابەتییەكانیش بە شێوەیەك نییە كە ڕێگەخۆشكەر بێت بۆ سەركێشیی دیكە و وێرانكردنی تەواوی ئەو دەستكەوتە نەتەوەیی و دیموكراسییانەی كە پێشتر بە دەست هاتووە لە عێراق، لە لایەكی دیكەشەوە بەغدا دەبێت دەستبەرداری عەقڵییەتی خۆسەپێنی بێت و كار نەكات لەسەر بەكارهێنانی كارتی ڕیفراندۆم دژ بە كورد و پرسەكەی.

هەردوولا هەرێم و بەغدا پێویستیان بەوەیە كە متمانەی زیاتر بە یەك بكەن و زیاتر لێكتێگەیشتنیان هەبێت هاوشێوەی سەردەمی سەرۆكایەتیی سەرۆك مام جەلالی خوالێخۆشبوو. بێگومان خودی كەسایەتیی عادل عەبدولمەهدیی سەرۆكوەزیرانیش ڕۆڵێكی سەرەكیی هەیە لە باشتركردنی دۆخی پەیوەندییەكانی هەرێم و ناوەند بەو پێیەی كە ناوبراو بەوە ناسراوە كە كەسێكی میانڕەوە و دوورە لە بیری شۆڤێنییەوە، سەرباری ئەوەش شانازی دەكات بە پەیوەندییە مێژوییەكانی لەگەڵ كورد لە سەردەمی بوونی ئۆپۆزسیۆن دژ بە ڕژێم و هیچ كاتیش نكۆڵیی لەوە نەكردووە بەو پێیەی كە كوردستان پەناگەی سەرەكیی زۆرینەی سەركردە سیاسییەكانی عێراق بووە بە شیعە و سوننەوە. ئەرشیفی شۆڕشی كوردیش پڕیەتی لە وێنەی سەرۆكوەزیرانی ئێستا كە جلوبەرگی هێزەكانی پێشمەرگەی پۆشیوە.

لە ئێستادا عیبرەت ئەوەیە كە كار لە سەر تەواوكردنی ئەو لێكتێگەیشتنە سەرەتاییانە بكرێت كە لە نێوان بەغدا و هەولێردا هاتووه‌تە ئاراوە و هێندە پەرەی پێ بدرێت كە تا ترس و گومانی هەردوولا لە یەكدی بڕەوێنرێتەوە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی ناوەندی ڕێك بخرێتەوە بە پێی یاسا و دەستوور و دواجاریش پرسی ناوچە كێشەلەسەرەكان چارەسەر بكرێت لە ڕێگەی جێبەجێكردنی ماددەی ۱۴۰ی دەستووری عێراق كە تایبەتە بەو ناوچانە.

ژێدەر؛ میللەت پرێس

News Code 27997

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 9 + 4 =