فاتمە موعتەمێد ئاریا ئەکتەری ناسراوەی سینەمای ئێران لە وتووێژ لە گەڵ هەواڵنێری مێهر، سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی سێهەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی وتی: گەلی کورد، کوردستان و ناوچە کوردنشینەکان بۆ من گرینگییەکی تایبەتی بۆ من هەیە و تام و بۆنی خاکەکەی لە خەڵکەکەشیدا هەست پێدەکەی. خەڵکانێک کە ژیانیان ئاویتەی شادی، عەشق و مۆسیقا و گۆڕانی و هەڵپەڕکێیە و دژی ناحەزین؛ خەڵکانێکی بلیمەت و دڵاڤان و دڵاڤاییان بە سەر یەکە یەکەی میوانانی فێستیڤاڵەکەدا بەشییەوە.
وتیشی: ساڵی پێشوو لە کاتێکدا گەیشتمە هەرێمی کوردستان کە تەواو سنوورە ئاسمانییەکانی عێراق بەڕووی ناوچەدا داخرابوو، زۆربەی میوانانی بیانی نەیانتوانی بگەنە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی و کاتێک لە من پرسرا کە ئایا بەشداری فێستیڤالەکەیان دەبم یان نا؟ پێم وتن لە هەر رێگەیەکەور بێت خۆم دەگەیێنمە ئەو فێستیڤاڵە و ئەوسا لە رێگەی زەوینییەوە و بە شێوەیەکی تەواو پارێزراوە گەیشتمە سلێمانی و لە بوونم لەو فێستیڤاڵەدا زیاتر لە هەر فێستیڤاڵێکی نێونەتەوەیی فیلمی جیهانی چێژم برد.
ئەو ئەکتەرە بە ئەزموونەی سینەمای ئێران بە ئاماژە بە سەردانی لە شاری حەڵەبچە و شوێنەوارە مێژووییەکانی هەرێم و ئاشنایی لە گەڵ فەرهەنگ و ئەدەبی کوردی لە میانەی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی، زیادی کرد: ئەوەی کە زۆربەی فیلمە بەشداربووەکانی سێهەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بەرهەمی ساڵی ٢٠١٨ بوون و پێشتر بەشداری فێستیڤاڵە گرینگەکانی جیهانی ببوون و دەتدی کە چۆن سینەماگەرانێکی گەنجی کورد ئاوا بە دەستی پڕەوە بەشداری فێستیڤالەکە ببوون، بەلامەوە سەرنج ڕاکێش بوو.
داوەری بەشی "ئاسۆکانی" حەفتا و پێنجەمین خولی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی "ڤێنیز"ی ئیتالیا ئاماژەی بەوەش دا: زۆر خۆشحاڵم کە لە "ڤێنیز"ەوە کە کۆنترینی فێستیڤالە نێونەتەوەییەکانی فیلمی جیهانە، گەیشتمە فێستیڤاڵی نێونتەوەیی فیلمی "سلێمانی" کە یەکێکە لە گەنجترینی فێستیڤاڵەکانی جیهان؛ لە راستیدا سینەما تەواو سنوور و مەوداکان دەسڕێتەوە. کاتێک لە جێیەکدای کە فیلمی تێدا نمایش دەکرێت و باس و خواستی سینەمایی تێدا دەکرێت، ئیتر گرینگ نییە لە کوێی. گرینگ ئەوەیە کە فیلم و سینەما ڕۆحی هاوبەشی ئەم بنەماڵەیەن و بە دەوری کوانوویەکدا کۆمان دەکەنەوە. ئەوەیە کە گەلێ جار وەک قەرەجێک رێگەی ساخ و کوێستان دەبڕی بۆ بینییەوە هاوبنەماڵەیەکانت.
"سیمین"ی سینەمای ئێران سەبارەت بە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حەزم نەدەکرد سەفەرەکەیم لە هەرێمی کوردستان کۆتایی پێ بێت، لە گەڵ هاوڕییانی کوردم لەو ناوچەیەدا قسە و باسێکی زۆرمان بوو کە ئەگەر کرا لە رێگەی بەرهەمێکی هاوبەشەوە سەردانێکی دووبارەی هەرێمی کوردستان بکەم و زەمانێکی زیاتر لەوێدا بمێنمەوە. ڕاشیگەیاند: بە دڵنیاییەوە فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی لە شوێنێکدا بەڕێوە دەچێت کە پڕاوپڕە لە ئاوەز و زانست و هونەرمەندگەلێکی بەرز و لێهاتووی لێیە و فیلمەکانیان لە زۆر فێستیڤاڵی جیهانی بە هەند وەردەگیردرێت، ئەگەرچی هێشتا رێگەی تاقیکردنەوە و ئەزموونی تازەیان لەبەرە.
ئەکتەری فیلمی "ڕووسەری شین" لە درێژەدا ئاماژەی بە وەستانی پڕۆژەیەکی فیلمی کوردی بە دەورگێرانی ئەو لە بارەی بۆردومانی کیمیاییەوە کرد و هیوای خواست کە بتوانێ ڕۆڵێکی کەسایەتی کوردی لە فیلمدا بگێڕێت و وتی: لە هەرێمدا هەندێ توێژینەوەم کرد و کۆمەڵێک شتم لەبارەی ژنە خەباتگێرێکی حەڵەبچەییم کۆکردەوە و زۆر حەز دەکەم لە گەڵ توێژینەوەی هاوڕییانی دیکەم لە ئێراندا بەراوەردیان بکەم و ئەگەر کرا فیلمێک یان زنجیرە درامایەکی باشی لێ دەربێنین.
موعتەمێد ئاریا لە کۆتاییدا سەبارەت بە پێگە و گرینگیی فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی سلێمانی ڕایگەیاند: فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی لە ناوچەدا و هەمبەر بە فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی فەجری ئێران و فێستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی ئەنتالیای تورکیا، فێستیڤاڵێکی گەنجە ئەگەر ئەم فێستیڤاڵە بتوانێ لە ئەزموونی فێستیڤاڵەکانی دیکە بەهرە ببات، بێ شک دەتوانێ لە داهاتوودا فێستیڤاڵێکی زۆر دەوڵەمەند و لێهاتووتر دەرکەوێت.
Your Comment