بە ڕاپۆرتی ئاژانسی مێهر، دەوڵەتی تورکیا لە درێژەی سیاسەتە ئاژاوهگێڕانهکانی خۆی لە ناوچەدا دەستی داوەتە جێگیرکردنی ژمارەیەک هێز و جیهازاتی قورسی سەربازیی خۆی لە هاوێری شاری مووسڵ بەناوی ڕاهێنان و مەشق پێکردن بە هێزەکانی کورد بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش.
ئەم کردەوەی تورکیا ڕووبەڕووی کاردانەوەی توندی بەرپرسانی عێراق و دراوسێیهکان و کۆمکاری عەرەبی بۆتەوە، هەر لەم پێناوە دیمانەیەکمان لە گەڵ "سادق مەلەکی" کارناسی باڵای پرسەکانی ناوچە ساز داوە کە لە خوارەوە دەیخوێننەوە:
* هۆی سەرەکی جێگیربوونی هێزەکانی تورکیا لە نزیکی مووسڵ لە چیدا دەبینن؟
ـ تورکیا لە ستراتژیی باڵای خۆی هاوکێشەکانی دوای ڕووخانی سەدام حسێن لە بەرژەوەندیی خۆیدا نابینێت و گەورەترین کێشەی تورکیا لە ئێستادا ئەوەیە کە دەیەوێ بە هەر چەشنێک بێت، تەنانەت لە رێگەی دەستدرێژی بۆ سەر خاکی عێراق و ئاژاوەنانەوە لەو وڵاتە هاوکێشەکان لە بەرژەوەندیی خۆیدا بشکێنێتەوە. چوونی هێزەکانی تورکیا بۆ ناو خاکی عێراق ناچێتە ژێر هیچ چوارچێوەیەکی نێودەوڵەتی و تێکرای کاربەدەستانی عێراقی ئەو کارە شەرمەزار دەکەن و خوازیاری دەرچوونی هێزەکانی تورکیا لە باکووری عێراقن.تورکیا هۆی چوونی هێزەکانی بۆ باکووری عێراق گرێ داوەتەوە بە ڕاهێنان و مەشق پێکردنی هێزەکانی ههرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش. ئەمە پاساوهێنانەوەیەکی درۆیینە، چونکا زانیارییە بڵاوکراوەکان لە لایەن ڕووسیا و زۆرینەی دژبەرانی دەوڵەتی تورکیا لە ناوخۆی ئەو وڵاتە، پشتیوانیی دەوڵەتی تورکیا لە داعشیان سەلماندووە. پێدەچێت کە تورکیا دەیەوێ بەم بیانووە داعش وەک دەرفەت و بیانوویەکی دیکە بۆ خۆی بپارێزێت. لە ستراتژی باڵادا تورکیا دەیەوێ باڵ بە سەر عێراق و سووریادا بکێشێت و لەو پێناوە هەموو دهفرایهتییه پێویستهکان بهکاردێنێ، کە نموونەی ئەو سیاسەتانە لە کردەوەی وەک پەنادان بە هاشمی، بە ڕوونی دەردەکەوێت. یان لەويش گرینگتر کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستان لە عێراق بە بێ هاوئاهەنگی لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی نموونەی بەرچاوی ئەو سیاسەت و ستراتژییانەیە.
* بە ئاوردانەوە لە بارودۆخی ئێستادا ئامادەبوونی تورکیا لە هاوێری مووسڵ تا چەندی دیکە درێژە دەخایێنێت؟
ـ بە ئاوردانەوە لە کاردانەوەی تووندی کاربەدەستان و جەماوەری عێراقی و ناڕەزامەندیی وڵاتانی دراوسێ و لەوان ئێران و وڵاتانی عەرەبی و کۆمکاریی عەرەبی و ڕووسیا، پێدەچێت کە تورکیا لە بارودۆخێکی دژواردا بە سەر دەبات و درێژەدان بەو ئامادەبوونەی لە عێراق دوورە لە زەین. تورکیا لە ساڵانی ڕابردووش بە بیانووی شەڕ لە گەڵ گرووپی پەکەکە چەندین جار چۆتە ناو خاکی عێراقەوە کە کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان و لەوان خودی ئەمریکا، ئەو وڵاتەی ناچار لە دەرچوون لە خاکی عێراق کردووە. بەڵام لەم دواییانە بە ئاوردانەوە لە گۆڕانکارییەکان جۆرێک هاوئاهەنگی لە نێوان ئەنقەرە و هەرێمی کوردستان بە تایبەت لایەنی بارزانیدا ساز بووە. پێدەچێت چوونی هێزی سەربازیی تورکیاش بۆ ناو خاکی عێراق بە پێی هاوئاهەنگی و جۆرێک ڕەزامەندیی هەرێمی کوردستان بووبێت. هەرێم دەیەوێ لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوو لە شانی تورکیا بێت و یەکێک لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوو هەنگاونانەوەی خێرای هەرێم لە بواری سەربەخۆییە. گەرچی سەربەخۆیی کوردستان کاتێک هێڵی سووری ئەنقەرە بووە، بەڵام پێدەچێت کە تورکیا لە ئێستادا پشتیوانی لە کوردە سوننەکانی عێراقی لە بری ڕووبەڕووبوونەوە لە گەڵ دەوڵەتێکی بە هێزی شیعە لە ناوەندی ئەو وڵاتەی بە لاوە گونجاوتر بێت. لەمناوە ئەو، کوردەکان بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێت و دەست داگرتن بە سەر ئەو بەشە لە خاکی عێراق کە بە دەستی کوردەکانەوەیە بە لایەوە گونجاوترە لە عێراقێکی یەکگرتوو. هەر بۆیە دەبێ ناوەڕۆکی سەرەکیی ئامادەبوونی تورکیا لە باکووری عیراق لەم دەلاقەوە لێکدرێتەوە.
تا کاتێک کە عێراق بە دەستی سەدامەوە بوو، تورکیا هیچ هەڵوێستێکی لە هەمبەر ئەو وڵاتەدا نەبوو، بەڵام لە گەڵ ڕووخانی سەدام و گواستنەوەی دەسەڵات بۆ شیعەکان، ئەو هاوکێشەیە بە زیانی تورکیادا شکاوە و بە پێی لێکدانەوەی تورکیا ژێئۆپۆلێتیکی ناوچە لە بەرژەوەندیی ئێران بووە، کەواتە لە ماوەی ئەم ساڵانەدا تورکیا بەردەوام لە پێناو گۆڕینی ئەو هاوکێشەیە هەوڵی داوە.
* ئایا هەوڵ بۆ دابەشکردنی عێراق هیچ دەرئەنجامێکی بۆ خودی تورکیا بە دواوە نابێت؟
ـ ئەمە دژوازییەکە بۆ تورکیا و دەتوانێ هەم دەرەنجامی ئیجابی و هەمیش دەرئەنجامی نەرێنیی وەک داعش کە لە لایەن تورکیاوە پشتیوانی لێدەکرێت، بۆ ئەو وڵاتە بە دواوە بێت. بەڵام لە هەمان کاتدا پشتیوانی لەو گرووپە تیرۆریستییە هەندێ دەرئەنجامی بۆ تورکیا بە دواوە بووە. لە ئێستادا پێدەچێت کە تورکیا دەیەوێ لە سونگەی ناوخۆییەوە بە پشتیوانی لە پارتی و بارزانی لە عێراق، پەرە بە دژایەتیی نێوان ئەوان و پەکەکە یان کوردەکانی تورکیا بدات و لەو هەلە لە بەرژەوەندیی خۆی کەڵک وهرگرێت و لە کوردەکانی هەرێم لە پێناو لاوازکردنەوەی کوردەکانی سووریا و ناوخۆی تورکیا بەهرە وەرگرێت. لە سونگەی سیاسەتی دەرەوەییش تورکیا دەیەوێ بە ڕاکێشانی لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بۆ لای خۆی، لەوان بۆ لاوازکردنی دەوڵەتی شیعەی بەغدا کەڵک وەرگرێت.
یەکێک لە دەرکەوتە گرینگەکانی گۆڕانکاری عێراق نزیکی و هاوڕێی کورد و شیعە بووە کە ئەم هاوکێشەیە بە هاتنی تورکیا و عەرەبستان تا ڕادەیەکی زۆر گۆڕانی بە سەردا هاتووە. خودی ئەردۆغان زەمانێک ڕایگەیاندبوو کە هێڵی سووری تورکیا سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە. بەڵام ساڵێک دواتر جێگری سەرۆک وەزیرانی تورکیا ڕایگەیاند کە سەربەخۆیی کوردستانی عێراق پرسێکی ناوخۆیی عێراقە و بەمشێوە بەربەستە دەروەییەکانی بەردەم سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لابرا. لە ڕوانگەیەکی ئایینیی زاڵ بە سەر سیاسەتی دەرەوەی تورکیاش، بە ئاوردانەوە لەوەی کە زۆربەی کوردەکانی باکووری عێراق سەر به ئایینی سوننەن، ئەنقەرە کوردەکانی عێراق بە پاشماوەی عوسمانیی دەزانێت. هەڵبەت تێکرای ئەمانە دەتوانێ وەهم و گومان بێت، چونکا مومکینە لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم سەربەخۆیی ههرێمی کوردستان، دەرئەنجامی نەشیاوی لە سەر کوردستانی تورکیا بێت. بەڵام لە ئێستادا تورکیا لە دەلاقەیەکی تاکتیکی و قۆناغمەندەوە لەو گۆڕانکارییانە دەڕوانێت و ناجێگیربوونی گۆڕانکارییەکانی ناوچە دەتوانێ دەرئەنجامی زۆر قورسی بۆ تورکیا بە دواوە بێت، بە چەشنێک کە ڕەنگە لە ئاکامدا ببێتە هۆی دابەشبوونی تورکیاش.
* ئایا دەکرێت ئامادەبوونی تورکیا لە عیراق و ئاڵۆزی نانەوەی ئەو وڵاتە کە بە گشتی لە بەرژەوەندیی رۆژئاوایە، بە بێ هاوئاهەنگی لە گەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانی بووبێت و لامان وابێت کە تورکەکان لە دەرئەنجامەکانی ئەو کارەیان بێئاگا بوون؟
ـ تورکیا بێئاگا نییە، بەڵام مومکینە فێڵی لێبکرێت. ئامادەبوونی رۆژئاواییەکان لە ناوچەدا لە ڕابردووش ئاکامی باشی بۆ ناوچە لێ نەکەوتووەتەوە و دەرئەنجامی زۆر دزێوی بە دواوە بووە. زۆربەی قەیرانەکانی ناوچە بەرهەمی هاتنی رۆژئاواییەکانە. کارێک کە ئێستا ئەردۆغان لە ناوخۆ و لە سیاسەتی دەروەی تورکیا دەیکات، جۆرێک قیراننانەوەیە. لە ساڵی ٢٠٠٨ەوە تەواو سیاسەتە ناوخۆیی و دەرەوەییەکانی ئەردۆغان جۆرێک قەیراننانەوە بووە. لە لایەکەوە ترس لە قەیران لە ناوخۆی تورکیا، بۆتە هۆی یەکگرتنەوەی لایەنگرانی پارتی دەسەڵاتداری ئەو وڵاتە و لە سیاسەتی دەرەوەش خۆبواردن لە گرژی و ئاڵۆزی لە گەڵ دراوسێکان، جێی خۆی داوە بە گرژی و توندوتیژی بۆ وێنە لە گەڵ هاوڕێیانێکی وەک ئێران. تورکیا بە قەیراننانەوە لە ناوچەدا دەیەوێ بەرژەوەندیگەلێک بۆ خۆی دەستەبەر کات و ئاوردانەوە لە سیاسەتەکانی ئەنقەرە لە سووریا و عێراق سەلمێنەری ئەو راستییەن. تەنانەت هەڵەی ستراتژیکی تورکیا لە کردنە ئامانجی فرۆکەی شەڕکەری سووخۆی ڕووسیاش بە پێی هەمان ستراتژی بووە. دەرئەنجامی سیاسەتی قەیراننانەوە لە لایەن تورکیا و هەوڵ بۆ رێبەرایەتیی ئەو سیاسەتە، دەتوانێ ببێتە هۆی ئامادەبوونی زلهێزەکانی جیهانی لە ناوچەدا، کە لە ئاکامدا ئەو ئامادەبوونە بە قازانجی هیچکام لە وڵاتان و نەتەوەکانی ناوچە نییە.
* ئایا هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە سەر پەیوەندییەکانی تورکیا و پەکەکە کاریگەری دانێت؟
ـ هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی خۆی خاوەن دەسەڵاتی مانۆردانێکی زۆرە، بە ڕادەیەک کە بە بێهاوئاهەنگی لە گەڵ بەغدا خەریکی فرۆشی نەوت بە تورکیایە و هەروەها لە هەندێک لە پڕۆژەکاندا مامەڵەگەلێکی لە گەڵ تورکیا بووە کە بایەخی ئەوان دەگاتە نزیک بە ١٠ میلیارد دۆلار. ئەو تەنگەژەیەی کە هەرێمی کوردستان بۆ پەکەکەی دروست کردووە، راستییەکی حاشاهەڵنەگرە، یان تەنانەت هێرشی ئاسمانیی تورکیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە باکووری عێراق زۆرتر بە هاوئاهەنگیی هەولێر ئەنجام دراوە تا بەغدا. گەرچی ئەو توانستە لە گەڵ توانستی دەوڵەتانی ناوچە جێی هەڵسەنگاندن نییە، بەڵام هەر ئەم توانست و دەسەڵاتە زیاتر لەوەی لە بەرژەوەندیی هەرێم بووبێت، کۆمەڵێک دەرفەتی بۆ تورکیا ڕەخساندووە. هەر ئەوەی کە هەرێم بۆتە هۆی لاوازبوونەوەی دەوڵەتی ناوەندی عێراق لە خۆیدا دەرفەت و هەڤیازییەکە بۆ تورکیا. یان هەر ئەوەی کە هەرێم بەرژەوەندییەکانی لە پێناو پەکەکە نییە و تەنانەت گەلێ جاریش هەرێم لە دژی پەکەکە بووە، دەرفەت و هەڤیازییە بۆ تورکیا. یان نەبوونی هاوئاهەنگیی و هاوتەریبیی هەرێم لە گەڵ کوردەکانی باکووری سووریا، هەمدیسان دەرفەت و هەڤیازییە بۆ تورکیا. سەرجەم ئەمانە ئەو مەودایانەن کە ئەنقەرە لە نێوان کوردەکاندا خستوویەتییەوە و بە قازانجی خۆی بەهرەی لێوەردەگرێت.
* لە دوای ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی نێوان تورکیا و ڕووسیا، ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو کە سەرچاوەکانی دابین کردنی وزەی خۆی بەربڵاوتر دەکاتەوە و جێگرەوەیەک بۆ هاردەی وزە لە بری ڕووسیا دەستەبەر دەکات و چێتر حەوەجێی بە ڕووسیا نابێت، ئایا ئەم شتە لە کورتەمەودادا مومکینە؟
ـ یارییەکی ئاڵۆز لە ناوچەدا بەڕێوەیە، ئێستا یان ئەردۆغان لەو یارییە ئاڵۆزە نەگەیشتووە، یان خۆیشی بەشێک لە یارییەکەیە. هەڵوێستەکانی ئەردۆغان لە ساڵانی ڕابردوو لە ناوچەدا بە گشتی لە بەرژەوەندیی رۆژئاوا و ڕەژیمی ئیسرائیل بووە. لە ئێستادا ڕووسیا بە دوای داخستنی فرۆکە شەڕکەرەکەی لە لایەن تورکیاوە، بە دوای تۆڵەئەستاندنەوە لەو وڵاتەیە. ئەو وتەیەی کە ئەردۆغان دەیڵێت کە ئێمە بە دوای گۆڕینی سەرچاوەکانی دابین کردنی وزەوەین، زۆرتر وەک پڕۆپاگەندەیەکی سیاسی دەچێت. سەرچاوەکانی وزە بابەتێک نییە کە لە ماوەی رۆژێک یان لە چەند مانگدا بگۆڕدرێت. بابەتێکی لەو چەشنە پێویستی بە ژێرخانێکی بەربڵاو هەیە کە چێکردنیان چەندین ساڵ درێژە دەخایێنێت. بابەتی وزە بابەتێکی ئاڵۆزە و تێبینییە سیاسییەکانی زیاترن لە تێبینییە ئابووری و تەکنیکییەکانی. لە لایەکی دیکەوە هیچکام لە وڵاتانی دراوسێ توانستی بە جێگرەبوون لە بری ڕووسیا وەک سەرچاوەیەکی دەوڵەمەند بۆ وەزەیان نییە، چونکا ٥٦ لە سەدی گازی تورکیا لە رێگای ڕووسیاوە دابین دەکرێت. کەواتە ئەو ئیدعایەی ئەردۆغان زیاتر پڕۆپاگەندەیەکی سیاسییە بۆ هێورکردنەوەی فەزاکانی دژی خۆی لە ناوخۆی تورکیا و لە ناوچەدا. هەروەها ڕەنگە بیەوێ بەو ناونیشانە هەڵەیە ئێران و ڕووسیا لە سووریادا بە لارێدا ببات و بە دڵنیاییەوە ئێرانیش ئاگاداری ئەو پیلانەیە.
* ناکۆکییەکانی ئەم دواییەی ڕووسیا و تورکیا تا چ ڕادەیەک دەتوانێ کاریگەری لە سەر پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ناتۆدا دابنێت؟
ـ تورکیا بۆ ناتۆیە، نەک ناتۆ بۆ تورکیا. تەنانەت هەندێ ئەندامانی ناتۆ خوازیاری دەرکردنی تورکیا لەو ڕێکخراوەیە بوون کە ئەم بابەتە نیشاندەری پێشینەی زەینی هەندێک لە ئەندامانی ناتۆ لە هەمبەر تورکیایە. بەشدارکردنی تورکیا لە ناتۆ خەڵاتی ئامادەبوونی تورکیا لە قەیرانی کوریا بووە کە پاش ئەوە تورکیا وەک بەرەی باشووری ناتۆ لە بەرامبەر پەیمانی وەرشۆ دیاری کرا. واتە تورکیا بووە قەڵغانی پاراستنی ناتۆ و ئەورووپا. بڕواناکەم کە ناتۆ سەرمایەدانەرییەکی قورس لە سەر تورکیا بکات. لەو ڕووداوەش گەرچی ناتۆ پشتیوانی لە تورکیا کرد، بەڵام بە شێوەی ناڕاشکاوانە خوازیاری چارەسەریی ناکۆکییەکانی نێوان ئەنقەرە و مسکۆ لە رێگەی ئاشتەواییەوە بوو. لە ڕەوتی ناکۆکییەکانی نێوان یۆنان و تورکیاش ناتۆ زۆرتر پاڵپشتی یۆنان بوو. هەر بۆیە لە زەین بە دوورە کە ناتۆ لە پێناو تورکیا لە دژی ڕووسیا هەڵوێست بگرێ، مەگین ئەوەی کە گۆڕانکارییەکانی ناوچە ئاڵۆزتر بێتەوە و بەرژەوەندیی ستراتژیکی ناتۆ لە ناوچەدا بکەوێتە مەترسییەوە.
* ئێوە گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە و ناکۆکییەکانی نێوان ئێران و تورکیا دوای لێدوانەکانی ئەردۆغان سەبارەت بە پەیوەندیی تەلەفۆنی لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئێران چۆن لێکدەدەنەوە؟
ـ لێدوانەکانی ئەردۆغان سەبارەت بە ئێران زۆرتر لە تەنزێکی تاڵ دەچێت، لە لایەکەوە ئەو بابەتە نیشان دەدا کە ئەردۆغان لە جەغزی هاوسەنگییەکان چووەتە دەرێ و هەروەها نیشان دەدا کە ئەو دوور کەتۆتەوە لە ڕەوشتی سەرۆک کۆماری و ئەو پۆستەی کە پێی سپێردراوە. ئەردۆغان وتوویەتی کە دەوڵەتی ئێران لە سەر بنەمای درۆ و بۆختان دامەزراوە، لە کاتێکدا کە خود ئەردۆغان نموونەی بەرچاوی درۆ و بۆختانە. یارمەتیی داعش و حاشالێکردن لەو یارمەتییانە و پاشان ئاشکرابوونی لە لایەن دژبەرانی ناوخۆیی و ڕووسیا، سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە سیاسەتەکانی ئەردۆغان بە پێی درۆ و دەلەسە بنیات نراوە. تەنانەت گەر لە دانوستانەکانیش، قسەیەکی لەو چەشنە لە نێوان ڕۆحانی و ئەردۆغاندا ئاڵوگۆڕ کرابێت، کە من دوور لە زەینی دەبینم کە بەڕێز ڕۆحانی ئیزنی جەسارەتێکی لەو چەشنەی بە ئەردۆغان دابێت، بڵاوکردنەوەی وردەکاریی دانوستانە سیاسییەکان بۆ دەرەوە، کردەوەیەکی نەشیاو و نائاساییە و درکاندنی وردەکاریی دانوستانە سیاسییەکان سەلمێنەری پابەندنەبوونی ئەردۆغان بە ڕەوشت و دابونەریتەکانە.
Your Comment