ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: سەید عەباس مووسەوی نوێنەری بزووتنەوەی نۆجەبای عێراق لە ئێران، هاوکات لەگەڵ سیوشەشەمین ساڵوەگەری ڕەحڵەتی ئیمام خومەینی(رە)، لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری ئاژانسی مێهر، سەبارەت بە پێگەی ئیمام خومەینی(رە) لای ڕایگشتیی عێراق و ڕۆڵی لە بەرەی بەرخۆداندام وتی: ئیمام خومەینی کاتێک لە 17ی خەرمانانی 1344ی هەتاوی تاراوەی عێراق کرا، کاریگەرییەکی زۆری لە دڵی ئیماندارانی عێراق و بە تایبەت خوێندکارانی ئایینی و زانایانی چالاکی ئەوێ دانا و توانی بۆشاییەکی گەورە لەم وڵاتەدا و بەتایبەت لە حەوزەی ئایینی نەجەفدا پڕ بکاتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئیمام خومەینی هاوکاتی ئەوەی مەرجەعێکی ئایینی و مامۆستا فەلسەفە و عیرفان بووە، باوکێکی مەعنەویش بۆ ئیمانداران، خەباتگێڕێکی بوێر و کۆڵنەدەر لە بەرامبەر ستەمکاران بوو و وتیشی: بەڕیزیان سەرەڕای هەلومەرجی دژواری ئەوکات، هیچکات پەیوەندیی لەگەڵ کۆمەڵگا و نیشتمان نەپچڕاند و ئەوم پەیوەندییە باشترین بەرهەم و دەسکەوتی لێ کەوتووە کە ڕووخانی حکوومەتی ئەمریکایی شای پاڵەوی و سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەشێک بوو لەو دەسکەوتانە.
مووسەوی لە درێژەدا لایەنی مەرجەعییەتی ئیمام خومەینی بە نیسبەتی زانایان و مەرجەعییەتەکانی تر جیاواز وەسف کرد و ڕایگەیاند: ئیمام خومەینی هاوکاتی ئەوەی مەرجەعێکی گەورە و کۆگر بوو، بەڵام خۆیان بە وانە و وانەوتنەوەی حەوزەیی نەدەبەستەوە و بە هۆی وردبینیی کۆمەڵناسانە، سیاسی و لە کاروباری ئۆمەی ئیسلامیدا بە ئاگا و شارەزا و پسپۆڕی پووچەڵکردنەوەی پیلان و ئاژاوەی دوژمنان دژی ئیسلام و موسڵمانان بوو. هەر بۆیە دەکرێ بڵێین ئیمام قەڵایەکی پۆڵایین و بەرز بوو لە بەرامبەر پیلانی دوژمنان.
نوێنەری نۆجەبای عێراق لە ئێران بە ئاماژە بە هەڵدانی دروشمی "بەرگری لە چەوساوان و شەڕ لە دژی ستەمکاران" لە لایەن ئیمام خومەینی کە بە کردار و هەنگاوە کردەییەکانی خۆی ئەم دروشمەی بۆ هەمووان وێنا کرد، ڕاشیگەیاند: خەڵکی عێراق بەردەوام بەڕێزەوە لە ئیمامی کۆچکردوو دەڕوانن و وەک هێمای گەورەی ئیسلامی و ڕێبەرێکی گەورە سەیری دەکەن و ئەم باوەڕەیان بەرە بە بەرە لە باوکەوە بە کوڕ گەیشتووە و بۆتە نمانەی هەموو بەرەکان، بە چەشنێک کە ئەوڕۆکە زۆربەی زانایان و جیهادگەرانی عێراقی خۆیان بە قوتابیی قوتابخانەی ئیمام خومەینی دەزانن.
سەید عەباس مووسەوی لە درێژەدا ئیمام خومەینی بە باوکی بەرەی بەرخۆدان ناسی، و جەختی کرد: ئیمام خومەینی کەڵکەڵەی بەرەنگاربوونەوەی ستەمکاران و پاڵپشتی لە چەوساوانی بوو و لەو ڕێگەدا تووی جیهادی چاند و جوگرافیای بەرخۆدانی بنیات نا و تەورەکانی بۆ داڕشت. ئێستاکەش سەرکەوتنە گەورەکانی ئێمە و جیهان بە ئاراستەی حزبوڵڵا، بەرهەمی ئەو تووەیە کە ئیمام خومەینی (رە) چاندی. کەواتە بەرەی بەرخۆدان لە لایەن ئیمامەوە دامەزرا و دڵنیام هەر ئەو بەرەیە ڕێخۆشکەری سەرهەڵدانی ئیمام مەهەدی(عج) دەبێت.
Your Comment