ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: گۆڤاری لانگوار ژۆرناڵی ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ڕوانیویەتییە ڕێککەوتنی دەوڵەتی کاتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکراتیک سەبارەت بە ڕادەستکردنی کۆنتڕۆڵی بەنداوی ستراتژیی تەشرین بە دەوڵەتی ناوەندی سووریا؛ ڕێککەوتنێک کە لە لایەن میدیا فەرمییەکانی سووریا و سەرچاوە خۆجێیەکانی کوردی پشتڕاست کراوەتەوە و پێدەچی ئەم گۆرانکارییە گرنگە خاڵی کۆتایی ناکۆکی و پێکدادانی نێوان هێزە ڕکابەرەکان لەو ناوچەیە بێت.
گرنگیی ستراتژیکی بەنداوی تەشرین
بەنداوی تەشرین لە سەر ڕووباری فورات لە باکووری سووریا نە تەنیا یەکێکە لە گەورەترین دامەزراوە کارەبا-ئاوییەکانی ئەو وڵاتە، بەڵکوو لەباری ژێئۆپۆلیتیکیشەوە ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە گرێدانەوەی ناوچە ژێر کۆنتڕۆڵەکانی هەسەدە بە ناوچە ژێر کۆنتڕۆڵەکانی سوپای نیشتمانی سووریای پاڵپشتکراوی تورکیا و دەوڵەتی نوێی دیمەشق.
ئەم بەنداوە لە ماوەی چوار مانگی ڕابردوو ببووە شوێنی بەرەنگاربوونەوەی سەربازیی ملیشیا پاڵپشتکراوەکانی تورکیا و هەسەدە.
ڕەوتی ڕێککەوتن و ڕەهەندەکانی
پاش ڕێککەوتنی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و دەوڵەتی کاتی دیمەشق بۆ ئیدارەی هاوبەشی بەنداوی تەشرین و ڕادەستکرانی کۆنتڕۆڵی ئەمنی و تەکنیکیی بەنداوەکە لە لایەن هێزەکانی دەوڵەتی ناوەندی و هەروەها پاشەکشێی هێزەکانی هەسەدە لە ناوچەی هاوێری ئەو بەنداوە، لە بەراوری 14ی ئایپرێل وەفدیکی وەزارەتی بەرگری سووریا بە سەرپەڕەشتی فەریق عەواد محەمەد، فەرماندەی یەکەی 60، سەردانی بەنداوی تەشرینی کرد و بڕیار درا کە ڕادەستکرانی بەنداوەکە بە دەوڵەتی ناوەندی بەپێی خشتەی زەمانییەکی وردبینانە ئەنجام بدرێت.
ڕۆڵی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی
ئەگەرچی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرکردایەتی ئەمریکا تا ئێستا لەوبارەیەوە هیچ ڕاگەیاندنێکی فەرمیی نەبووە، بەڵام ڕاپۆرتەکان باس لە سەردانی وەفدێک لە هاوپەیمانی لەگەڵ نوێنەرانی دیمەشق و هەسەدە لە 12ی ئایپرێل لە بەنداوی تەشرین دەکەن. هاوکات "المیادین" لە پەرەسەندنی گەشتی کۆپتەرەکانی هاوپەیمانی لە ئاسمانی ئەو ناوچەیە هەواڵی داوە.
هەر بۆیە شرۆڤەگەران لەو باوەڕەن کە ئەم گۆڕانکارییە دەتوانێ بە واتای یەکەمین نیشانەی فەرمیی ڕادەستکرانی پەیتایی ناوچەی ژێر کۆنتڕۆڵی هەسەدە بە دەوڵەتی ناوەندی بێت.
دوورنوێنی داهاتوو
ئەگەرچی ڕێککەوتن لە سەر بەنداوی تەشرین دەتوانێ ببێتە هۆی دابەزینی ناکۆکییە مەیدانییەکانی نێوان هەسەدە و سوپای نیشتمانی سووریا و هێزەکانی دەوڵەتی، بەڵام پرسیاری بنەڕەتی هێشتا لەجێی خۆیەتی: ئایا ئەم ڕێککەوتنە پێشەکییەکە بۆ ئاوێتەبوونی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لە پێکهاتەی ئەمنیی دەوڵەتی دیمەشق، یان تەنیا هەنگاوێکی تاکتیکییە بۆ کۆنتڕۆڵی ناکۆکییە کاتییەکان و پێناسەی دووبارەی کۆنتڕۆڵی ناوچەگەلی ستراتژیکی؟
یان لە لایەکی رەوە، هەندێک سەرچاوەی ئەمنی ناوچەیی هوشداریان داوە کە ڕادەستکردنی ئەم بەنداوە بە دیمەشق، بەبێ چوارچێوەیەکی ڕوونی چاودێری و گەڕەنتی نێودەوڵەتی، ڕەنگە لە ئەنجامدا ببێتە هۆی دزەکردنی هەندێک ئەکتەری بیانی و لەوان تورکیا لە باکووری سووریادا.
Your Comment