ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی گەشتیار: کوردستان ناوی پارێزگایەکە لە ڕۆژئاوای ئێران؛ شوێنێک کە زۆربەی کوردانی ئێران تێیدا دەژین. ئەگەر ئاوڕێک لە ئەدەبی زارەکی و مێژووە نافەرمییەکان بکەین، دەبینین کە پێشینەی کورد دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ بەر لە هاتنی ئیسلام؛ لە چاخەکانی گوتیوم، کاردا، بیت قاردۆ، کاردۆخ و کوردۆئێنە. کەچی بەوەشەوە بۆ یەکەم جار لە سەردەمی سەلجووقییەکاندا بە فەرمی چەمکی کوردستان بەکار هێنراوە.
ئەوی لێرەدا سەرەڕای پێشینەی شارستانییەتی دێرین و کەونارایی کوردەکان جێی سەرنجە، دابونەریت و فەرهەنگی فرەچەشنیانە و هێشتاش زیندووە و لە تووناتوونی ژیانی ڕۆژانەی ئەو گەلەدا بەرچاوە و یەک لەو دابونەریتانەش نەورۆزە.
میری پێکەنین لە بەهاری کوردستان
یەکێک لە دابونەریتە جێیسەرنج و کەمتردیتراوەکانی نەورۆز لای کوردەکانی ئێران، ڕێوڕەسمی میری نەورۆزی یان کۆسەگەردییە. ئەو نمایش پێکەنینهێنەر و هێمایینە، لە ڕابردوودا لە جێ جێی کوردستاندا بەڕێوەچووە و ئێستا بە هەڵکەوت لە چەند گوندی هاوێری مەهاباد و ئەویش لە یەکەم چوارشەممەی ساڵدا دەبیندرێ و بەڕێوە دەچێت.
لەو ڕێوڕەسمەدا کەسێک وەک "میر"ی نەورۆزی هەڵدەبژێردرێت و بۆ ماوەیەکی کەم و بە گەڵتە و بە شێوەی هێمایین کاروباری پێ دەسپێدردرێت. ئەو بە ڕواڵەتێکی سەیروسەمەرە و کرداری زێدەڕۆیانە، فەرمان دەدا و دەدوێ و خەڵکی دەخاتە پێکەنین.
ڕوویەکی تری ئەو ڕێوڕەسمە، ئایینی کۆسەگەردی یان کۆسەوەوییە؛ جەژنێکی سەرشەقامی کە تێیدا تاقمێک لە گوندنشینان بە دەمامکی پێکەنینهێنەر و جلوبەرگی تایبەتی، بە کۆمەڵ ڕێدەکەون و ئاواز دەخوێنن و وێڕای کۆسە و وەوییەکەی ماڵەوماڵ دەکەن.
کەسایەتی کۆسەش بە قسە و جووڵەی خەڵکی دەخاتە پێکەنین، بەڵام لە لابەلای گفت و لفتی گاڵتەجارانەی، جار هەیە قسەیەکی قووڵ و کاکڵەداریش دەڵێت و ئەو بە زمانی تەنز و گەمە، ئاماژە بە ژان و تاڵییەکانی کۆمەڵگا دەکات؛ بێ ئەوەی دڵی کەس بیەشێنێت.
هەڵپەڕکە و ئەفسانە لە نێوان ئاگرەکاندا
"هەتەری، مەتەری" یەکێکی تر لە ڕەسمەکانی نەورۆز لە کوردستان و تایبەت بە منداڵانە. منداڵان لە یەکەم ڕۆژەکانی نەورۆزدا شاڵ یان کیسەیەک لە سەربانانەوە شۆڕ دەکەنەوە و بەدەم "هەتەری، مەتەری" یان "هەلاوە مەلاوە"وتن لە خاوەنماڵان دیاری و شیرینی وەردەگرن؛ ڕەسمێکی کۆن کە لە خۆیدا هێمای دۆستی، هیوا و دڵاواییە لە سەرەتای ساڵی نوێدا.
لە کوردستاندا، گەلێ جار لە بری ئاگری چوارشەممە سووری، لە یەکەم ڕۆژی نەورۆز ئاگر دەکەنەوە و خەڵکی بەدەوری ئاگردا بە جڵوبەرگی ڕەنگاڵە و بەدەم دەفژەندنەوە، هەڵدەپەڕن و بە شادی و خۆشییەوە بە پێشوازیی ساڵی نوێ دەچن. ئەو ئاگرانە هەندێ جار لە سەربانان یان لە گۆڕەپانەکان و یان لە بەرزایی شاخەکاندا دەیکەنەوە و ئاگر لێرەدا بۆ خەڵکی کورد هێمای ئاشتی، ڕۆشنایی و دەسپێکێکی نوێیە.
سەبارەت بە نەورۆز ڕاز و ئەفسانەگەلێکی تایبەتی لە کوردستاندا هەیە. یەک لەوان ڕیوایەتێکی ئوستوورەیی بە ناوی کی موورس (یان کیومەرس)ـە. کەسایەتییەک کە وەک دەڵێن چوار هەزار ساڵ بەر لە زایینی مەسیح لە کوردەواریدا ژیاوە و لەو ڕیوایەتەدا بۆ ڕزگاریی گەلەکەی لە ئەهریمەن، ڕاپەڕیوە.
بەر لەو شەڕە، کی موورس بەڵێنی دەدا کە ئەگەر سەرکەوێت، بە سەر چیاکانەوە ئاگر دادەگیرسێنێ، بۆوەی هەواڵی سەرکەوتنی بە هەموان بگا و مۆڵەتی گەڕانەوە بە سوپاکەی بدات. بۆیە دواجار کە ئەهریمەن دەبەزێنێت، ئاگر دادەگیرسێ و ئاگر دەبێتە هێمای سەرکەوتنی تیشک بەسەر تاریکیدا. ئەم ڕووداوە وەک لە ئەفسانەکەدا هاتووە، دە ڕۆژ بەر لە هاتنی نەورۆز ڕوو دەدا و کی موورس فەرمان دەدا کە خەڵکی لەو ڕۆژەوە تا 9 ڕۆژی دواتری جەژن و هەڵپەڕکێ بکەن. ئیتر لەو ساوە ئاگر بۆتە بەشێکی دانەبڕاوەی نەورۆزی کوردستان.
خوانچه؛ دیارییەک بۆ دەسپێکێکی نوێ
لە کوردستان هێلکە بە ڕەنگی سروشتی لە پێستی پیواز، گەڵا مێو، کا، زاخ و گلارەی ترێ، ڕەنگ دەکەن. هەروەها لە نەورۆزی کوردستاندا وا باوە کە دیاری و خوانچەیەکی ڕەنگاڵە لە لایەن خێزانی زاواوە دەدرێتە تازە بووک. خوانچەکە پێکهاتووە لە کەلەقەند، جلی نوێ، ئاوێنە، عەتر، چەرەس، شیرینی، میوە و تەنانەت خوراک. خوانچە لە کوردەواریدا نە تەنیا هێمای دەسپێکی ژیانێکی هاوبەشانەیە، بەڵکوو هێمایەکیشە لە ڕێزنان، خۆشەویستی و هیوا بە ڕۆژانی گەشی داهاتوو.
هێلکەی کوڵاو لە سەرودەمی نەورۆزی کوردستان لە پەنای خوردان و کردنە دیاری، هەندێ جار بۆ یاریی هێلکەشکاندنیش کەڵکی لێ وەردەگرن و ئەگەر هێلکەت، سەری هێلکەی ئەوی بەرامبەری شکاند، ئەوا هێلکەی هێلکەشکاوە دەرێتە خاوەن هێلکەی براوە. لە کۆتایی یارییەکەشدا منداڵان بەدەم گۆرانیوتنەوە، بە کۆڵاناندا دێن و دەچن مزگێنیی کۆتاهاتنی زستان و هاتنی بەهار دەدەن و لە خەڵکی دیاری وەردەگرن.
ڕەنگە ئەگەر نەورۆز زمانی هەبا، لە کوردستاندا دەنگێکی گەرم و گوڕتری دەبوو؛ بۆنی خاکی شێداری گوند، هێلکەی ڕەنگراوە، دەنگی تریقانەوەی منداڵان لە بەزمی هەتەرت و مەتەری و هێلکەشکاندندا و...، تێکرا حەقایەتێک دەگێڕنەوە کە هەرچی ساڵە نوێ دەبێتەوە. بۆیە نەورۆز لە کوردستاندا تەنیا جەژنێکی سەڵت نییە، بەڵکوو خەڵکی کورد بە هەموو وردەکارییەکانەوە، گەرم و گوڕ و بە ڕەسەنترین شێوە، نەورۆز دەژین.
Your Comment