هەواڵدەریی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: "عەلی ئۆزگۆندۆز" پەرلەمانتاری پێشووی تورکیا، مافناس و سیاسەتوانی ئەندامی پارتی کۆماری گەل لە لێدوانێکی تایبەتی لەگەڵ هەواڵنێری مێهر سەبارەت بە وەرچەرخانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە بڕیارەکانی پێشووی بۆ داکوکی لە درێژەی خەباتی چەکدارانە و بڵاوکردنەوەی پەیامی چەکدانانی پارتی کڕیکارانی کوردستان و ڕۆڵی دەوڵەت باخچەلی لە پێشخستنی دانوستانەکان، وتی: ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاند کە ئیستا و لە هەلومەرجی هەنۆکەدا پەکەکە هۆکاری بوونی خۆی لەدەست داوە و گەیشتۆتە قۆناغی هەڵوەشانەوەی ناچارەکی. ئەگەر پێشتر لە دیمانە لەگەڵ مێهمێت عەلی برانت لە ساڵی 1992 واتە 33 ساڵ لەوە پێش جەختی لە مانەوەی پەکەکە دەکرد، ئەوا ئێستا جیهان و ناوچە گۆڕانی زۆریان بەسەردا هاتووە. بە بڕوای من ئۆجەلان بە هەڵسەنگاندنی دۆخی ئیستاکە، هەڵویستێکی پراتیگیی گرتۆتە بەر و لەو باوەڕەیە کە لە بری خەباتی چەکدارانە، وەبەرهێنانی ئیمکاناتی دەوڵەتی و تەڤگەری لە ڕێگەی دیموکراسییەوە بەسوودترە.
ناوبراو هەروەها سەبارەت بە چۆنیەتی ڕەوتی چەکدانانی پەکەکە و ناباوەڕیی سەرکردەکانی پەکەکە لەبارەی ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئۆجەلان، ڕایگەیاند: بە بڕوای من کۆنسەی بەڕیوەبەریی پەکەکە لە قەندیل وەڵامی ئەرێنی بەو بانگەوازە دەداوەتەوە، بەڵام ئەوڕۆکە پەکەکەی ڕاستەقینە یەکینەکانی پاراستنی گەل(یەپەگە) و پارتی یەکێتی دیموکراتیک(پەیەدە)ن کە لە باکووری سووریا و بە پاڵپشتی ئەمریکا و ئیسرائیل پڕ چەک و تۆکمە کراون و یەپەگە تەنیا لەو ئەگەرەدا چەک دادەنێت کە ئەمریکا داوای لێ بکات. کەواتە بڕوا ناکەم لقە دەرەوەییەکانی پەکەکە لە سووریا و ئێران (یەپەگە و پژاک) وەڵامی ئەرێنی بەو بانگەوازە بدەنەوە.
عەلی ئۆزگۆندۆز لە کۆتاییشدا لەبارەی ڕەوتی یاسایی تاوان و سزای ئۆجەلان، ڕوونی کردەەوە: بەپێی یاسای سزای تورکیا، کەسانێک کە بە هۆی دامەزراندن و سەرکردەیی ڕێکخراوێکی تیرۆریستی زیندانی هەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، ئیمکان ئازادبوونیان نییە و دەبێ تا کۆتایی تەمەنیان لە زینداندا بمێننەوە. بەلام بە پێداچوونەوە بەو یاسایە، کەسێک کە بە زیندانی هەتایی دووپاتە حوکم دراون، لە ئەگەری تێپەڕاندنی 25 ساڵی بە ئاکاری ئیجابییەوە، دەتوانێ لە ڕێگەی "ئازادی مەرجدار" یان "زیندانی ناوماڵی" لە زیندان ئازاد بکرێت. لەو ئەگەرەدا پێدەچێ ڕێگەیەکی یاسایی بۆ ئازادکرانی ئۆجەلان دابین کرابێت و لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلیش سەبارەت بە بەکارهێنانی "مافی هیوا"ش پەیوەستە بە هەمان بڕیارەوە.
Your Comment