بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەردار محەمەد تەقی ئەسانلوو، فەرماندەی قەرارگای حەمزە سەیدولشوهەدای سوپای پاسدارانی ئێران لە گفتوگۆ لەگەڵ ئەلمیادین جەختی کرد: هێزەکانی سوپا بە تەواوەتی چاویان لە سەر بنکە و بارەگای تیرۆریستان لە باکووری عێراقە .
ئەسانلوو ڕایگەیاند: سنوورەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە چەکدارەکانی ئێرانە بەڵام بەداخەوە سنووری عێراق جووڵەی تێکدەری ئاسایش بەخۆوە دەبینێت. بەرپرسانی ئێران داوایان لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کرد گرووپە تیرۆریستییەکان هەڵوەشێنێتەوە بەڵام بەداخەوە هیچ هاوکارییەکیان لەمبارەوە نەکرد. ئەوان بەباشی دەزانن کە ئێمە بەوردی چاومان لە بنکە و بارەگای تیرۆریستانە لە هەر شوێنێک کە بوونیان هەبێت.
ڕاشیگەیاند: ئێمە دەمانتوانی سەرکردەی یەکێک لە گرووپە تیرۆریستییەکان بکەینە ئامانج بەڵام سوپای پاسداران لەبەر ئەوەی خێزانەکەی و بنەماڵەی لە گەڵیا بوون ئەم کارەی نەکرد.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە سوپای پاسداران نزیک بە 23 کۆبوونەوەی لە گەڵ لایەنی عێراقی کردووە بۆ چارەسەری دیپلۆماتیکی ئەم پرسە و هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاندووە.
ئەسانلوو وتی: ئێمە دۆسیە وبەڵگەیەکی ئاشکرا و ڕوونمان سەبارەت بەو تیرۆریستانەی کە لە هەرێمی کوردستانن ئامادە کرد و داوامان کرد ڕادەستی ئێران بکرێن، هەرچی زووتر بەرپرسانی کوردستانی عێراق تیرۆریستانی داواکراو ڕادەست بکەنەوە، زووتر دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
درێژەشی دا کە ئێمە دەزانین بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پەیوەندی خۆیان لە گەڵ ئەمریکاییەکان ناشارنەوە و ئێمە لەمبارەوە دەستێوەردانمان نییە.بەڵام دژی هەرچەشنە ئامادەبوونێکی ئەمریکا لە سنووری ئێرانین و لە کاتی بەرەنگاریمان لەگەڵ ئەمریکا، ئەوە کوردستانی عێراقە کە باجەکەی دەداتەوە. ئەمریکاییەکان دەزانن کە ئێمە زانیاری وردمان لە سەر جیهازات و کەرەستەی سەربازی و شوێنی جێگیربوونی ئەوان هەیە و دەتوانین بیانکەینە ئامانج.
Your Comment