وردەکاری نوێ سەبارەت بە کۆبوونەوەی بەغدا/ماکرۆن لە ڕێی عێراق

بەغدا دەبێتە میوانداری کۆبوونەوەیەکی گرینگ کە جگە لە وڵاتانی دراوسێی عێراق، هەندێ وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی تێیدا بەشدارن.

بە پێی هەواڵی مێهر، عێراق ڕۆژی شەمە دەبێتە میوانداری کۆبوونەوەیەکی گرینگ کە سەرەتا وەکوو کۆبوونەوەی وڵاتانی دراوسێ بەغدا ناوی لێ برا بەڵام بە بەشداری وڵاتانی عەرەبی و ئەورووپی ڕەنگ و بۆنی ناوچەیی گرتۆتە خۆی.

حەسەن نازم وتەبێژی دەوڵەتی عێراق داکۆکی کرد: مەبەستی عێراق لە بەڕێوەبردنی ئەم کۆنفڕانسە ناوچەییە لە بەغدا سەقامگیرکردنی دۆخی ئاسایش و ئابووری خۆیە.

ئەو وتیشی: عێراق لە ماوەی ساڵی پێشوو لە دەوڵەتی مستەفا کازمی هەوڵی داوە ڕۆڵی کاریگەری لە ناوچە هەبێت واتا عێراق بیر لە جێگیربوونی دۆخی ئاسایش و ئابووری خۆی دەکاتەوە و بەرژەوەندییەکانی خۆی شوێنگیری دەکات.

کۆبوونەوەی بەغدا 28ی ئوت بەڕێوە دەچێت

فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق وێڕای ئاماژە بەوەی کە ئەم کۆنفڕانسە ڕۆژی شەمە 28ی ئوت بەڕێوە دەچێت، ڕایگەیاند: 5 وڵاتی هەمیشەیی ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ ئەم کۆبوونەوە بانگهێشت کراون کە باڵوێزەکانی خۆیان دەنێرن.

نزاز خەیروڵا جێگری وەزیری دەرەوەی عێراق و وتەبێژی کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی کۆنفڕانسی ناوچەیی بەغدا ڕایگەیاند: ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و نوێنەرانێک لە یەکیەتی ئەورووپا و گرووپی 20 وەکوو چاودێر لەم کۆنفڕانسەدا بەشداری دەکەن و ئەم کۆنفڕانسە بۆ هەموو وڵاتانی ناوچە بەسوودە.

ناوبراو سەبارەت بە بانگهێشتی سووریاش وتی: پێوەندی لە گەڵ سووریا دەبێ لە بانگهێشت بۆ ئەم کۆنفڕانسە جوێ بکرێتەوە. عێراق پشتیوانی لە گەڕانەوەی سووریا بۆ یەکیەتی عەرەب دەکات و پێوەندی باشی لە گەڵ ئەو وڵاتە هەیە.

ماکرۆن بەرەو بەغدا بەڕێوەیە

فرانس24 هەواڵی دا: ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەنسە کۆتایی ئەم حەوتەیە بە مەبەستی بەشداری لە کۆبوونەوەی بەغدا بۆ عێراق سەفەر دەکات بۆ ئەوەی داکۆکی لە سەر پشتیوانی پاریس بۆ جێگیربوونی دۆخی عێراق و ڕۆڵی ناوچەیی ئەو وڵاتە بکات.

فرانس 24 نووسیویە ماکرۆن تەنیا سەرۆک کۆماری دەرەوەی ناوچەیە کە لەم دانیشتنەدا بەشدارە و لە گەڵ عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر و مەلیک عەبدوڵای دووهەم پادشای ئوردون لەم کۆبوونەوەدا بەشدارن.

هەروەها لەم راپۆرتەدا نووسراوە چاوەڕوان دەکرێ ماکرۆن سەبارەت بە کێشەی ئەفغانستان و بابەتی تیرۆریستە داعشیەکانی شارۆمەندی فەڕەنسە کە لە عێراق بەند کراون، باس و وتووێژ بکات و لە گەڵ مەسعوود بارزانیش دیدار دەکات.

نادیا موراد، کچی ئێزدی براوەی خەڵاتی نۆبێل و هەروەها کارۆلین فورست چالاکی مافی ژنان لە گەڵ ماکرۆن بۆ عێراق سەفەر دەکەن.

دیمەشق بۆ بەشداری لەم کۆبوونەوە بانگهێشت نەکرا

سەرەڕای ئەوەی کە ئەم کۆبوونەوە بە کۆبوونەوەی وڵاتانی دراوسێ عێراق ناوی لێ دەبرێت، سووریا بانگهێشت نەکراوە و ئەمەش گومانی لە بەسوود بوونی ئەم کۆبوونەوە دروست کردووە چونکوو سووریا دراوسێ عێراقە و چاوپۆشی لە بوونیان کراوە.

مەبەست لە بەڕێوەچوونی ئەم کۆبوونەوە کەم کردنەوەی کێشەکان لە ناوچە و داکۆکی لە سەر بەرەنگار بوونەوە لە گەڵ گرووپە تیرۆریستییەکانە.

News Code 38836

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 4 + 7 =