بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕۆژی یەکشەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە دەیڤید براونشتاین، جێگرى نێردەى تایبەتى ئەمەریکا بۆ سووریا و رۆب واڵەر، کۆنسوڵى گشتیى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان کرد .
لە دیدارەکەیاندا سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەى پرسى کورد لەو وڵاته ئاماژەی بەوە داوە کە پرسى کورد دەبێ لە چوارچێوەى سووریادا چارەسەر بکرێت.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و رایگەیاند، براونشتاین جەختى لەوە کردووەتەوە کە "داعش لە سووریا هێشتا مەترسییەکی راستەقینەیە و ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی هاوکاری و پشتیوانیی هێز و لایەنە هاوپەیمانەکانیان دەکەن لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر".
نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە چارەسەریى دۆخى ئاڵۆزى سووریا بە شەو ڕۆژێک ناکرێت و رێگەى سەربازى چارەسەر نییە، دەبێ کێشەى سووریا لە رێگەى سیاسى و دیالۆگەوە چارەسەر بکرێت. دەربارەى پرسى کوردیش لەو وڵاته بەڕێزیان روونیکردەوە کە پرسى کورد دەبێ لە چوارچێوەى سووریادا چارەسەر بکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا چەند تەوەرێک باسکراون وەکو، دوایین پێشهاتەکانى دۆخى سووریا بەگشتى و ئەرکى ئەمەریکا و هاوپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش، ئامادەیی هێزە نێودەوڵەتییەکان، دۆخى باکوور و رۆژهەڵاتى سووریا، گرنگیى سەقامگیرى، گفتوگۆى لایەنە کوردییەکان و پرسى کورد لەو وڵاتە تاوتوێکراوە.
Your Comment