هەزاران چیرۆکی نەبیستراوی سنه لە دڵی گەرماوی مێژوویی خان

گەرماوی خان یان زەهیری گەورەترین و جوانترین گەرماوی شارەی سنەیە و لە نێو بازاڕی بەناوبانگی ئەو شارە دایە و شوێنێکی مێژووییە و قسە و باسی مێژوویی زۆری پێیە.

بە پێی هەواڵی مێهر، شاری سنە شوێنی مێژوویی زۆری هەیە و گەڕەکی زۆری تێدایە کە هەر کام لەو گەڕەکانە خاوەن گەرماوێک  بوون و گەرچی زۆر دەمێکە چالاک نین بەڵام ژمارەیەک لەوانە تا ئێستاش وەکوو شوێنی گەشتیاری پارێزراون و ئێستاش بە شێوەگەلی جۆراوجۆر کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت.

گەرماوی خانی سنە یەکێک لە شوێنە مێژووییە گرینگەکانی کوردستان و نیشاندەری بەشێک لە فەرهەنگ و شێوە ژیانی خەڵکی ئەم شارەیە و شوێنی هەمیشەیی گەشتیاران بووە و لە هەموو ئێران ناسراوە.

ئەم گەرماوە لە بەشێکی مێژوویی شاری سنە و لە ناوەندی ئەو شارە دایە و هەر لە کۆنەوە تا ئێستا نزیکایەتی لە گەڵ بازاڕ و بازاڕییەکانی شاری سنە بووە و لە شەقامەکانی شۆڕش و تاڵەقانی و گۆڕەپانی شۆڕشی ئەو شارە ڕێگای هەیە.

گەرماوی خان لە کتێبە مێژووییەکاندا

بە پێی نووسراوی مێژوونووسانی کوردستان لە کتێبهایەکی وەکوو توحفەی ناسرییە نووسراوی میرزا شوکرۆڵا سنەیی، حەدیقەی ناسرییە نووسراوی میرزا عەلی ئەکبەری مێژوونووس، مێژووی ئەردەڵانی  مەستوورەی ئەردەڵان، زوبدەئەلتەواریخی سنەیی نووسراوی قازی محەمەد شەریف، لەبولتەواریخ نووسراوی خەسرەو کوڕی محەمەد ئەردەڵان هەموو باسی بینا کردنی بازاڕ، مزگەوت، گەرماو و بینا جۆراوجۆرەکانیان کردووە و بە پێی ئەوانە گەرماوی خان یەکێک لە شوێنە گرینگ و بەشکۆ و بەناوبانگەکانی شاری سنەیە.

بە پێی ئەو زانیارییانەی لە سەر بەردنووسێک لەو گەرماوەدا هەیە، ئەو شوێنە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەمانۆڵاخانی ئەردەڵان بینا کراوە و لە ساڵی ١٢٢٠ کۆتایی پێ هاتووە.

کاروباری ئەم گەرماوە لە ساڵی ١٣٧٧ خرایە ئەستۆی ڕێکخراوەی میراتی کەلتووریەوە و نۆژەن کردنەوە و پاراستنی لە ساڵی ١٣٧٨ەوە لە لایەن ئەم ڕێکخراوە دەستی پێ کرد. تایبەتمەندی ئەم شوێنە مێژووییە، جوانی بیناکە و ڕەنگ و شێوەی جیاوازیەتی و هەندێ نەخشی گوڵ و ڕەوەک و ئاژەڵ و مرۆڤی لە سەرە. کاشیکاری جوان و جیاواز لە بیناکانی ئەو سەردەمە لە دیکەی تایبەتمەندییەکانی ئەو شوێنەیە.

گەرماوی خان وەکوو چێشتخانە کەڵکی لێ وەردەگیردرێت

لەم ساڵانەی دواییدا هەندێ لە گەرماوەکانی شاری سنە بۆ ئەوەی هەر وەکوو شوێنی گەشتیاری بمێننەوە و بەرژەوەندی ئابووری و فەرهەنگییان ببێت و کاروپیشە بۆ لاوان ساز بکات، وەکوو چێشتخانەی سونەتی کەڵکیان لێ وەردەگیردرێت. گەرماوی ئەولخالق یەکێک لەوانەیە و ئەم دواییانەش گەرماوی مێژوویی خان کراوەتە چێشتخانە و بەم شێوە کەڵکی لێ وەردەگیردرێت.

ئەم ئاسەوارە مێژووییە بە هۆی هەندێ کێشەوە چەندین ساڵ داخرا بوو کە بە وەرگرتنی مۆڵەت درایە کەرتی تایبەت و ئێستا ئامادەیە وەکوو ڕێستۆرانت کەڵکی لێ وەربگیردرێت و لە ڕێگای ئەوەو کار و پیشە بە شێوەی ڕاستەوخۆ بۆ ٢٠ کەس ساز دەکرێت.

یەعقووب گەوێڵیان، بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوەی میراتی کەلتووری کوردستان وێڕای ڕێزگرتن لە سەرمایەدانەرانی ئەم کارە گرینگە، وتیشی: پشتیوانی کردن لە سەرمایەدانەران لە یەکەمایەتییەکانی ئێمەیە و بە مەبەستی گەشەی گەشتیاری پارێزگا و شاری سنە ئامادەین هەموو جۆرە هاوکارییەک لە گەڵ ئەوان بکەین.

 

News Code 36218

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 8 + 9 =