بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، پۆڵات جان فەرماندە و وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) لەو لێدوانەدا سەبارەت بە دەستدرێژکارییەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستانی سووریا، ڕایگەیاند: گەورەترین نیگەرانی ئێمە لە کاتی هێرشی تورکیا ڕانەگەیێندرانی ناوچەی قەدەغەی فڕین لە باکووری سووریا بوو.
وتیشی: ئێمە دەمانزانی ناتۆ دژی تورکیا تێهەڵناچێت، بەڵام دەبوو رێگەیەک بدۆزێتەوە بۆ وەستاندنی. کەچی دەماندی ئەوەش ناکەن و تورکیا هەر بە چەکی ئەورووپییەکان هەڵیکوتاوەتە سەر کوردەکان. ئەگەر تورکیا چرا سەوزی ناتۆی نەبوایە، هیچکات هێرشی نەدەکردە سەر ئێمە و خاکی سووریا و ئێستاش ئەگەر ناوچەی قەدەغەی فڕین ڕاگەیێنن لە یەک حەوتەدا گرێ سپی و سەرێکانی دەگرینەوە.
پۆڵات جان هەروەها لەبارەی چاوەروانیی کوردەکان لە حکوومەتی سووریا، ڕوونی کردەوە: دیارە باکووری سووریا نایەوێ بگەڕێتەوە بۆ هەلومەرجی بەر لە ٢٠١٠، دووهەم نامانەوێ سوپای دیموکراتیک هەڵوەشێتەوە، سێهەم رێگە نادەین کوردەکان لە مافی خۆیان بێ بەش بن و چوارەم، ئێمە نامانەوێ پەیوەندیی نێوان کوردو عەرەب و مەسیحی بڕووخێ. کەواتە ئەوانە پێشمەرجەکانی ئێمەن بۆ هەر دانوستان و گفتوگۆیەک لە گەڵ دەوڵەتی دیمەشق.
ناوبراو هەروەها ڕەخنەی لە سیاسەتی ئەمریکییەکان گرت و وتیشی: بەر لە هێرشی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا لە سەدا ٣٥ی خاکی سووریا لە بندەستی ویلایەتە یەکگرتووەکان بوو. ئێستا ئەو ناوچانە لە بندەستی ڕووسیایە. چیتر کوردەکان و بە گشتی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناڤین بڕوایان بە ویلایەتە یەگرتووەکان نەماوە. لە بشێوییەکانی ئەم دواییەی ئێران بە کوردەکانی ئێرانمان دەوت کە "هوشیار بن، بڕوا بە ئەمریکا مەکەن" .
پۆڵات جان جەختی لە هەوڵی ڕووسیا بۆ گەیشتن بە رێگەچارەی پاوەجێی سیاسی کرد و بیری هێنایەوە: ڕووسەکان دەیانەوێت هاوکاریمان بکەن بۆ گەیشتن بە رێگەچارەیەک لە گەڵ دیمەشق. هەڵبەت هەمبەر بە تورکیا هەڵوێستێکی دیکەیان هەیە. ئێمە بە تەواوی متمانەمان بە مسکۆ نییە. ڕووسیا خوازیاری کۆنتڕۆڵی هەموو خاکی سووریایە و تووڕەیە هەمبەر بە پەیوەندیی ئێمە و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی ئەمریکا و ئەنجامی ئەو تووڕەییەش سازان بۆ دابەش کردنی باکوور سووریا لە نێوان خۆیان و تورکیا بوو.
بۆچوونی ئێوە