خەڵاتی زێڕینی ماملێ ئاراستەی محەمەد ڕەزا دارابی کرا

مەڵبەندی هونەری ماملێ خەڵاتی هونەریی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ی ئاراستەی هونەرمەند کرماشانی محەمەد ڕەزا دارابی کرد.

بە راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، مەڵبەندی هونەری ماملێ بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێک خەڵاتی زێڕینی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢٠ی ئاراستەی هونەرمەندی گۆرانیبێژی کرماشانی محەمەد ڕەزا دارابی کرد.

بە گوێرەی ڕاگەیێندراوی مەڵبەندی هونەری ماملێ هەست بە بەرپرسیارەتی کردن لە هەمبەر مۆسیقای کوردی، زیندووکردنەوەی کۆمەڵێک مێلۆدی و گۆرانیی کوردی بە زاراوەی کەڵهوری و پێشگیری لە تێداچوونیان، دەوڵەمەندکردنی ئەرشیوی گۆرانیی کوردی لە ماوەی تەمەنی هونەرییدا و هاندانی هونەرمەندانی کوردزوان بۆ خزمەتکردنی میوزیکی کوردی بە هۆکارەکانی هەڵبژاردنی محەمەد ڕەزا دارابی بۆ یازدەهەمین خاڵاتی ساڵانەی ماملێ ڕاگەیێندراوە.

شایانی باسە، ئەم خەڵاتە وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی کورد، ماوەی ١١ ساڵە بەردەوامە و تا ئێستا ئاراستەی هونەرمەندانێکی گەورەی وەک قالەمەڕە، ئەندێریاس ئیسرائیل خەمۆ (باکووری)، عەباس کەمەندی، عەزیز شاهڕوخ، ناسر رەزازی، زۆزان، تیپی موسیقای سلێمانی، مەزهەر خالقی، خەلیل خەمگین و حوسێن کراوە.

محەمەد ڕەزا دارابی کە دووهەمین کرماشانیی براوەی خەڵاتی زێڕینی ماملێ‌یە لە دایکبووی ساڵی ١٣٣٠ی هەتاوی (١٩٥١ی زایینی) لە شاری کرماشانە و لە ساڵی  ١٣٥٠/١٩٧١ چالاکییە هونەرییەکانی لەگەڵ ئۆرکێستری تایبەتیی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی کرماشان بە سەرپەرستیی مامۆستایانی نەمر "مەسعوود زەنگەنە" و "مامۆستا موجتەبا میرزادە" دەست پێکردووە.

ناوبراو بە درێژایی تەمەنی هونەریی خۆی لە خزمەت مامۆستایان وەک: کەیخوسرەو پوو نازری، شەهرام نازری، مەحموود بلوری، موجتەبا میرزادە، حاتەم عەسەری، محەمەد سەدری، محەممەدڕەزا شەجەریان، کەیهان کەڵهۆر، هادی مۆنتەزێری، سیاوەش نوورپوور، خەلیل چالەچالە، حێشمەتوڵڵا حوجەتی فەرد، حسێن یووسف‌زەمانی، فارووقی و هی دیکە ئەزموونی کۆ کردووەتەوە.

دارابی شارەزای ئامێرەکانی "تار و سێتار"ە و هاوکات سەنتوور و زەربیش دەژەنێت و هەوڵێکی زۆری داوە بۆ کۆ کردنەوە و زیندووڕاگرتنی دەیان هەوا و گۆرانی ڕەسەنی کوردی بەتایبەت بە شێوەزاری "کەلهوڕی" کە لە شەش ئەلبوومدا بە ناوەکانی "گلارە"، "شوور شیرین"، "سورمەی خەیاڵ"، "مەهجوری"، "ڕەقس پەروانە" و "ژینا" ئاراستە کراون.

News Code 30637

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • captcha