بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، دوکتۆر فەردین ئەخلاقیان سەرۆکی زانکۆی کوردستان لە سەرەتای ئەو ڕێوڕەسمە بە داکۆکی لە پێگە و گرینگیی توێژینگەی کوردستانناسی، لە کرانەوەی بینایەکی نوێ بۆ ئەو توێژینگەیە هەواڵی دا و وتی: بۆ کردنەوەی ئەو ناوەندە کە لە زەوییەک بە ڕووبەری دوو هەزار مەتری دووجا چێ دەکرێت، لە هەنگاوی یەکەمدا ٥٠٠ ملیۆن تەمەن گۆژمە ڕەچاو گیراوە.
ئەخلاقیان وتیشی: لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو هەنگاوی باش و گونجاو لە توێژینگەی کوردستانناسیدا هەڵگیراوە و بە پێی دەفرایەتی و بەربڵاوێتی بەستێنی توێژینگە چاوەروانیی چالاکی بەرزتر و مسۆگەر کردنی ئامانجی گەورەتری لێ دەکرێت.
لە درێژەدا دوکتۆر ئۆمید قادر زادە سەرۆکی پێشووی توێژینگەی کوردستانناسی ئاماژەی بە ٥ ساڵ چالاکیی خۆی لەو توێژینگەیە کرد و ڕایگەیاند: لە سەرەتای وەرگرتنی ئەو پۆستە توێژینگە تەنیا کتێبخانەیەکی سەڵت بە بێ هیچ پلان و نەخشەرێیەکی تایبەتی بوو و ئێمە هەوڵمان دا وێرای بە لیست کردنی کتێبەکان و بەکارهێنانی نەرم ئامێری کتێبخانەیی، سامانێکی نوێ بە کتێبخانەکە ببەخشین.
ناوبراو بە ئاماژە بە زیادکردنی ٧ هەزار و ٥٠٠ کتێب و ٢٠ هەزار سەرچاوەی ئەلەکترۆنی و کۆکردنەوەی ٦ هەزار رێکۆردی زانیاری بۆ توێژەران لە ماوەی چالاکی خۆی لە توێژینگەی کوردستانی، ڕاشیگەیاند: لەو ماوەیە زیاتر لە هەزار بەرگ زانیاری و ڕاپۆرتی چالاکیگەلی کوردستانناسی کۆکراوەتەوە و بە زمانەکانی کوردی، فارسی و ئینگلیزی وەرگێڕدراوەتەوە و ڕادەستی لایەنگرانی بواری توێژینەوە لەو ناوەندە کراوە.
قادر زادە لە کۆتاییشدا ئاماژەی بە ٢٠ دانیشتن و کۆڕبەندی تایبەتی، ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خوێندکار لە لقی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی کوردستان، ناساندنی پێگەی ناوەندی کوردستانناسی لە گوتاری گەشە لە پارێزگا و بەرزکردنەوەی پێگەی ناوەند و جێکردنی لە گوتار و کەڵکەڵەی دەزگاگەلی بەرپرسی گەشەی کوردستان و تۆکمەی هێزی مرۆیی لەو ناوەندە وەک چالاکییە بەرچاوەکانی توێژینگەی کوردستانناسی کرد.
Your Comment