بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، هەر لە سەرەتای دەستدرێژی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، نەک هەر ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە بەدی نەهاتووە، بەڵکوو زیاتر بەڵگەکانی چەقبەستوویی ستراتیژی و شکستی مەیدانی و سیاسی بۆ لایەنە دەستدرێژکارەکان خەریکە بەرچاو دەکەوێت.
ئەم شەڕە کە بە هێرشی بەرفراوان و کوشتنی خەڵکی سڤیل لە نێویاندا خوێندکاری بێتاوان دەستی پێکرد، بە خێرایی ڕەهەندی بەرفراوانی مرۆیی و ئەمنی و ئابووریی وەرگرتووە و کاردانەوەی جیاوازی لە میدیا نێودەوڵەتییەکاندا ورووژاندووە. هەرچەندە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی بەدیهاتووە، بەڵام هێشتا ڕێگایەکی ئاڵۆز لە پێشە تا کۆتایی ڕاستەقینەی ئەم دەستدرێژییە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، بەردەوامی هێرشە قورسەکانی ڕژێمی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان، هەڕەشەی جددی لەسەر ئاگربەستی ناسکی نێوان ئەمریکا و ئێران کردووە.
میدیا ئەمریکییەکان نووسیویانە لە کاتێکدا کە ئیدارەی ترەمپ خۆی بۆ دانوستان لەگەڵ تاران ئامادە دەکات، نادڵنیاییەکان سەبارەت بە دۆخی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز ماونەتەوە.
ڕێکخراوی پێشکەوتنی ئەمریکی (AP) لە شیکارییەکی هەمەلایەنەدا دانی بەوەدانا کە ئەمریکا لە کۆتایی شەڕی شەش هەفتەیی دژ بە ئێران لە دۆخێکی لاوازتردایە لە چاو پێش دەستپێکردنی شەڕەکە.
بیرمەندە ئەمریکییەکە باس لەوە دەکات کە سەرەڕای هێرشە ئاسمانییە بەرفراوانەکان و نەهێشتنی بەشێک لە فەرماندە و ژێرخانەکان، کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هۆی توانای دووبارە بونیادنانەوەی کەرەستەی خۆی و جێگرتنەوەی سەرکردەکانی، بە شێوەیەکی کاریگەر سەرکەوتووە لەم شەڕە ستراتیژییەدا.
لە کۆتاییدا ناوەندی توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەدا کە ئەمریکا بە هیچ کام لە ئامانجەکانی نەگەیشتووە و بە پێچەوانەوە کۆماری ئیسلامی ئێران بە جێگیرکردنی توانای خۆی بۆ کۆنترۆڵکردنی شاڕێیانی ئابووری جیهانی لە پێگەیەکی بەهێزەوە دێتە دانوستانەکانی داهاتوو.
بی بی سی کاریگەری ئاگربەستی کاتی لە گەرووی هورمز لەسەر ئابووری جیهانی شیکردەوە. داخستنی ڕێڕەوی ئاوی ستراتیجی کە نزیکەی ٨٠٠ تەنکەری نەوت و گازی تێدایە، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین، گازۆیل، سووتەمەنی جێت و داڕمانی خانووبەرە لە سەرانسەری جیهاندا لە ماوەی شەش هەفتەی ڕابردوودا. ئەو دەزگایە میدیاییە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاگربەست ڕێگایەکی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان کردۆتەوە و بووەتە هۆی وەڵامدانەوەی ئەرێنی لە بازاڕەکاندا، بەجۆرێک نرخی نەوت و گاز بەڕێژەی ١٥% دابەزیوە. بەڵام بی بی سی بە پشت بەستن بە شرۆڤەکارانی ئابووری هۆشداریدا لەوەی کە دۆخەکە ناسکە و ساڵانێکی زۆری دەوێت تا بەرهەمهێنانی گازی سروشتی شل (LNG)ی قەتەر بگەڕێتەوە ئاستی پێش جەنگ.
ئەلجەزیرە لە یاداشتێکدا سەبارەت بە سەپاندنی دە مەرجەکەی ئێران بەسەر ئەمریکادا نووسیویەتی: قبووڵکردنی مەرجەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە ئەوە دەردەخات کە ئێران توانیویەتی چوارچێوە و کارنامەی دانوستانەکان دیاری بکات و ترەمپیش ڕازی بووە بە یەکلاییکردنەوە لە چوارچێوەی پارامێتەرەکانی خۆیدا. ئەمە سەرکەوتنێکە بۆ ئێران. ئەوە نیشان دەدات کە ترامپ چیتر وەستاندنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بە تەسلیمبوونی تەواوەتی ئێران و دەستبەرداربوونی تەواوەتی لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی و سنووردارکردنی بەرنامەی مووشەکییەکەی و پچڕانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکان نابەستێتەوە.
ڕۆژنامەی ئەلعەرەبی ئەلجەدید لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ئاشکرایکردووە، سەرچاوەیەکی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی پاکستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا سەبارەت بە دوورکەوتنەوە لە بەشداریکردنی لوبنان لە ڕێککەوتنی ئاگربەستدا "زۆر شۆککەر بووە" بۆ ئەو ناوبژیوانە پاکستانییە.
ئیسلام ئاباد چەند جارێک پرسی خستنەڕووی لوبنانی لە ئاگربەستەکەدا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی وروژاندبوو. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا کە لایەنی ئێرانی ئامادە نییە هەر ڕێککەوتنێک قبووڵ بکات کە هەموو بەرەکان بە لوبنان و یەمەنیشەوە نەگرێتەوە.
ڕۆژنامەی ئەلقودس ئەلعەرەبی ڕاپۆرتێکی لەسەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: نەوەد خولەک پێش ئەنجامدانی هەڕەشەکەی بۆ "لەناوبردنی شارستانیەتی ئێران"، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا قبووڵکردنی ئاگربەستی ڕاگەیاند لە بەرامبەر کردنەوەی گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بۆ ماوەی دوو هەفتە، لەو ماوەیەدا دانوستان لەسەر دە خاڵ دەکرێت کە تاران پێشکەشی شەهباز شەریف سەرۆک وەزیرانی پاکستان دەکات.
دوابەدوای ئەو ڕێککەوتنە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لە ماوەی دە خولەکدا نزیکەی ١٠٠ هێرشی ئاسمانییان لە ناوچە جیاجیاکانی لوبنان ئەنجامدا و لە ژماردنی سەرەتاییدا ٢٥٤ کەس کوژران و هەزار و ١٦٥ کەسیش برینداربوون.
ڕۆژنامەی یەدیوت ئاحارۆنۆتی ئیسرائیلی پێی وایە، چڕی هێرش بۆ سەر لوبنان دەبێتە هۆی وروژاندنی ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ئیسرائیل، ئەمەش ڕەنگە بە پێشێلکردنی ئاگربەست هەژمار بکرێت و ئارگیومێنتی هەندێک لە "جەنگخوازان" لە حکومەتی ئەمریکا، وەک وەزیری بەرگری پیت هێگسێت، بۆ وازهێنان لە ڕێککەوتنەکە بەهێزتر بکات.
Your Comment