ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: سیستەمی سیاسی عێراق لە ساڵی ۲۰۰۳ـهوە بەپێی فۆرمۆڵێکی نەنووسراوە، بەڵام توندوتۆڵی دابەشکراوەی دەسەڵات دەجووڵێتەوە کە تێیدا سێ پۆستی سەرەکیی وڵات لە نێوان پێکهاتەی ئیتنیکی-مەزهەبی دابەش کرا؛ سەرۆكوەزیران درایە عەرەبی شیعە، سەرۆکایەتی پەرلەمان درایە عەرەبی سوننە و سەرۆک کۆماریشبە کورد بڕا؛ ڕێکەوتنێک کە ئەگەرچی لە دەستووری عێراقدا ئاماژەی پێ نەکراوە، بەڵام وردە وردە لەم ساڵانەدا بۆتە کۆڵەکەی سیاسەتی هاوڕایی دەسەڵاتدارانی عێراق.لەمناوە سەرۆک کۆماری ئەگەرچی پۆستێکی هێمایینە، بەڵام هەڵگری پێگەیەکی یاسایی گرینگیشە و بەپێی دەستووری عێراق، سەرۆک کۆمار بەرپرسایەتی پێکهێنانی دەوڵەت بەفەرمی دەسپێرێتە بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان؛ ڕۆڵێک کە لە تەنگەژە سیاسییەکاندا شوێنی دزە و دەستڕۆیشتوویی زیاتری دەداتێ و لەو سۆنگەوە ئەو پۆستە بۆ کوردەکان، گەڕەنتییەکە بۆ پاراستنی هەرێمی فیدراتیوەکەیان لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی تا ڕادەیەک عەرەبتەوەر.
لە ڕێککەوتنی کوردی تا کەلێنی ناوماڵی
تا ئەمدواییە یەکێتی نیشتمانی پۆستی سەرۆککۆماریی عێراقی بە مافی سروشتیی خۆی زانیوە و هەر لە دەسپێکی ئەو ڕێگەیە و بەپێی ڕێککەوتنێکی نەنووسراوە کلە نێوان یەکێتی و پارتی، مام جەلال وەک کەسێکی جێی ڕێز و متمانەی بەغدا، تاران، ئەنقەرە و واشنتۆن لە یەکێتییەوە کرایە سەرۆککۆماری عێراق و مەسعوود بارزانیـیش لە پارتییەوە بووە سەرۆکی هەرێمی کوردستان. بەڵام بە مەرگی مام جەلال ئەو هاوکێشەیە تێکچوو و نەبوونی کەسایەتییەک کە بتوانێ تەکووزیی سیاسیی بەسەر "ماڵی کورد"دا بسەپێنێت، بووە هۆی شکستهێنانی دانوستانەکانی نێوان یەکێتی و پارتی و ئەو دوو حزبە لەبری ڕێککەوتن لەسەر بەربژێرێکی یەکە، دەست بدەنە ناساندنی بەربژێرانی ڕکابەر و بەمجۆرە بڕیاردان لە هەولێر و سلێمانییەوە بگوازرێتەوە بۆ بەغدا و پێگەی پەرلەمانی و هاوپەیمانیگەرییەکان دیاریکەری ئەو پۆستە بێت. بەمجۆرە پۆستی سەرۆککۆماری کە سەردەمانێک لە ئەنجامی ڕێککەوتنی ناو ماڵی کورد دیاری دەکرا، بووە شوێنی ڕمبازێنی باڵە دەستڕۆیشتووەکانی بەغدا.
بەربژێری بەهێز، سەرۆککۆماری لاواز
دژوازیی پاش ۲۰۱۷ بەرچاوە؛ تا ڕکابەرییەکان چڕتر بۆتەوە، سەرۆککۆماری هەڵبژاردە لەباری سیاسییەوە لاوازتر بووە. بەرهەم ساڵح وەک نمونەیەکی بەرچاو، ئەگەرچی هەوڵی دەدا پێگەی سیاسیی سەرۆککۆماری ببووژێنێتەوە و خۆیشی بە کەسایەتییەکی سیاسی نێودەوڵەتیی و زاڵ بەسەر زمانی دیپلۆماسی دەناسرا، بەڵام سەرکەوتنی لە ۲۰۱۸ و ئەویش پاش ململانێیەکی زۆری ناو ماڵی کوردی و دەستێوەردانی دادگەی فیدراڵ، تا چەندین مانگ دوای هەڵبژاردرانیشی بۆی نەبوو بچێتە هەولێر، چونکە مەسعوود بارزانی پێی وابوو لە بەغدا لە بەرهەم ساڵحی دۆڕاندووە. ئەمە وەک چارەنووسی هاوبەشی سەرۆک کۆمارانی تری کوردی عێراق(فوئاد مەعسووم و لەتیف ڕەشید) بووە هۆی ئەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری لە عێراق ڕۆژ بەڕۆژ بەری بێت لە پێگەی سیاسیی خۆی و سەرۆککۆماران ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر کەوتنە ژێر سێبەری ڕێبەرانی نوێی یەکێتی و پارتی و ناکۆکیی نێوان ئەو دووەش، بووە هۆی ئەوەی کە سەرۆککۆماران لەبری ئەوەی ناوبژیگەرانێکی چالاکی سیاسی بن، تا ئاستی فەرمانبەرێکی هێمایینی کۆشکی سەرۆککۆماری دابەزن.
ڕکابەریی ئێستا؛ ئەزموون لە بەرامبەر سەربزێوی
کابەریی ئەمدواییەی نێوان پارتی و یەکێتی، بەجۆرێک ڕکابەریی لەسەر دوو بەربژێرە کە یەکیان، کەسێکی بەئەزموون و کارزان، بەڵام بەتەمەنە و بەساڵاچووە و ئەویتریان، سەربزێو و پێداگرە لە کەلێنی بەرەیی. فوئاد حسێن وەک بەربژێری پارتی، دیپلۆماتێکی بەئەزموون و زاڵ بەسەر چەندین زمان و لە کەسایەتییە دێرینەکانی پارتییە کە هاوکات بە هێمای پێگەی نێودەوڵەتیی ئەو حزبە دێتە ئەژمار و سەرەڕای هاوئاهەنگیی لەگەڵ سەرۆکانی پارتی، دۆستایەتی نزیکی لەگەڵ ئەکتەرانی سەرەکیی شیعە و لەوان نووری مالیکی هەیە.
بەوەشەوە فوئاد حسێن کەسێکی بەساڵاچووە و لە کەشی نافەرمیی بەغدادا، چاوەروان دەکرێت کە سەرۆککۆمار کەسێکی هەڵسوور و ئەکتیڤ و ئامادەی سەفەر و دانوستانی بەردەوام بێت و لە سۆنگەوە ئەوە دەتوانێ جۆرێک لاوازی بگەیێنێت لە بەربژێری پارتیدا.لە بەرامبەر نزار ئامێدی، وەک بەربژێری یەکێتی کە چەندین ساڵ لە سەردەمی تاڵەبانی و فواد مەعسووم و بەرهەم ساڵەح لە کۆشکی سەرۆککۆماریدا ئیشی کردووە و شارەزایە لە میکانیزمەکانی دامودەزگایی بەغدا کە متر لە گەمەی ڕکابەریی باڵەکاندا ئاوڕی لێ دراوەتەوە و تنیا ئەوەندەیە کە بافڵ تاڵەبانی مکوورە لە هەڵبژاردنی و بارزانی لە دژیەتی. کەچی یەکێتی بە لەبەرچاوگرتنی پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم کە بەدەستی پارتییە، جەختی لەوەیە کە پۆستی سەرۆککۆماریی عێراق دەبێ بە یەکێتی بێت و هەر ئەو ناکۆکییە، بۆتە هۆی پێکنەهاتنی کابینەی هەرێم و دواکەوتنی کاروباری پەرلەمانی کوردستان دوای زیاتر لە یەکساڵ.
کاتێ ناکۆکیی کوردەکان دەبێتە باڵی گوشاری بەغدا
ئەوی ناکۆکیی ئەمجارە جودا دەکاتەوە لەوانی پێشوو، ئاستی تێکچنراوی لەگەڵ ململانێی هێز لە بەغدایە. بەجۆرێک کە پارتی و یەکێتی چیتر تەنیا خەریکی لۆبیگەری لەگەڵ بەغدا نین، بەڵکوو لە کەلێنە دەروونییەکانی سیاسەتی عێراقدا پێکەوە ڕکابەری دەکەن. شیعەکان لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیران پێکەوە ناکۆکن و ڕیبەرایەتیی سوننەش پەرتەوازەیە. لە کەشێکی ئاوادا، سەرۆککۆماریی کوردەکان نەک ئامانجی کۆتایی، بەڵکوو بە کارتی چەنەلێدان وێنا دەکرێت.
بەمجۆرە ناکۆکیی کوردەکان، بە کردەوە مافی ڤێتۆی داوەتە دەست ئەکتەرانی ناکورد و سەرۆککۆماری بۆتە یەکێک لە پۆستە جێ مشتومڕ و دیارینەکراوەکان لە هاوکێشەی پێکهاتنی دەوڵەتی بەغدا. چونکە ئەگەر پارتی و یەکێتی دواجار لەسەر ئەو پۆستە ڕێک نەکەون، بەغدا ناچار تەرکیز بخاتە سەر "بژێرەی سێهەم" کە بریتییە لە ۷۸ بژێرەی تری ناونووسکراوە کە زۆربەیان کەسانێکی نەناسراوە و سەربەخۆن و هیچ دەروەستیان بە سیاسەتی ماڵباتی کوردی لە بەغدادا نییە.
Your Comment