بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، گەڵاڵەی 20 بڕگەیی ترامپ کە بە هاوبەشی لەگەڵ نتانیاهۆ و کەسگەلێک وەکوو تۆنی بلێر پێک هاتووە، لە بواری سیاسی و ستراتیژیەوە بەدوای دووبارە هێنانەوەی شێوەی دەسەڵاتداری ئیستعماریە کە بە چەکداماڵینی بەرخۆدانی فەلەستین، سەپاندنی بەڕێوەبەرایەتی دەرەکی لە غەززە و پاراستنی کۆنترۆڵی ئەمنیەتی ئیسرائیل، مافی نەتەوەیی و مرۆڤی فەلەستینیەکانی خستە پەراوێزەوە.
بەستێنی مێژوویی گەڵاڵەی ترامپ
ئەو گەڵاڵە لە درێژەی ڕاگەیاندنی بالفور لە ساڵی 1917 و ڕێککەوتنی سلۆ لە ساڵی 1993 پێک هاتووە و هەوڵ لەسەر سەپاندندی پێکهاتەی سیاسی و ئەمنیەتی لە فەلەستینە کە بەهۆی لەبەرچاو نەگرتنی خواست و مافی ئەوانەوە شکستی هێناوە و ئەم گەڵاڵەیەش بەدوای سەپاندنی سیستەمێکە کە فەلەستینیەکان لە مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆیان بێبەش بکات.
کێشە سەرەکییەکانی گەڵاڵەکە
1. چەکداماڵینی بەرخۆدان: بەرخۆدانی فەلەستین و حەماس لە باری مێژوویەوە بەشێکی جودا نەکراو لە شەڕ بۆ ئازادی و سەربەخۆیی فەلەستینە. ئیسماعیل سەوابتە بەرپرسی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی غەززە دەڵێت: ئەو گەڵاڵە بۆ سەپاندنی سەرپەرشتیاری نوێیە کە ئیسرائیل ڕەوا نیشان بدات و گەلی فەلەستین لە مافی نەتەوەیی، سیاسی و مرۆیی خۆیان بێبەش بکات. چەکداماڵینی بەرخۆدان بە بێ دەستەبەر کردنی مافی فەلەستینییەکان بە واتای ڕادەست بوونی زۆرەملێ لە بەرانبەر داگیرکارییە و ئەو گەڵاڵە هەر نابێتە هۆی ئاشتی و پێدادانەکان چڕتر دەکاتەوە.
2. بەڕێوەبەرایەتی دەرەکی غەززە و نوێ کرردنەوەی شێوەی ئیستعماری: گەڵاڵەکەی ترامپ پێشنیاری پێکهێنانی ئەنجومەنی ئاشتی دەدات، ناوەندێکی نێودەوڵەتی لەژێر چاوەدێرری ترامپ و تۆنی بلێر کە لەسەر کومیتەیەکی تێکنۆکرات و ناسیاسی بۆ ئیدارەی خزمەتگوزاری گشتی و کاروباری شاری غەززە چاوەدێری دەکات کە بە ئاشکرا شێوەی ئیستعماری ڕابردوو وەبیر دەهێنێتەوە. مستەفا برغوسی ئەمینداری گشتی داهێنانی نەتەوەیی فەلەستین دەڵێت: ئێمە پێشتر لە ژێر ئیستعماری بریتانیا بووین و بلێر لێرە ناوبانگی نەرێنی هەیە و خەڵک دەاتە بیری شەڕی عێراقەوە.
3. نەچوونە دەرەوەی تەواوی ئیسرائیل و بەردەوام بوونی داگیرکاری: یەکێک لە خاڵە لاوازیەکانی گەڵاڵەکەی ترامپ، بەڵێن نەدان بۆ چوونە دەرەوەی تەواوی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززەیە و هانی میسری شرۆڤەکاری فەلەستینی پێی وایە کە نەبوونی ڕوونکاری بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە غەززە بە واتای درێژەی داگیرکاری و پێشێل کرانی سەروەری فەلەستینیەکانە و ئەوە دەبێتە هۆی لەمپەر بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان و هەروەها بەستێنی هێرشی نوێی ئیسرائیل خۆش دەکات.
بۆچی گەڵاڵەکەی ترامپ نابێتە هۆی ئاشتی؟
1. هاوتەریبی تاک لایەنە لەگەڵ ئیسرائیل: ئەو گەڵاڵە راشکاوانە لە بەرژەوەندی ئیسرائیل داڕێژراوە و لە جیاتی یەکسانی دروست کردن لە نێوان لایەنەکان، لە بەرژەوەندی ئیسرائیلە. ئەو گەڵاڵە هەر بەدوای لەناوبردن و ڕیشەکێش کردنی بەرخۆدانی فەلەستینە و تەنانەت ترامپ هۆشداریی داوە کە ئەگەر گەڵاڵەکە قبووڵ نەکرێت چرای سەوز دەداتە نتانیاهۆ بۆ تەواو کردنی ڕاسپاردەکە.
2. لەبەرچاو نەگرتنی مافی بنەڕەتی فەلەستینیەکان: گەڵاڵەکەی ترامپ هیچ ئاماژەیەک ناکاتە سەر مافی نکۆڵی نەکراوی فەلەستینیەکان لەوانە مافی گەڕانەوە، سەربەخۆیی و پێکهێنانی دەوڵەتی فەلەستینی بە پێتەختی قودسی ڕۆژهەڵاتی.
3. ناڕاستبینانە بوونی گەڵاڵەکە و جێبەجێ کردنی: ئەو گەڵاڵە لەمپەری زۆری هەیە لە کردەوەدا، وەکوو گوشار لەسەر بەرخۆدان بەڵام قبووڵ نەکردنی چەکداماڵینی تەواو لەلایەن ئەوانەوە. هەروەها دژایەتی وڵاتانی میسر، ئوردن و عەرەبستان لەگەڵ کۆچی زۆرەملێ فەلەستینیەکان یان سەپاندنی ئیدارەیەکی دەرەکی لەسەر غەززە.
4. هاوشێوەیەیی پڕۆژە ئیستعماریە شکست خواردووەکان: گەڵاڵەکەی ترامپ وەبیرهێنەروەی پڕۆژە ئیستعماریەکانی ڕابردووە کە هەموویان شکستیان هێناوە.
دەرەنجام
گەڵاڵە 20 مادەییەکی ترامپ بە پاگەندەی ئاگربڕ لە غەززە بەهۆی تاک ڕەهەندی بوون و ناڕوونی زۆرەوە ڕەخنەی زۆری لەسەرە. ئەو گەڵاڵە کە هەموو بڕگەکانی لەسەر بەرژەوەندی ئیسرائیل دانراوە هیچ ئاماژەیەک ناداتە سەر ئاوەدان کردنەوەی غەززە، ئازادی سەرجەم ئەسیرە فەلەستینیەکان و کشانەوەی تەواو لە غەززە. ئەو گەڵاڵە جەخت لەسەر پێکهاتنی ناوەندێکی نێودەوڵەتی و کومیتەیەکی تێکنۆکرات بۆ ئیدارەی غەززە دەکات بەڵام وردەکاری ئەندامەکانی ئەو ناوەندگەلە، خشتە کاتی و دابینی داراییەکەی ناڕوونە. هەروەها کشانەوەی وردە وردەی ئیسرائیل بە بێ سنووردانانی جوگرافیایی یان خشتە کارتی دیاری کراو بە واتای بەردەوام بوونی کۆنترۆڵی ئەمنیەتی ئیسرائیلە. هەروەها مافی سەرەتایی فەلەستینیەکان ژێر پێ دەنێت و لە جیاتی ئاشتی، بەستێنی خولێکی نوێی پێکددانەکان خۆش دەکات.
Your Comment