سەید ڕەزا سەدرولحسێنی کارناسی پرسە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا لە لێدوانێک بۆ هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەبارەت بە هێرشی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر نووسینگەی حیماس لە قەتەر وتی: پاش ئەوەی ڕژیمی زایۆنی پاگەندەی وەدیهێنانی "ئیسرائیلی گەورە"ی هێنایە گۆڕێ، هەڵمەتەکانی ئەو ڕژیمە بۆ سەر سووریا، لوبنان و وڵاتانی تری عەرەبی و ئیسلامی پێشبینی دەکرا. تەنانەت لە کۆنفڕانسی جەدە لە عەرەبستانیشدا هەندێک لە ئەندامان باسیان لەو مەترسییە کرد کە مومکینە ڕژیمی زایۆنی پاش ڕاگەیاندنی ئامانجی خۆی بۆ پێکهێنانی ئیسرائیلی گورە، دەست بداتە هەڵمەتی دژبەرانە بۆ سەر وڵاتانی تری عەرەبی و ئیسلامیی ناوچەکە.
وتیشی: بەداخەوە لەو دانیشتنە، ئەندامان تەنیا بە دەرکردنی بەیاننامەیەک کۆتاییان بە باسە هێنا و تێیدا تەنیا هەڵمەتەکانی ئیسرائیل بۆ پەرەدان بە سەرزەوینە داگیرکراوەکانیان ئیدانە کرد و هیچ هەنگاوێکی کردەکیان بۆ ئەو مەبەستە دیاری نەکرد؛ لە کاتێکدا کە بەرخۆدانی فەلەستین هێشتا لە ژێر زەبری دەستدرێژییەکانی ڕژیمی زایۆنی لە غەزە بەرخۆدانی دەکرد.
سەدرولحسێنی بیری هێنایەوە: هێرشی ئەوڕۆی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر دۆحەی قەتەر، پێشێلکردنی ئاشکرای هەموو یاسا و ڕیسا نێودەوڵەتییەکان و دەستدرێژیی ڕاشکاوانە بۆ سەر سەروەری و تەواوەتی سەرزەوینیی ئەو وڵاتە دێتە ئەژمار، بەوەشەوە بەداخەوە چاوەروانیی جووڵەیەکی ژیرانە، پێداگرانە و سزادەرانە لە لایەن هیچ وڵاتێکی عەرەبییەوە ناکرێت. چاوەروانیی دروست ئەوەیە کە ئەوانیش یان بە شێوەی سەربەخۆیانە وەک هەڵمەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پاش دەستدرێژیی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر خاکی وڵاتەکەی، کاردانەوەیان هبێت؛ و یان بە پاڵپشتیی هەمەلایەنەیان لە بەرخۆدانی ناوچە، بە تایبەت بەرخۆدانی فەلەستین، وانەیەکی لەبیرنەکراوە بە ڕژیمی زایۆنی بدەن.
ئەو کارناسە سیاسییە ئاماژەی بەوەش دا: دەبێ ئەو خاڵەمان لە بیر بێت کە هیچ دامودەزگا و ڕێکخراوێکی نێودەولەتی و لەوان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمیتەگەلی ژێر فەرمانی، لە بەرامبەر ئەو جۆرە پێشێلکارییانەی ڕژیمی زایۆنی، بە تایبەت لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو، هیچ هەنگاوێکی کارایان هەڵنەگرتووە. گرینگترین کاردانەوەی ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی باڵای ئەو ڕێکخراوە لە بوارە هاوپەیوەندەکان بە منداڵان، ژنان و خۆراکی خەڵکی غەزە، تەنیا دەربڕینی ئەسەف بووە و هەر ئەوە ورە و جەسارەتی زیاتری بە ڕژیمی زایۆنی داوە لە درێژەدان بە جەنایەت و پێشێلکارییەکانی لە وڵاتانی جۆراوجۆر.
ناوبراو جەختی لەوە کرد: بەداخەوە دەبێ بڵێین کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هێرش بۆ قەتەر، سێهەمین هێرشی ڕژیمی زایۆنی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی لە پاش سووریا و لوبنان بووە و بەوەشەوە هێشتاش بێدەنگییەکی تۆقێنەر هەمبەر بە دەستدرێژییەکان زاڵە و پاڵپشتیی هەمەلایەنەی ئەمریکا لەو هێرشانە، بە تایبەت لەوەی قەتەردا تەواو هەست پێدەکرێت.
سەدرولحسێنی هەروەها ئاوڕی لە هەڵسوکەوتی ڕژیمی زایۆنی و هێرشی لە کاتی دانوستانی حیماس بۆ ئاگڕبر وەک نمونەی هاوشیوەی دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی ئێران و ئەمریکا دایەوە و ڕایگەیاند: ئەو دوو هێرشە زۆر شێوەی یەک دەدەن و پرسی دانوستانی ئەمریکا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حیماس بۆ ئاگربڕی غەزە، بابەتێک بوو کە نتانیاهۆ و بەرپرسانی باڵای ڕژیمی زایۆنی لە چەند ڕۆژی ڕابردووەوە لە دژی بوون؛ چونکە ژیانی سیاسیی نتانیاهۆ و دەوڵەتی تلاڤیڤ گرێیخواردووە بە درێژەی هەیە. ئەگەر پلانێکی پراکتیگی و دادپەروەرانە بۆ ئاگربڕ و ئاشتی لە غەزە هەبایە، بێ گومان و بەدڵنیاییەوە ڕژیمی زایۆنی لایەنی تێکشکاوە دەبوو؛ ئەویش لە پاش دوو ساڵ شەڕ.
کارناسی پرسە سیاسییەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا ڕاشیگەیاند: لەو سۆنگەوە پێدەچێ کە ڕژیمی زایۆنی بە پشتبەستن بە دژایەتیی لەگەڵ دانوستان، ئەو هەڵمەتەی ئەنجام دابێت. بەلام بە ئاوڕدانەوە لە هۆکارە جۆراوجۆرە سەربازی و ئەمنییەکان دەتوانین بەو ئەنجامە بگەین کە بەشی هەواڵگرانە و بەشی سەربازیی ئەمریکا لە پاڵپشتی لەو ئۆپەراسیۆنە لە قەتەردا ڕۆڵیان بووە. ئەوە نیشان دەدا کە ئەمریکاییەکان، وەک هەمیشە، لە لایەکەوە باسی دانوستان دەکەن و لە لایەکی ترەوە، ڕێک وەک دانوستانیان لەگەڵ ئێران، مووشەکەکانیان یان هەمان "وەلیدە دزێوەکانیان" واتە ئیسرائیل بۆ سەر میزی دانوستانەکان دەهاوێژن.
Your Comment