بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرچاوە دیپلۆماسییەکان بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، زلهێزەکانی ئەوروپا و ئەمریکا بڕیارنامەیەکیان ئاراستەی دەستەی حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کردووە و ئیدانەی ئێران دەکەن بەهۆی پابەندنەبوون بە بەڵێننامە ئەتۆمییەکانییەوە.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵدان بۆ زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر تارانە و دوایین هەنگاوە لە هەوڵی چەند ساڵە بۆ سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران.
ئەم مانۆڕە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری عومان چەندین خولی دانوستانیان ئەنجامداوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان.
ئێستا دەقی بڕیارنامەکە ئاراستەی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کراوە. پاریس، بەرلین، لەندەن و واشنتۆن لە کۆبوونەوەی دەستەی حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی کە بنکەکەی لە ڤیەنایە، بە فەرمی ئەم بڕیارەیان پێشنیار کرد.
بڕیارە لانیکەم تا ئێوارەی چوارشەممە دەنگدان لەسەر بڕیارنامەکە ئەنجام بدرێت.
رەشنووسی بڕیارنامەکە کە دەستی ئاژانسی فرانس پرێس کەوتووە، داوا لە ئێران دەکات دەستبەجێ پابەندنەبوونی بە ئەرکەکانی بەپێی پەیمانی قەدەغەکردنی چەکی ئەتۆمی (NPT) چارەسەر بکات.
هەروەها ئەم بڕیارنامەیە بەتوندی باس لەوەی دەکات کە تاران نەیتوانیوە هاوکاری تەواو لەگەڵ ئەو دەزگایە بکات.
Your Comment