بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، وەزارەتی ئیتلاعات سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی ئاڵۆزی هەواڵگری بۆ گواستنەوەی بەڵگەنامەکان لە ڕژێمی زایۆنی ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
لەو ڕاگەیێندراوەدا هاتووە : نەتەوەی گەورەی ئێرانی ئیسلامی ئاگادار دەکەینەوە کە سەربازانی بێ ناونیشانی وەزارەتی ئیتلاعات، لە ئۆپەراسیۆنێکی ئیتلاعاتی بێوێنەدا، گورزێکی ماڵوێرانکەریان لە ڕژیمی داگیرکاری زایۆنی داوە.
ئەم ئۆپەراسیۆنە مێژووییە کە بە ئامانجی دەستڕاگەیشتن بە بەڵگەنامە هەستیار و ستراتیک و زۆر نهێنییەکانی ڕێژیم داڕێژرابوو و لە ژینگەیەکی ئۆپەراسیۆنی سنووردار و لە ژێر توندترین ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی ئەو ڕژیمەدا ئەنجامدرا، لەم دواییانەدا بە گواستنەوەی ڕێژەیەکی زۆر لە بەڵگەنامەکان بۆ ناو وڵات بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات و ئێستاش هەموو هێزەکانی ئۆپەراسیۆن بە سەلامەتی لە بارەگاکانی خۆیان جێگیرکراون.
بۆیە پوختەیەک لە هەندێ لە ڕەهەند و دەستکەوتەکانی ئەم ئۆپەراسیۆنە باس دەکرێت.
ئەو بەڵگەنامانە لە باری ناوەڕۆکەوە، جگە لە هەمەجۆریی بابەتەکانیان، بەهای ستراتیژی و پراکتیکی و لێکۆڵینەوەیی و زانستییان هەیە. زانیاری جۆراوجۆر کە بەشێکیان لە بوارەکانی پەیوەست بە بەرنامەی نایاسایی و شاراوەی چەکی ئەتۆمی، لەوانە دامەزراوە، لێکۆڵینەوە، پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە ئەمریکی و ئەوروپییەکان، لەوانەش بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێستا و داهاتووی ڕژێمی زایۆنیستین.
بەشەکانی تریشی بریتین لە بەڵگەنامەکانی پەیوەست بە بەرنامە سەربازی و مووشەکییەکان، بەڵگەنامەی تەکنیکی پەیوەست بە پڕۆژەکان کە دوو بەکارهێنانی زانستی و تەکنیکییان هەیە، ناو، تایبەتمەندی، وێنە و ناونیشانی کۆمەڵێک بەڕێوەبەر و بەرپرس و زانای بەشدار لەو پڕۆژانە.
یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی دۆزراوەکان ئەوەیە؛ ڕژێمی زایۆنی جگە لە ڕەگەزنامەی خۆی، لێکۆڵەرانی خاوەن ڕەگەزنامەی وڵاتانی دیکەش بەکار دەهێنێت ، کە وردەکاری تەواویان لەبەردەستدایە. بێ گومان بەشێک لە بەڵگەنامەکان بۆ سەرنجی نەتەوەی سەربەرزی ئێران بڵاودەکرێنەوە و بەشێک لەو دەستکەوتە زانستی و توێژینەوەییانەی کە بەدەست هاتوون دەتوانرێت لە وڵاتی خۆشەویستمان کەڵکیان ڵێ وەربگیرێت و پێشکەش بە دامەزراوە و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بکرێت. ڕێژەیەکی بەرچاو لە بەڵگەنامەکان لەلایەن هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەمانەوە بەکاردەهێنرێن و بەشێکیان دەتوانرێت لەگەڵ وڵاتانی دۆست ئاڵوگۆڕ بکرێت یان پێشکەش بە ڕێکخراو و گروپە دژە زایۆنیستەکان بکرێت.
بەڵگەنامەکان بە ڕوونی نیشان دەدەن کە ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئورووپایی لە ڕۆڵی خۆیاندا وەک لایەنگر و هاوکار و بەڵێندەر، ڕۆڵیان لە بەرەوپێشبردنی بەرنامەکانی چەکی ڕژێمی تاوانکاری زایۆنیستیدا بینیوە و بەردەوامیشن ، بەڵام بە درۆ و بە دوو پێوەری کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەنگاونان بە ئاراستەیەکی نائاشتیانە تۆمەتبار دەکەن.
لە نێو سەرنجڕاکێشترین بەڵگەنامە دەستکەوتووەکاندا، ڕاپۆرتە زۆر و ناڕاستەکانی ڕژێمی تاوانکاری زایۆنیستی بۆ هەندێک لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان “دژی بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران” و لەوەش سەرنجڕاکێشتر ڕەنگدانەوەی هەمان درۆی ئاشکرای ڕژێمە لە ڕاپۆرت و ئیدیعای ئەو دامەزراوانەدا!
شێوازەکانی گەیشتن بە بەڵگەنامەکانی ڕژێم لەلایەن سەربازە نەناسراوەکانی ئیمامی زەمانەوە، هەروەها شێوازەکانی هێنانەدەرەوەیان لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین، بە شێوەیەک داڕێژرا و جێبەجێکرا کە تۆڕە ئەمنییەکان و ڕێڕەوی پارێزەری ئاڵۆز ڕژێم هەرگیز پەی تێ نابات.
خەمی تایبەتی ڕێژیم بۆ پاراستنی ئەم جۆرە بەڵگەنامە ستراتیژیانە بووە هۆی جێبەجێکردنی توندترین ڕێوشوێن بۆ پاراستنیان . بەم پێیە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئەو بەڵگەنامانە دەبوو بە پلانێکی تەواو زیرەک و فرە چین ئەنجام بدرێت. بۆیە ئاڵۆزیی ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە باسی لێوە دەکرێت، لە دەرەوەی تێگەیشتنی ڕێژیمدایە کە ئاگاداری ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی بێت یان لە ڕێگەی کردەوەی سەرنجڕاکێشەوە ناکارامەیی ئەمنیەتی و هەواڵگریی خۆی پەردەپۆش بکات؛ وەک چۆن لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە دەستبەسەرکردنی ژمارەیەک لە زایۆنیستەکان و لە ڕاستیدا قوربانیکردنیان، هەوڵی دووبارە بنیاتنانەوەی وێنە تێکچووەکەی لە چاوی خەڵکدا، بەڵام بێگومان ئەمە بەرهەمی نەبووە.
Your Comment