ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: بیبیسی لە ڕاپۆرتێکدا ئاوڕی لە داگیرکارییەکانی تورکیا لە قووڵایی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان داوەتەوە و دەڵێ تورکیا بە بیانووی شەڕ لە دژی پەکەکە، لە هەندێک شوێندا تا قووڵایی 40 کیلۆمەتریی خاکی عێراق چۆتە پێش.
بە گوێرەی لێکدانەوەی تیمی توێژینەوەی بیبیسی، ئەرتەشی تورکیا تا ئێستا لانیکەم 136 بنکەی سەربازیی سەقامگیریان لە باکووری عێراق کردۆتەوە و بە چێکردنی زیاتر لە 660 کیلۆمەتر جادە، کۆنتڕۆڵی زیاتر لە 2 هەزار کیلۆمەتری دووجا لە خاکی عێراقیان گرتۆتە بندەست.
گوندەکانی سەرگەلە وەک بەرەی پێشەوەی شەڕی تورکیا و پەکەکە و شارۆچکەی کانیماسی نمونەی بەرچاوی شوێنی ڕمبازێنی داگیرکارییەکانی تورکیان کە بە هۆی بوردمانی ئاسمانی و درۆنیی لە پەستای ئەو شوێنانە لە لایەن ئەرتەشی تورکیاوە بە سەدان قوربانیی مەدەنیان لێکەوتۆتەوە و زیاتر لە هەزاران کەسی دانیشتووی ئەو ناوچانە ناچار لە چۆڵکردنی زێدی خۆیان بوون.
هەڵاتنی خەڵکی خۆجێی ئەو شوێنانە وێڕای لەناوچوونی سروشت و ژینگەی سەرسەوزی کە سەردەمانێک بۆ باخە سێوەکانی بەناوبانگ بوو، ڕێخۆشکەر بووە بۆ پێشڕەویی لە پەستای تورکیا بۆ ناوخاکی عێراق و کردنەوەی بنکەگەلی گەورە و تۆکمەی سەربازیی بە جادەی گواستنەوەیی ئۆتۆمبیل و جیهازاتی سەربازیی و زرێپۆش و وەک دانیشتوویەکی خۆجێی ئەو ناوچانە دەڵێت: "تورکیا بە تەمای پەیوەستکردنی ئەو ناوچانە بە خاکی وڵاتەکەیەتی، بۆیە هەوڵی دەرپەڕاندنی ئەو خەڵکە دەدات".
پێشڕەوی تورکیا و پاشەکشێی عێراق
ژێنڕاڵ فەرهاد مەحموود لە فەرماندەکانی هیزی سنووری عێراق، بە ئاماژە بە پێشڕەویی ئەرتەشی تورکیا و پاشەکشێی هێزی سنووروانی عێراق لە بەرامبەر ئەوان، دەڵێ: "ئەو بازگانەی دەیانبینن، بازگەکانی تورکیایە و ئێمە تەنانەت ناشتوانین بۆ بژاردنیان لە سنووری خۆمان نزیک ببینەوە".
کارناسان لەو باوەڕەن کە ئەم پێشڕەوییانەی تورکیا بەشێکن لە سیاسەتی دەستێوەردەرانەی نوێی ئەنقەرە؛ ڕێک وەک ئەوەی لە باکووری سووریا و وەک "ناوچەی دابڕ" دەیکرد.
بێدەنگی بەغدا و ڕێککەوتنی هەولێر
دەوڵەتی بەغدا بە ئاشکرا دژی ئامادەبوونی سەربازیی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەیەتی، بەڵام بە کردەوە لەگەڵ داواکارییەکانی ئەنقەرە ڕاهاتووە و لە ئەنجامدا بەبێ ئەوەی ئاستەنگێک بخاتە بەردەم سەربازانی تورکیا لە پێشڕەوییان بۆ ناو خاکی عێراق، لە 2024دا دوو وڵات ڕێککەوتنێکیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هاوبەشی پەکەکە واژۆ کرد.
لە لایەکی ترەوە، دەوڵەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ تورکیا هەیە و ئەم پەیوەندییانە ڕێخۆشکەر بووە بۆ تۆکمەی پێگەی سیاسی و ئابووریی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرامبەر بەغدا و ڕکابەرانی هەرێمیی. بە چەشنێک کە سەرکردە کوردەکانیش بەبێ ئەوەی قامک بە چاوی تورکیادا بکەن، پەکەکە بە تاوانبار دەزانن.
نادادپەروەری، بایکۆت و مردن لەسای درۆنەکان
لە ئەگیستی 2023دا دوای کرانە ئامانجی خێزانێکی کوردی دانیشتووی سەرگەلە لە لایەن درۆنەکانی تورکیا و کوژران و برینداربوونی چەند کەسی ئەو خێزانە، یەکێک لە پاشماوەکانی ئەو ڕووداوە سکاڵای لە دژی ئەرتەشی تورکیا تۆمار کرد، بەڵام هیزی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، سکاڵاکەریان بە تۆمەتی پاڵپشتی لە پەکەکە بۆ ماوەی 8 مانگ زیندانی کرد؛ تۆمەتێک کە خێزانەکەی بە توندی ڕەتی دەکەنەوە.
هەر لەو پەیوەندییەدا بیبیسی بەڵگەگەلێکی دەستکەوتووە کە نیشان دەدا، دادگەکانی هەرێم دۆسیەی قوربانیانی ئەو ڕووداوەیان داخستووە و هۆی مەرگی کوژراوانیان "تەرکەی تەقینەوە" ڕاگەیاندووە و بەوجۆرە هەموو دەرگاکانیان بەڕووی خێزانی قوربانیانی هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ گەیشتن بە دادپەروەری داخستووە.
Your Comment