ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: لە گۆڕانکارییەکی بەرچاودا، گرووپە کوردییەکانی سووریا توانیان بگەنە دوورنوێنێکی سیاسیی هاوبەش. ئەم دوورنوێنە، دەڕوانێتە پێکهاتەیەکی فیدراڵی لە سووریا و ئۆتۆنۆمییەکی ناوچەیی بەهێزی ئاسایشی سەربەخۆوە بۆ کوردەکان. ئەم گەڵاڵەیە کە دەتوانێ خاڵێکی وەرچەرخان بێت لە گۆڕانکارییەکانی سووریادا، مانگێک پاش ڕێککەوتنی مێژوویی ئەحمەد شەرع و مەزلووم کۆبانی خەملاوە.
ئەگەرچی ئەو ڕێککەوتنە لە پڕۆسەی سیاسیی سووریادا بە هەنگاوێک بەرەو پێش دێتە ئەژمار، بەڵام هێشتا بە واتای مسۆگەربوونی هەموو مافەکانی کورد نییە و شەرع بە پێشینەی پەیوەندیی لەگەڵ تەحریرولشام و کۆبانی بە پێشینەی پەیوەندیی لەگەڵ پەکەکە، نوێنەرانی دوو ڕەوتی تەواو جیاواز لە سووریان. بەوەشەوە گفتوگۆی نێوانیان ڕێککەوتنێکی بەدواوە بوو کە بەپێی ئەو بڕیارە لە بری ئاگربڕ، گەڕانەوەی ئاوارەکان و پێدرانی مافی هاووڵاتێتی، هێزەکانی هەسەدە ئاوێتەی پێکهاتەی حکوومی سووریا بن.
بەڵام کێشەی سەرەکی لەمناوە، جیاوازیی قووڵی ئایدیۆلۆژیی نێوان هەسەدە و تەحریرولشام(HTS)ـه؛ هێزێکی سکۆلار و چەپگەرای کوردی لە بەرامبەر گرووپێکی ملیشیای ئیسلامخواز کە ئەمریکا بە تیرۆریستی دەزانێ. هەر بۆیە پێدەچێ لە داهاتوودا و پاش پێکهاتنی دەوڵەتی گواستنەوەیی لە دیمەشق، ئەم جیاوازییانە زیاتر دەردەکەوێت.
هەر لەو پەیوەندییەدا بەدران چیا کورد لە بەرپرسانی باڵای ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، خوازیاری جێگربوونی سیستەمێکی فیدراڵ، پەرلەمانی، دیموکراتیک و زۆرینەخواز لە سووریا بوو. ئەو بە ئاماژە بە مەترسیی بەردەم کەمینە ئیتنیکی و مەزهەبییەکانی پاش کۆمەڵکوژیی عەلەوییەکان، جەختی کرد کە پاراستنی بەڕیوەبەریی فەرهەنگی و سیاسیی گرووپەکان لە ناوچە خۆجێیەکانیان، دەبێ لە یەکەمایەتیدا بێت.
لە لایەکی ترەوە کەمینەگەلی عەلەوی، درۆزی و کورد کە نیگەرانی چارەنووسی خۆیان لە سووریای پاش ئەسەدن، بە دوای وەرگرتنی پاڵشتیی بیانی و بەتایبەت ئیسرائیلن، پەیوەندییە پێشووەکانی ئیسرائیل لەگەڵ کوردەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگای درۆزییەکانی لوبنان و ڕۆڵی نافەرمیی ئەو ڕژیمە بۆ داکۆکی لەدرۆزییەکانی دانیشتووی بەرزاییەکانی گوڵان، دەتوانێ ڕێخۆشکەری نزیکبوونەوەی زیاتری لە کەمینە نوێیەکانی سووریا بێت. ئەگەرچی نزیکیی هەندێک ڕەوتی کوردی لە پەکەکە و مەودای جوگرافیایی ئەو گرووپانە لە سنوورەکانی ئیسرائیل، سەرگرتنی ئەو پاڵپشتییەی دژوار کردووە.
سولەیمان ئۆسۆ سەرۆکی ئەنەکەسە، بە ئاماژە بەوەی کە ڕاگەیێندراوی هاوبەشی گرووپە کوردییەکان لە کۆتایی مانگی ئایپرێڵدا بڵاو دەبێتەوە، لای وایە کە پاش ڕووخانی ئەسەد، سیستەمی فیدراڵی تاقە ڕێگەچارەی پێکهاتەی سیاسیی داهاتووی سووریایە.
بەوەشەوە دەستووری کاتی سووریا کە لە ساڵی 2025دا لە لایەن شەرع ڕاگەیێندرا، بەرەوڕووی ناڕەزایەتی کوردەکان بۆوە، چونکە لەو بەڵگەیە هیچ ئاماژەیەک بە فرەچەشنی ئیتنیکی و زمانیی سووریا نەکراوە و هاوکات شەرعیەتی ئیسلامی وەک تاقە سەرچاوەی سەرەکیی یاسادانەری ناسێندراوە و عەرەبی وەک تاقە زمانی فەرمی وڵات پێناسە کراوە. هەر بۆیە کوردەکان ئەم دەستوورە بە هەوڵێک بۆ سەپاندنی سیستەمێکی ناوەندخواز و ئیسلامخواز دەزانن.
پێکهاتەی ئێستای سووریا کە میراتی ڕێککەوتنی سایکس-پیکۆیە، لە دەیەکانی ڕابردوو بە هۆی پێکهاتەی فرەچەشنی ئیتنیکی و مەزهەبی، بۆتە گۆڕەپانی شەڕ و ناسەقامگیری، و ڕێکاری واقیعگەرانە بۆ تێپەڕین لە قەیرانە تەشەنەدارەکانی ئەو وڵاتە، پێویستی بە سازدانی سیستەمێكی ناناوەندخواز بە پاراستنی ئۆتۆنۆمی و خۆسەریی کەمینەکانە؛ پێکهاتەیەک کە ڕەنگە بتوانێ دەسپێکی وەرزێکی نوێ لە سووریای بەر شەڕ کەوتبوو بێت.
Your Comment