بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ساڵح موسلیم لە دیمانەیەکی تەلەفونی لەگەڵ بەشی تورکی بیبیسی، بە ئاماژە بە لێدوانی باشی بەرپرسانی تەحریرولشام و چاوەروانیی کوردەکان بۆ کردەییکردنی ئەو لێدوانانە، وتی: ئەوان ئەگەر هەنگاوێک لێمان نزیک ببنەوە، ئێمە دوو هەنگاو بەرەو پیریان دەچین.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە تەحریرولشام بەشێکە لە سووریا و کوردەکانی ئەو وڵاتە سەرەڕای ئەندێشە و ئایدۆلۆژیی ئەو گرووپە، بەدوای هاوژینی ئاشتەواییانە لە سووریان، وتیشی: تەنیا خاڵی سووری ئێمە، قبووڵکردنی بوونی ئێمە وەک پێکهاتەیەک لە سووریایە و ئەگەر ئەوان ڕێز لە فەرهەنگ و باوەڕی ئێمە بگرن، ئێمەش ڕێز لەوان دەگرین. ئەگەر هەڵەیێکیش لە کاری ئێمەدا هەیە دەتوانین بە گفتوگۆ چارەسەری بین.
هاوسەرۆکی پێشووی پەیەدە وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی بۆ ڕابردووی تەحریرولشام و شەڕەکانی پێشووی نێوان کوردەکان و بەرەی نوسرە و گرووپە تیرۆریستییەکانی تر، ڕایگەیاند: ئەوان ئێستا ئیدعای گۆڕان لە هەڵوێستەکانیان دەکەن و ئەگەر ئەوە بەکردەوە ڕاست بێت، ئەوا دەتوانین پێکەوە بەدوای ڕێگەچارەیەکی هاوبەشدا بگەڕێین. کەواتە ئەوڕۆکە تەحریرولشام هەلێکی بۆ ڕەخساوە و دەتوانی نیشانی بدات کە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و دەتوانی هەنگاوی ئیجابی هەڵگرێت، دەنا ئەگەر هەر سەر هەڵویستەکانی پێشووی بێت، ئەوان ڕەنگە وەک ڕابردوو بەرەوڕووی یەکتر ببینەوە.
موسلیم بە ئاماژە بە ڕۆڵی ئیجابی پەیەدە لە پڕۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات لە سووریا و هەڵەی گەورەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بانگهێشتنەکردنی کوردەکان بۆ بەشداری لە دانوستانەکانی ژێنێڤ، جەختی کرد: هەموو باس لە بڕیارنامەی ٢٢٥٤ی ئەنجومەنی ئاسایش لە دژی سووریا دەکەن، بەڵام ناکرێت چاوپۆشی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بکەن. کەواتە ئەگەر دەیانەوێ کێشەکە چارەسەر بکەن، دەبێ هەموو لایەنەکان بەدەوری میزێکەوە کۆبکەنەوە.
ناوبراو هەروەها ڕەخنەی لە هێرشەکانی ئەرتەشی نیشتمانی سووریا بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە گرت ناچارکردنی کوردەکان بۆ گواستنەوەی ١٢٠ هەزار کەسی ئاوارە لە مەنبەجەوە گرت و ڕاشیگەیاند: ئێمە پێشتر لەگەڵ ئەرتەشی ئازادی سووریادا هاوکاریمان بووە، بەڵام ئێستا چاومان لە تورکیایە بۆ سازدانی ئاگربڕ لە نێوانمان و وەستاندنی ئەو گرووپە کە زۆربەی ئەندامەکانی خەڵکی ئەم ناوچەیە نین، چونکە دەزانین ئەو هێرشانە بە هاندانی تورکیا ئەنجام دەدرێت.
ئاماژەی بەوەش دا: تورکیا لەو باوەڕەیە کە پارتی یەکێتی دیموکراتیک بەدوای پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە باکووی سووریایە، کەچی ئێمە وەک هەمیشە ئەو ئیدعایە ڕەت دەکەینەوە، چونکە هیچکەس هێندەی ئێمە پەیجۆری پڕۆژەی یەکگرتوویی لە سووریادا نییە.
ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پەیەدە لە وەڵامی پرسیار لەبارەی فەرمانبەریی پەیەدە لە پەکەکە و بەشداریی کوردەکانی سووریا لە هێرشە تیرۆریستییەکان بۆ سەر تورکیا، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو پاگەندەیە، لەبارەی هەوڵەکان بۆ دانوستان و گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا، جەختی کرد: ئەگەر تورکیا بیەوێ، ئێمە ئامادەی دانوستانین و ئەگەر یەکەم هەنگاوەکان هەڵگرێت ئەوان نیاز پاکی ئێمە دەبینن. کەواتە ئەگەر تورکیا بیەوێ ئەوا ئیلهام ئەحمەد(بەرپرسی پەیوەندییە دەرەوەییەکانی سووریای دیموکراتیک) دەچێتە ئەنقەرە.
ساڵح موسلیم لەبارەی داهاتووی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و ئەگەری گۆڕانی سیاسەتی ئەمریکا پاش هاتنە سەرکاری دۆناڵد ترامپ، وتی: هاوکاریی ئێمە پێشتر بەپێی بەرژەوەندیی هاوبەش بوو و ئیستا ڕەنگە هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بکشێنەوە، بەلام ەئوە بە مانای سڕانەوەی ئێمە نییە. هەر چەند سیاسەتەکانی ئەمریکا درێژخایەنە و بە گۆڕانی سەرۆک کۆمارێک، گۆڕانی بەسەردا نایەت و بڕوا ناکەم، ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بکشێتەوە.
ناوبراو لەبارەی درێژەی هاوکارییەکان لەگەڵ ئەمریکا ڕوونی کردەوە: ئەو بابەتە دروەستی بە بەرژەوەندی ئەوانەوە هەیە و ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان تێدەکۆشن، نەک بۆ ئێمە. بەڵام بەوەشەوە بەرژەوەندی ئەوان بە قازانجی ئێمەیە.
Your Comment