AP ١٤٠٣ خەرمانان ٢٦ ١٧:١٢

لە کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیی ئەمڕۆدا؛

پزشکیان: کارەکان بەپێی هاوڕیزی و یەکگرتوویی ڕادەپەڕێنین

پزشکیان: کارەکان بەپێی هاوڕیزی و یەکگرتوویی ڕادەپەڕێنین

سەرۆک کۆماری ئێران لە یەکەمین کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانییدا وتی: کارەکان بەپێی هاوڕیزی و یەکگرتوویی ڕادەپەڕێنین و دیارە ئەمە کارێکی دژوارە و ڕەخنەشمان لێ دەگیرێت.

بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی مەسعوود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٣٠٠ هەواڵنێری ناوخۆیی و دەرەوەیی، لە هۆڵی دانیشتنی سەرۆکانی تاران دەستی پێکرد.

پزشکیان لە سەرەتای کۆنفڕانسەکەیدا بە ئاماژە بە باوەڕی کەسێنیی بە جێگرکرانی کەسانی لێهاتووی ئەم وڵاتە لە پێگەی گونجاو و شایستەیان، ڕایگەیاند: کەسەکان سەرەڕای ئەوەی ڕاست یان چپ، تورک، کورد، لۆڕ، تورکەمان و یان لە هەر گەل و ڕەگەزێک بن، مافی ئەوەیان هەیە لە پێگەی شایستەی خۆیاندا دابنرێن.

سەرۆک کۆمار بە بیرهێنانەوەی پێداگریی بۆ راپەڕاندنی کاروباری وڵات بەپێی هاوڕیزی و یەکگرتوویی، ڕاشیگەیاند: هەڵبەت ئەمە کارێکی دژوار و جێی ڕەخنەیە، بەڵام ئێمە هەوڵمان داوە بە هاوڕیزییەوە هەنگاو بنێین.

جەختی لەوەش کرد: ئێمە سەرەڕای بەرە و لایەنی کەسەکان، بە دوای کەسانێکەوە بووین کە ئەزموون و پیشینەی باش و کاریگەریان هەبێت و لەوبارەیەوە دەبێ دەستخۆشی لە مەجلیس و ڕێبەری مەزن بکەین کە یارمەتییەکی زۆریان داین و لە ئاکامدا دەوڵەتێک لەو چوارچێوەیەدا پێکهات.

پزشکیان لە وەڵامی پرسیار لە ئایدیای یەکگرتوویی وڵاتانی ئیسلامی و هەڵگرتنی سنووری نێوان ئێران و دراوسێکانی لە سەفەر بۆ عێراق، هاوشێوەی ئەزموونی یەکێتی ئەورووپا، ڕوونی کردەوە: ئەو ئایدیایە بە واتای بردنە ژێر پرسیاری ئاسایش و سەروەری و سنووری وڵاتان نییە و بگرە ڕاپەڕاندنی بڕیارێکی لەو چەشنە دەتوانێ ڕێخۆشکەر بێت بۆ تۆکمەی ڕوانین و سازبوونی زبان و بازاڕێکی هاوبەش کە بەرگری لە مافی موسڵمانان دەکات.

سەرۆک کۆمار پاشان سەبارەت بە سێ یەکەمایەتیی سیاسەتی ناوخۆیی دەوڵەتەکەی بۆ جارەسەری و باشترکردنی مەعاش و هەلومەرجی ژیانی خەڵکی، وتی: لە هەنگاوی یەکەمدا دەبێ کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییە چارەسەر بکەین و متمانە بدەین بە بەرهەم‌‌هێنەران و سەرمایەدانەران و کەشێکی لەبار بۆ بلیمەتان و داهێنەران بڕەخسێنین. ئینجا کێشە و پرسەکانمان لەگەڵ جیهان و لەوان لە بواری FATF و بەرجام چارەسەر بکەین، بۆوەی وڵات بگەیێنینە ئەو دوورنوێنەی کە ڕێبەری باڵای شۆڕش ئاماژەیان پێداوە.

ناوبراو هەروەها سەبارەت بە پێوەندییەکانی داهاتووی ئێران و چین، وێڕای نرخاندنی ڕۆڵی ئیجابی دەوڵەتی پێکەن بۆ ناوبژیگەریی ئێران و عەرەبستان، وتیشی: پێوەنیمان تا ئێستا لەگەڵ چین باش بووە و ڕێککەوتنی ٢٥ ساڵەی ئێران و چین، شوێنێکە کە دەتوانین تەرکیزی زیاتری لەسەر بکەین و ڕایپەڕێنین.

پزشکیان لە وەڵامی هەواڵنێری ئانادۆلو، لەبارەی ئاستی پێوەندییە ئابوورییەکانی ئێران و تورکیا، وێڕای ناساندنی تورکیا بە دۆست و برای دێرینەی ئێران، ڕایگەیاند: دیارە ئەو نزیکی لە باوەڕ و فەرهەنگ و درواسێتییە، ئەنگێزەی ئێمە بۆ سەرمایەدانەریی هاوبەش لەمبەر و ئەوبەری سنوورەکانە و بێ گومان لە رێگەی دانوستانی نێوان ئێران و تورکیا دەکرێت لەگەڵ پاکستان، ئەفغانستان، کازاخستان، تورکمەنستان و وڵاتانی تر پێوەندی ساز بدەین.

سەرۆک کۆمار لە بەشێکی تر لە وتەکانیدا ئاماژەی بە ناتەرازیی ئابووری وڵات دا و سەبارەت بە خراپیربوونی ناتەرازییەکان لە بواری کارەبا، گاز، بەنزین و پارە، داوای یارمەتی لە میدیاکان کرد و جەختی کرد: میدیاکان دەبێ لەمبارەوە یارمەتیی دەوڵەت بدەن و ئەگەر چارەسەرییەک بۆ ناتەرازییەکان نەدۆزینەوە، بێ گومان لەملاوئەولا هەموو دەنگ هەڵدەبڕن و ئەمە لە خۆیدا دەبێتە ئاستەنگێک لە بەردەم چارەسەریی کێشەکان.

ناوبراو لە درێژەدا سەبارەت بە هەوڵی دەوڵەت بۆ بووژاندنەوەی کورسیگەلی ئازادئەندێشی ڕوونی کردەوە: ڕێبەری باڵای شۆڕش زۆر پێشتر جەختیان لە چالاک‌کردنەوەی کورسیگەلی ئازادئەندێشی کردووە و وەک جەهادێک وەسفیان کردووە. هەڵبەت ئازادئەندێشی بە واتای بایکۆت و سڕینەوەی دەنگە دژەکان نییە و سەرەتا پێویستە زەینەکانمان بکەینەوە بۆوەی لەگەڵ یەکتری هەڵبکەین.

پزشکیان هەروەها سەبارەت بە گەمارۆکان، وتی: ئێمە نامانەوێ گەمارۆ بدرێین و لەگەڵ کەسدا شەڕمان نییە و پابەندی یاساین و دەبین. لەمناوە ئیسرائیل بە کارەکانی لە ناوچەدا و بە تیرۆری شەهید هەنیە لە تاران، دەیەوێ ئێمە لە شەڕێکی ناوچەییدا بگلێنێت و ئاسایش ناوچە تێکبدات.

وتیشی: ئێمە مافی بەرگری لە خۆمان لە کات و شوێنی نادیاردا پاراستووە و بەشەوە هەموو ڕێگەکان بۆ لابردنی ئاستەنگی بەردەم وڵاتەکەمان دەگرینە بەر.

سەرۆک کۆمار بە ئاماژە بە هەوڵی دەسەڵاتە بیانییەکان بۆ ئاژاوەنانەوە لە نێوان گەلانی ناوچە، زیادی کرد: ئێمە و دراوسێکان پێکەوە پەیجۆری زمانێکی هاوبەش دەبین و هاوکاتی تۆکمەکردنی پێوەندییەکانمان لەگەڵ دراوسێکان، پەیجۆری ڕێککەوتنەکانی شانگهای و بریکس‌ـیش دەبین.

پزشکیان جەختی لەوەش کرد: ئێمە بە دوای چەکی ئەتۆمییەوە نین و ئەوە ئەوانن کە دەڵێن ئێمە نابێ مووشيکمان هەبێت. ڕەنگە دەیانەوێ ئێمەش وەک غەزە لە بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیلدا دەستەوەستان بین. کەواتە ئێمە بۆ پاراستنی ئاسایشی خەڵکی پێویستمان بە هیزی بەرگرییە و لەو خواستەیش ناکشێنەوە. ئەگەر ئەمریکاش مافی ئێمە ڕەچاو بکات، ئێمە لە دژی ئەمریکا و هیچ وڵاتێکی تریشدا ناجووڵێینەوە.

News ID 51717

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha