بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، حیزبوڵڵای لوبنان بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک، دەستپێکی قۆناغی یەکەمی وەڵامدانەوەی خۆی بۆ تیرۆرکردنی شەهید فواد شوکر فەرماندەی باڵای حزبوڵا کە لە بەیروت لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستیەوە شەهید کرا، ڕاگەیاند بە هەڵدانی دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.
لەم بەیاننامەیەدا حیزبوڵڵای لوبنان ئامانجی تێکشکاندنی لانیکەم ١١ بنکەی سوپای ڕژێمی زایۆنی لە باکووری ناوچە داگیرکراوەکان و ناوچەی گوڵانی داگیرکراو ڕاگەیاند.
سەرچاوەکانی هەواڵ باس لە داخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بن گوریۆن لە تەلئەبیب و ڕاگرتنی سەرجەم گەشتە هاتوو و دەرچوونەکان لە ناوچە داگیرکراوەکانەوە دەکەن.
کەناڵی ١٢ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی بڵاویکردەوە، دەیان مووشەک کە لە باشووری لوبنانەوە تەقێندرابوون، بەر ناوچە داگیرکراوەکان هاویشتراون.
حزبوڵا لە بەیاننامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە: ئۆپەراسیۆنەکەمان کاتی دەوێت و دوای ئەوە بەیاننامەیەکی ورد لەبارەی ڕێگا و ئامانجەکانی بڵاودەکاتەوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ، میدیاکانی زایۆنیستی دانیان بە تەقاندنی لانیکەم ٣٢٠ مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە باشووری لوبنانەوە بۆ باکوری فەلەستینی داگیرکراو دانا.
Your Comment