AP ١٤٠٣ پووشپەڕ ٢٨ ٠٨:٢٠

کەماڵ ڕەئووف، ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسی بۆ ئاژانسی مێهر:

پارتی و یەکێتی ناچارن لە سەر خوێن و گۆشتی کورد لەگەڵ تورکیا ڕێککەون

پارتی و یەکێتی ناچارن لە سەر خوێن و گۆشتی کورد لەگەڵ تورکیا ڕێککەون

ڕۆژنامەنووس و چاودێرێکی سیاسی کورد جەخت لەوە دەکات کە تورکیا نەهاتووە کە بگەڕێتەوە و ئامانجی داگیرکاریە و لە بەر بەرژەوەندی حزبی و تاکەکەسی حوکمڕانانی هەرێم ناچارن گوێڕایەڵی بن و لە سەر خوێنی کورد لەگەڵی ڕێککەون.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_حەلیمە مەڵایی:پەیماننامەی ساڵی 1984 لە سەردەمی حوکمڕانی حزبی بەعس لە عێراق هێشتا پاساوێکە بۆ ئەوەی ئەنقەرە لە ڕووی سەربازییەوە بچێتە ناو عێراقەوە.
بەگوێرەی ئەو پەیمانە کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، عێراق و تورکیا بۆ ماوەی ساڵێک ڕێگەیان بە یەکتر داوە بە قووڵایی 5 کیلۆمەتر بچنە ناو خاکی یەکترەوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هاوبەش دژی کورد. بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دوی ڕووخانی ڕژێمی بەعسیش دەیبینین پێشێلکردنی هەمان پەیمانە لە لایەن تورکیاوە؛ بە واتایەکی تر تورکیا بەم پەیمانە و ڕێککەوتنەش ڕازی نییە، بەڵکوو گەیشتووەتە قووڵایی 40 کیلۆمەتر لە خاکی عێراقدا و تەنانەت لە بادینان زیاتریش هاتووەتە ناو خاکی باکووری عێراق. شایانی باسە لە کاتی شەڕی داعشدا تورکیا تەنانەت لە ڕێگای وشکانییەوە چووە ناو پارێزگای مووسڵ و بنکەی سەربازی دانا.

ئۆپراسیۆنی سەربازی تورکیا لە قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان بووەتە هۆی خەساری گیانی و مادی بۆ هاووڵاتیان و ئێستاش دانیشتووانی زیاتر لە 6000 گوندی ناوچەکە مەترسی ئاوارەییان لەسەرە.

ئەم دۆخە دوای سەفەرەکەی ماوەی ڕابردووی ئەردۆغان بۆ بەغدا قەیرانی بووەتەوە و ئێستا حکوومەتی ناوەندی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرانبەر ئەم لەشکەر کێشی و داگیرکاریەی ئەردۆغان بێدەنگن.

سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان و بێدەنگی حوکمڕانانی هەرێم و خەمساردی کۆمەڵگای مەدەنی عێراق و هەرێم، هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر لەگەڵ کەماڵ ڕەئووف چاودێری سیاسی و ڕۆژنامەنووس قسەی کردووە کە دەقی قسەکانی لە خوارەوە بڵاو دەبێتەوە.

تورکیا ساڵانێکە پەلاماری خاکی کوردستانی عێراق دەدات و لەم ساڵانەشدا کوردستانی سووریای داگیرکردووە، بەڵام هیچ کات وەک ئەم دواییانە بە ئاشکرا لەشکەر کێشی نەکردووە ، ئێستا کە ٧٠ لەسەدی دهۆکی بە دەستەوەیه و پەلی گەیشتووەتە هەولێر، هۆکاری ئەم داگیرکاریە چییە؟

دیارە تورکیا هێشتا لە خەوی ئیمپراتورییەتی عوسمانی خەبەری نەبووەتەوە و ئەم ڕۆحە پاوانخوازییەی کە لە ناو تورکیا هەیە بە دژایەتی کردنی نەتەوەکانی دەوروپشتی و بە داگیرکردنی خاکی وڵاتانی تر ، سنووری تێپەڕاندووە. تورکیا تەنیا پەلاماری عێراق و سووریای نەداوە تەنانەت پەلی هاویشتووە بۆ لیبیا و ناوچەکانی دیکە. و تموحی پاوانخوازی هەیە. ئەوەی کە تورکیا دەستێوەردان دەکات لە وڵاتانی دیکە بەشێکی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەنقەرە دەیەوێت کێشە و قەیرانی ناوخۆیی تورکیا بەرێتە دەرەوە و ئەو پەیامەش بە هاووڵاتییانی تورکیا بدات کە تورکیا دەوڵەتێکی گەورەی وایە توانای هەیە کە کۆنترۆڵی زۆر شوێن بکات و ئەوەی کە نایکات ڕەحم بە خەڵک و بەو وڵاتانە دەکات کە دراوسێی ئەوەن. ئەمە هەمان ئەو عەقڵیەت و تێڕوانینەیە کە دەوڵەتی عوسمانی کاتی خۆی هەیبووە و و تموحی داگیرکاری و پێشێلکردنی مافی نەتەوەکانی تری زۆر بە ئاسانی ئەنجام داوە.

هەروەها ئەو ڕۆحیەتەی لەناو تاکی کورد دروست کراوە کە تورک دەوڵەتێکە یاخود نەتەوەیەکەکە ئەبێ هەمیشە دەوڵەتی عەزەمەت و دەوڵەتی خۆ سەپاندن بێت ئەمڕۆحیەتە هەتا ئێستا لەناو سوپای تورکیا و لەشکر و فەرماندە لەشکرییەکانی تورکیا هەیە.

ئەوەشی کە ئێستا تورکیای بەرەو ئەو ئاقارە بردووە ئەوەیە کە تورکیا بەشێکە لە ناتۆ و بە چەکی ناتۆ هاتووە و بە پشتیوانی هەندێک لە هێزە نێودەوڵەتییەکان ئەم کارانە دەکات و ئەوان بۆ ڕازیکردنی تورکیا چاوپۆشیان لە زۆر شت کردووە.

لە ساڵانی ڕابردووە تووکیا کۆمەڵێ دەستوەردانی زۆری کردووە لە سووریا و و هێزی تیرۆریستی تێدا جێگیر کردووە و دەستوەردانی کردووە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیش تا ڕادەیەکی زۆر. تورکیا پێی وایە کە بەشێک لە خاکی عێراق کە تورکمانی تێدایە سەر بە تورکیایە و چاوی لە خێر و بێری ئەم وڵاتانەیە. بۆیە حەز دەکات هەموو ئەو وڵاتانەی کە دراوسێ تورکیان ئەوەندە هەمیشە ئارامی و شڵەژاوییان تێدا بێت تاکوو ئەو بتوانێ ئەسپی خۆی تیادا تاو بدات واتا بتوانێت تموحەکانی خۆی جێبەجێ بکات.

بۆچی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاوا بێدەنگە کە هەموان دەڵێن دەستی تێکەڵە لەگەڵ ئەردۆغان؟

حکوومەتی عێراق کاتی خۆی دەیویست بەنداوی بێخمە دروست بکات لە ساڵانی چلەکان و ناوەڕاستی سییەکان دەستی پێکرد کە کێشەی ئاو لە عێراق و هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، بەداخەوە ئەم حکوومەتەی خۆمان واتا پارتی و یەکێتی ڕازی نەبوون وا بەنداوی بێخمەیان تاڵان کرد ئێستا ناچارن بۆ پرسی ئاو لەگەڵ حکوومەتی تورکیا ڕێککەون لەسەر گۆشت و خوێنی خەڵکی کورد و وا تەنازول بکەن بۆ تورکیا.

هەندێ لایەنی کوردی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان هەر لە سەرەتاوە هاوکاری تورکیا بوون و دژایەتی هەموو هەنگاوێکی پەکەکەیان کردووە و داکۆکییان لە هەموو هەنگاوێکی تورکیا کردووە. ئەو مەنتیقانەی بادینانیش کە مەنتیقە نەفۆزی پارتی دیموکراتی کوردستانە بەداخەوە زەرەرمەندی یەکەم بوون و ئەم ناوچانە بەشێکی زۆری داگیر کراوە.
ئەگەرچی تورکیا دەڵێت بۆ لێدانی تیرۆریزم هاتووە و پەکەکە دەکاتە بیانوو، کەچی هێزی لە بەعشیقه و موسڵ هەیە که پەکەکەشی تێدا نییە و بە ئاشکرا دەستێوردان لە کەرکووک دەکات، پێتان وایە سەرەڕووی تورکیا تا کوێ ئەڕوات و خاڵی وەستانی تورکیا کوێیە لەم داگیرکاریەدا؟

سەبارەت بە بیانووی پەکەکەش من پێم وایە تورکیا زۆر باش خۆی دەزانێت کە پەکەکە هۆکار و چەکێکە بە دەستیەوە، ئەگینا تورکیا بە ڕەسمی وتوویە و چەند جارێکیش لە زمانی بەرپرسانی ئەو وڵاتە بیستراوە کە تورکیا دژی کوردە نە دژی پەکەکە. تورکیا نایەوێت دان بە بوونی نەتەوەی کورددا بنێت. نایەوێت ئیعتراف بە بوونی نەتەوەیی کورد بکات. تەنیا لە هەڵبژاردنەکاندا نەبێت کە ناوی کورد دەبات و چەند کەسێک دەخاتە پێش خۆی بە تایبەت ئەوانەی سەر بە ئەکەپەن. ئەگینا ئەوان لە ناخی خۆیاندا دژی بوونی هەر نەتەوەیەکی ترن جگە لە تورک لە خاکی خۆیاندا. ئەوان هەموو خواستیان ئەوەیە تا ئەو جێگایەی کە بتوانن و دەستیان کراوە بێت مەسەلەی کورد پووچەڵ بکەنەوە و خواستەکانی کورد بیخەنە ژێر گڵەوە.

دوای هەموو هەڵبژاردنێک ئەو کێشانە لە تورکیا لە باتی چارەسەری ، دەبنە کێشەی گەورەتر. ئەو عایەقانەی کە لە بەردەمی نەتەوەی کورد لە تورکیا داینابوو، وردە وردە تێپەڕیوە. ناکرێت بڵێین هەموو ئەمانە پەکەکەن ، بەڵام هەموان مەسەلەی کوردیان لا گرنگە. بەڵام بە داخەوە لە عێراق تا ئێستا تەفاهومی ئەوە نەکراوە و لە هەرێمی کوردستان دابڕانێکی گەورە دروست بووە لە بەینی پرسی نەتەوەیی پرسی حزبی و بەرژەوەندی شەخسی زاڵ بووە بە سەر بەرژەوەندی گشتیدا و هەندێ حزب چوونەتە پاڵ داگیرکەر.

من پێم وایە تورکیا بۆ ئەوە نەهاتووە بگەڕێتەوە. تورکیا وردە وردە دەیەوێت جێی خۆی بکاتەوە و خەڵک و کۆمەڵگا ڕابێنێ بەوەی کە بوونی خۆی لەم ناوچانە ئاساییە بکاتەوە. وا نیشان بدات کە مەسەلەی ئەوەیە گوایە ئەمنی ستراتیجی سنووری خۆی دەپارێزێت. بەڵام ڕاستیەکەی ئەوە نییە. تورکیا دەتوانێت لە ناو سنووری خویدا دیوار دروست بکات هەرچی دەکا کەیفی خۆیە بەڵام ناتوانێ پەلاماری وڵاتێکی تر بدات.

بەغدا و هەولێر کە بێدەنگن لەم داگیرکاری و ماڵوێران کردن و ئاوارەکردنەی خەڵکی گوندنشینی سنوور، کۆمەڵگای مەدەنی هەرێم بۆچی خەمسارد و بێ هەڵوێستە و وەکوو ساڵانی ڕابردوو تەنانەت یەک گردبوونەوەش نابینین؟ ئایا لە لای تاکی کورد و بە تایبەت کۆمەڵگای خوێندکاری و ڕووناک بیردا ئەم داگیرکاری گرینگ نییە؟

کێشەکە لێرەدایە کە تورکیا ناوچەکەی ستراتژیکە و هەندێک وڵات و شوێن و ناوچە و حیزبی کوردیش پاڵپشتیان دەکەن و ئەمە یەکێکە لە خەمە گەورەکانی ئێمە وەکوو ڕۆشنبیر وەکوو تاکی کورد.

بەڵێ ڕاستە تورکیا دەوڵەتێکی گەورەیە ڕاستە ئیمکاناتێکی هەیە، قودرەتێکی هەیە بەڵام تورکیا ئەو مافەی نییە کە دەستوەربداتە ناو وڵاتانی دیکە . هەم بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەم بە پێی ئەوەی کە تورکیا بۆ خۆی لە ناخەوە داڕەزاوە لە کێشە لە گرفت و لە قوربانی بوونی خەڵک.

میدیا نێودەوڵەتەکان بەردەوام ئەو ڕاپۆرتانە بڵاو دەکەنەوە کە تورکیا گەورەترین زیندانی سیاسییە گەورەترین زیندانە بۆ ڕۆژنامەنووسەکان.

دەبێ ڕۆشنبیرانمان و سیاسییەکانمان دەستێوەردانی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژئاوا بۆ پرسی کورد، بە هەند وەربگرن و هەڵوێستیان هەبێ لێی کە ئیستا خۆشبەختانە تا ڕادەیەکی زۆر خەڵکی ڕۆشنبیر و تاکی کورد بە گشتی تێدەگەن کە ئامانجی جووڵەی تورکیا ئامانجێکی داگیرکارییە نەک دژی پەکەکە و دژایەتی کردنە لەگەڵ بوونی کورد لە ناوچەکە.

News ID 50942

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha