بە پێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، بە گێڕانەوە لە شارپرێس،لە شاری قامیشلۆی كوردستانی سووریا ئیدارەی خۆسەری باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا زیانەكانی هێرشەكانی دەوڵەتی توركیای لە نێوان ٥ بۆ ٩ی ئۆكتۆبەر لە دژی ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیاند.
زیانەكانی دوایین هێرشەكانی دەوڵەتی توركیا دژ بە ناوچەكە بۆ ڕێكخراوە ناوخۆیی و جیهانی و مرۆیی و یاساییەكان ئاشكرا كرا.
بەپێی ئاماری بڵاوكراوە، 17 دامەزراوەی غاز و نەوت كرانە ئامانج، بەهۆیەوە زیاتر لە 5 ملیۆن هاووڵاتی زیانیان بەركەوت.
هەروەها 11 وێستگەی كارەبا كرانە ئامانج، زیاتر لە 2 ملیۆن كەس لە حەسەكە، عامودا، ڕمێلان، ترپەسپی، قامیشلۆ، دەرباسییە و ناوچە گوندنشینەكانیان زیانیان بەركەوت.
دوو پرۆژەی ئاو كرانە ئامانج، لە ئەنجامدا ١٨ وێستگە بەهۆی ئامانجكردن و پچڕانی كارەباوە لە خزمەتگوزاری دەرچوون لەنێویاندا وێستگەی ئێلۆك.
دوو نەخۆشخانەی دەڤەری جزیرە و كۆبانێ بەتەواوی لە خزمەتگوزاری دەرچوون.
چالاكی پەروەردەیی ڕاگیرا، 48 ناوەندی پەروەردە كرانە ئامانج و هەزاران خوێندكار بێ خوێندن مانەوە. لە هێرشەكانی سەر ئەو ناوەندانەدا ٢ منداڵ شەهید بوون، منداڵێكیش بە سەختی بریندار بوو.
سێ دامەزراوەی پیشەسازی لە زۆر ناوچەی جزیرە و كۆبانێ لە خزمەتگوزاری بێبەش بوون.
ئەكادیمیایەكی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ لە ناوچەی ڕمێلان بە تەواوی لەناوچوو.
بە گشتی 104 شوێن و باڵەخانە و كارەبا و نەوت و ناوەندەكانی پەروەردە كرانە ئامانج، هەندێكیان بەتەواوی وێران بوون و لەخزمەتی دەرچوون، هەندێكیان زیانی ماددییان بەركەوت.
دەوڵەتی توركیا لە ٥ تا ٩ی ئۆكتۆبەر ٥٨٠ هێرشی ئاسمانی و زەمینی لە دێركەوە بۆ شەهبا ئەنجامدا.
دەرئەنجامی هێرشەكان: 44 هاوڵاتی شەهید بوون، 55 كەسیش بریندار بوون كە لە نێویاندا منداڵ، ئەندامانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، شەڕڤانانی هەسەدە هەبوون، هەروەها ٢٩ كەس لەهێزەكانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان شەهیدبوون.
ئیدارەی خۆسەر ڕایگەیاندووە، بەردەوام دەبێت لە خەباتی خۆی بۆ پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلەكەی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەروەها بۆ ئەنجامدانی كارەكانی بەرەو دامەزراندنی ئەزموونێكی دیموكراسی كە ببێتە هۆی یەكگرتوویی سووریا.
ئیدارەی خۆسەر داوای لە هەموو هێزەكانی چالاك لە سووریا، دامەزراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، مافەكانی مرۆڤ و چالاكانی كۆمەڵایەتی و مەدەنی كرد، هەڵوێستی ڕوون لە بەرامبەر تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا لە دژی ئەم هەرێمە و گەل نیشان بدەن.
ئاماژە بەوەش دەكەن، كە پێداگری دەكەن لەسەر ئەوەی لێكۆڵینەوەیەكی ڕوون و شەفاف لە دژی تاوانەكانی دەوڵەتی توركیا لەم ناوچەیەدا لە لایەن لیژنە نێودەوڵەتییە شارەزاكانەوە ئەنجام بدرێت.
لە كۆتاییدا ئیدارەی خۆسەر هێرشی سەر نەخۆشخانەی غەززەی شەرمەزار كرد و بە تاوانی جەنگ ناوی برد و ڕایگەیاند: پێویستە هەمووان لەبەردەم ئەمەدا بوەستن و بە گفتوگۆ كێشەكان چارەسەر بكەن.
Your Comment