AP ١٤٠١ ڕەشەمە ٣ ١٥:٢٣

چاودێرێکی سیاسی هەرێمی کوردستان:

بەغدا سزای بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان دەدات لە سەر ناكۆكیی لە مەسەلەی نەوت

بەغدا سزای بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان دەدات لە سەر ناكۆكیی لە مەسەلەی نەوت

چاودێرێکی پرسە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پێیوایە کە كۆی كێشەكانی كوردستان، پەیوەستن بەیەك خاڵی جەوهەرییەوە، ئەویش شێوەی مامەڵەی حكومەتی عێراقە لەگەڵ هەرێمی كوردستان.

مەشخەڵ کەولۆسی، چاودێری پرسە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە دیمانە لەگەڵ هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵی مێهر باسی لە چەند بابەتی گرینگ هاوپەیوەند بە پەیوەندی هەولێر و بەغدا و کێشە ئابووری و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرد.

مەشخەڵ کەوڵۆسی لە وڵامی ئەم پرسیارە کە بۆچی پارتی و یەکێتی وەکوو دوو حوکمرانی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی شەڕی حزبین و بە کردەوە نەک لە ناوخۆدا بەڵکوو لە ئاستی وڵاتی عێراقیشدا هیچ سەرکەوتنێکیان نییە و تەنانەت وای لێهاتووە کێشەی پارتی و یەکێتی گەیشتە وڵاتانی ئەورووپایی، وتی: لەڕاستیدا شەڕی حیزبی لەهەموو ئەو سیستەمانەدا كە هەڵبژاردن هەیە، شەڕێكی زۆر ئاساییە، بەجۆرێك ئەگەر ڕكابەری و شەڕی سیاسی نەبێت، سیستەمی هەڵبژاردن نابێت. پێویستە نەك هەر یەكێتیی و پارتی، بگرە حیزبەكان هەموو بكەونە ڕكابەریییەكی توندی یاسایی و دەستورییەوە.

هەرێمی كوردستان پێش بڕینی بودجە هیچ كێشەیەكی نەبووە

ئەم چاودێرە هەروەها سەبارەت بە پرسیارێک لەسەر گوشاری ئابووری، گەندەڵی، بێکاری، نەبوونی مووچە یان دواکەوتنی، کێشەی سنوور و ئەمنییەت، ناشەفافەییەت لە داهاتی نەوت و گاز و داهاتی سنوور و نەبوونی خزمەتگوزاری باش بۆ هاووڵاتیان و ...... هتد کە وای کردووە کە ناوبەناو خەڵکی هەرێمی کوردستان نارەزایەتی دەربرن لە میدیاکان و سوشیاڵ و میدیا و سەر شەقامەکان، رایگەیاند: ئەوەندەی پەیوەندی بەخزمەتگوزاری و مووچە و بابەتەكانی ترەوە هەیە، لەڕاستیدا بەرلەوەی حكومەتی عێراق بودجەی كوردستان ببڕێت، هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەكیان نەبووە، كوردستان لەڕووی ئاوەدانی و ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزارییەوە، لەڕیزی نەك هەرێمەكان، بەڵكو لەڕیزی وڵاتانی پێشكەوتووی جیهان بوو!

هەمووان دەزانن لە ساڵی 2014ەوە، بەشێوەیەكی لەناكاو عێراق بودجەی كوردستانی بەڕێژەی 100% بڕی. هاوكات شەڕی نەگریسی تیرۆریستانی داعش لەهەمان ساڵدا سەریهەڵدا، توانا و داهاتێكی زۆر گەورەی خەڵكی كوردستان لەو شەڕەدا كە چەند ساڵێكی خایاند خەرجكرا. كورد باشترین ڕۆڵەكانی خۆی بۆ پاراستنی عێراق و جیهان لەمەترسی داعش پێشكەش كرد. كەچی لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی عێراق ئامادەنەبوو بودجەی تەنانەت ئەو پێشمەرگانەش بدات كە شەڕی داعشیان دەكرد. ئەوە لەكاتێكدا بودجەی ئەو ناوچانەی خەرج دەكرد كەبە كردەوە لەژێر چنگاڵی داعشدا بوون.

کۆێ کێشەکانی هەرێم پەیوەستن بە شێوەی مامەڵەی حکومەتی عێراق

ئەوەش یانی كۆی كێشەكانی كوردستان، پەیوەستن بەیەك خاڵی جەوهەرییەوە، ئەویش شێوەی مامەڵەی حكومەتی عێراقە لەگەڵ هەرێمی كوردستان. ئەو مامەڵەیە بەهیچ شێوەیەك وابەستەی دەستوری هەمیشەیی عێراق نیە. دەنا ئەگەر كێشە لەسەر نەوت و دۆسیەی فرۆشتنی نەوت هەیە، با عێراق بفەرمێت یاسای نەوت و غاز پەسەند بكات كەلە 2007ەوە تاكو ئێستا دەرنەكراوە، ئەوكات ئەگەر هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو، مافی خۆیەتی هەڵوێستی تری هەبێت.

بەڵام ئێمە دەپرسین: چۆن و بەكام لۆژیكی یاسایی، پێش دەرچوونی یاسایەك، دەكرێت سزای جێبەجێنەكردنی بدرێت؟ پاشان چۆن سزای هەموو خەڵكی ناوچەیەك ئەدرێت، لەسەر ناكۆكییەك لەگەڵ چەند كەسێك كە سەرقاڵی ئیدارەدانی دۆسیەی نەوتن؟ سزای بەكۆمەڵی خەڵكی كوردستان لەسەر ناكۆكیی لەسەر مەسەلەی نەوت ئەدرێ، بەڵام تائێستا یاساكە دەرنەچووە تاكو بزانین سنور و دەستەڵاتەكانی هەرێم و ناوەند لەدۆسیەی نەوت چۆنە؟ ئیتر بۆ سزا دەدرێت؟.

مەترسی سەرهەڵدانی جەماوەری لە هەرێمی کوردستان فراوان نیە

کەوڵۆسی سەبارەت بە دەرئەنجامی ئەو راپرسیەی کە لەم دواییانەدا رۆژنامەی سەباح بڵاویکردەوە و جەختی دەکردە سەر داخوازی خەڵک بۆ نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان و ئەگەر و مەترسی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی سەر شەقام لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی دا لەئێستادا نەخێر مەترسی سەرهەڵدانی جەماوەری فراوان نیە، بەپێچەوانەوە، ئەو ڕاپرسییەی ڕۆژنامەی سەباح هەواڵێكی لەبارەوە بڵاوكردەوە، لەلایەن دەزگایەك بەناوی شیكار ئەنجامدراوە، لەڕاستیدا نازانرێت ئەو دەزگایە چۆن و بەچ شێوازێكی زانستی پرۆژەكەی ئەنجامداوە، لەكوێ بەڕێوەچووە؟ كێ و كام چین وتوێژی كۆمەڵگە و خەڵكی كام ناوچەی گرتۆتەوە؟ زیاتر لەڕاپرسییەكی وەهمی دەچێت و، هیچ گۆشەیەكی ئاشكرا لەكارەكەدا نیە.

چونكە ئەگەر بڕیاربێت لەڕێی ڕاپرسی وەهمییەوە باس لەكێشەكانی كۆمەڵگەكان بكرێت، بێگومان هەموو دەزگایەك دەتوانێت ڕاپرسی بكات بە گوێرەی پێوەرەكانی خۆی و دواتر ئەنجامەكانی بڵاو بكاتەوە. بێگومان ئێستا دەكرێت دەزگایەك لەهەرێمی كوردستانەوە بچێت لەبەسرە و ناسریە ڕاپرسی بكات!. بەكورتی پێویستە ڕاپرسی لەلایەن دەزگایەكی جیهانی و بەگوێرەی ستانداردی زانستی بكرێت و، چاودێرانی نێودەوڵەتی بەسەرەوەبن. نەك ڕاپرسییەك لەتاریكییدا. دواتریش، ئەگەر بڕیارە كار بەڕای خەڵك و ڕاپرسی بكرێت، هەرێمی كوردستان لە ڕاپرسییەكدا كە ئاشكرا بوو، قسەی خۆی كردووە. نەك ڕاپرسی دەزگایەكی بچوك كە چەند سەد كەسێك لەوانەیە وەڵامی پرسیارەكانیان دابێتەوە.

News ID 45181

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha