AP ١٤٠١ ڕێبەندان ٩ ١٠:٥١

عەباس غەزالی:

محەمەدی ماملێ هونەرمەندێکی ڕەسەن و دڵسۆز بوو

محەمەدی ماملێ هونەرمەندێکی ڕەسەن و دڵسۆز بوو

که‌سایه‌تی چالاکی فه‌رهه‌نگی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ماملێ لە کاتی خۆیدا بەو پەڕی ئەرکناسییەوە کاری خۆی کرد و هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەت بە کەلتوور و هونەری کوردی تەرخان کردووە

محەمەدی ماملێ هونەرمەندێکی ڕەسەن و دڵسۆز بوو

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی فەرهەنگ و هونەر: "عه‌باس غه‌زالی" که‌سایه‌تی چالاکی فه‌رهه‌نگی هه‌رێمی کوردستان، به بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕیی کۆچی دوایی گۆرانیبێژی هه‌رمانی کورد مامۆستا "محەمەدی ماملێ" جه‌ختی کرده‌وه: مامۆستا محەمەدی ماملێ هونەرمەندێکی ڕەسەن و دڵسۆزی نەتەوە و نیشتیمانه‌که‌ی بوو.

"عه‌باس غه‌زالی" که‌سایه‌تی چالاکی فه‌رهه‌نگی و ئه‌ندامی به‌رچاو و ڕاوێژکاری فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری پارتی دیموکڕاتی کوردستانی عێراق و نوێنه‌ری پێشووی په‌ڕله‌مانی هه‌رێمی کوردستان؛ به بۆنه‌ی ساڵوه‌گه‌ڕیی کۆچی دوایی گۆرانیبێژی هه‌رمانی کورد مامۆستا "محەمەدی ماملێ" وتارێکی نووسیوه.

غەزالی دەڵێت: مامۆستا محەمەدی ماملێ کەسێکە کە لەبەر دەنگە سیحراوییەکەی ناوی هاتە ناو دیوانی شاعیران؛ بۆ نموونە، کەسایەتییەکی وەک مامۆستا هێمن لە شیعری «یادم بکەن»دا دەڵێ: “لەو دەمەیدا گوێ هەڵدەخەن بۆ تارێ – لەو دەمەیدا ماملێ دەڵێ قەتارێ”.

ئاماژەش بەوە دەکات کە ماملێ کوردانە وەفادار بووە بە ڕێچکەی هونەریی باب و باپیرانی و هیچ کات هونەری وەلا نەنا. لە سەردەمێکدا کە تەکنەلۆژیا هێندە پێشکەوتوو نەبووە، ئەو بۆتە پردێک بۆ گواستنەوەی دەنگ و گۆرانییەکانی باب و باپیران و پێشینانی خۆی بۆ ئەوەی ئەو دەنگ و کەلتوورە زارەکییانەی کوردەواری لە سەردەمی وەفاییەوە بگەیێنێتە نەوەی دوای ئەوان و بەم جۆرە توانی سەدان گۆرانی بۆ کورد تۆمار بکات.

ماملێ نەک هەر وەفادار بوو بە شاعیرێکی وەک وەفایی لە سەردەمی پێش خۆی، بەڵکوو لە سەردەمی خۆشیدا شیعری شاعیرانی بەرزی وەک هەژار و هێمنی بە دەنگە خۆشەکەی بڵاو دەکردەوە. هەروەها جگە لە شیعری ئەم شاعیرانە، گرینگی بە شیعری شاعیرانی تریش داوە؛ بۆ وێنە ماملێ شیعری “ڕاوچییان ڕاوە”ی سولەیمان ئەمیر عەشایێری [کاک سێمانی شاوەلە] کردۆتە گۆرانی و هەروەها شیعری “دەشتی پیرانان”ی مەعرووف ئەمین عەشایێری [مارف ئاغای قەڵاتە ڕەشێ] هێناوەتە ناو مۆسیقای کوردی. جگە لەوانە، مێلۆدییە کوردییەکانی لە ناو زمانەکانی دیکەدا دیتۆتەوە و دووبارە کورداندوونییەتەوە. هەروەها ئەو بە گوتنەوەی مێلۆدی فارسی و ئازەری کەلتووری پێکەوەژیانی کوردانی بێ جیاکاری بە نەتەوەکانی دیکە ناساندووە.

لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ماملێ بە گۆرانییە خۆشەکانی خزمەتێکی زۆری بە فەرهەنگی کوردی کردووە و لە گۆرانییەکانی ئەوڕا دەکرێ شێوە ژیانی کوردەواری وێنا بکرێت. ئەو توانی بایەخی گۆرانی دیوانی و مەجلیسی لەناو کورددا بگەیێنێتە ئاستێکی بەرزتر.

ماملێ لە کاتی خۆیدا بەو پەڕی ئەرکناسییەوە کاری خۆی کرد و هەموو تەمەنی خۆی بۆ خزمەت بە کەلتوور و هونەری کوردی تەرخان کردووە. ئەوەی لێرەدا گرینگە ئەوەیە کە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان خزمەت بەو هونەرمەندە بەرزە بکات.

عەباس غەزالی جەختیشی کردووە کە ماملێ کەسێکە کە شایستەی ئەوەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە باشترین شێوە یادی بکاتەوە. هەروەها پێویستە لە ڕێگەی گۆرانییەکانی ماملێ خزمەتێکی زیاتر بە زمان و ئەدەبیاتی زارەکی کوردی بکرێت و بە ڕێکوپێکی بنووسرێنەوە. هەروەها پێویستە شوێنێک بە ناوی ماملێ بکرێت و جێی خۆیەتی پەیکەرێکی باڵانوێنیشی بۆ دروست بکرێت.

News ID 44924

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha