بە پێی هەواڵی مێهر، ماکوو شارێکی مێژوویی و جوانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوایە و لە نزیکی سنووری تورکیا جێی گرتووە. ئەم شارە لە لایەنی ڕۆژاواوە لە گەڵ تورکیا و لە باکوورەوە لە گەڵ نەخجوان یان هەمان وڵاتی ئازەربایجان و هەروەها وڵاتی ئەرمەنستان سنووری هاوبەشی هەیە.
ماکوو لە مەودای ٢٨٠ کیلۆمەتری باکووری ورمێ و ٢٥٠ کیلۆمەتری باکووری ڕۆژاوای تەورێز دایە. ئەم شارە بە بۆنەی پێگەی جوغرافیاییەوە کەش و هەوایەکی سارد و وشکی هەیە. لە کاتی هاویندا هەوایەکی گەرم و وشکی هەیە و زستانیش لە گەڵ بەفر و سەرمای زۆر هاوڕێ دەبێت. بە بۆنەی دۆخی کەش و هەواوە، باشترین کات بۆ سەفەر کردن بەم شارە کۆتایی ڕەشەمە و سەرەتای خاکەلێوەیە.
ماکوو دووهەمین ناوچەی ئازادی گەورەی جیهان دێتە ئەژمار بۆیە هەموو کات گەشتیارێکی زۆر سەردانی ئەم شارە و بازاڕە تایبەتەکانی دەکەن و وەکوو شوێنێکی بازرگانی و هەروەها خاوەن مێژوو ناوی لێ دەبەن.
بەھۆی ئەوەی ئەم شارستانە دەکەوێتە ناوچەیەکی شارستانی کۆنەوە، ئاسەوارێکی سەرنجڕاکێشی تێدایە، ھەروەھا ھەبوونی سروشتێکی جوانی ئەم شارستانە لە چەم و کانی و ئەشکەوت و تاڤگە و ئاو و ھەوایەکی گونجاو، ئەم ناوچەیەی کردۆتە شوێنێکی گەشتیاری خۆش لەسەر ئاستی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژاوا.
پێکھاتەی زەوی ئەم شارە زۆرینەی چیاییە و کەمێک دەشتی بە پیتی ھەیە، ھەردوو چەمی زەنگەمار و قەرەسو سەرچاوەی ئاوەدانی و کشتوکاڵی ئەم شارەن، بوونی بەنداوی بارون لەسەر چەمی زەنگەمار لە نزیک گوندی بارون کە سەرچاوەیەکی باشە بۆ گلدانەوەی ئاو وە نزیکەی ١٥ ھێکتار زەوی کشتوکاڵی ئاودێر دەکات لە دەشتەکانی شارستانی شەوت و شارستانی پۆلدەشت.
هۆکاری ناونانی ماکوو
لە سەر ناوی ماکوو چەند ڕوانگە هەیە. یەکێک لەوانە ئەوەیە کە خەڵکی ئەم شارە لە سەدەی یەکەمی پێش زایین بە هۆی ئەوەی کە لە سەر ئایینی زەردەشتی بوون، ناوی ئەم شارەیان ناوە ماغ کوی واتا شاری ڕۆحانییە زەردەشتییەکان. یاقووت حەمەویش هەر لە سەر ئەم بڕوا بووە کە ماغ کوی لە درێژەی مێژوودا بە ماکوو گۆڕاوە.
هەندێ کەسیش پێیان وایە ئەم شارە سەرەتا ناوی ماد کووه واتا کێوی مادەکان بووە. هۆکاری ئەمەش ئەوەیە پێیان وایە مادەکان سەرەتا لەوێ نیشتەجێ بوون.
ماکوو لە زمانی ئەرمەنیدا بە واتای شوێنی لەوەڕە بۆیە پێیان وتووە ماکوو چونکوو شوێنی باشی بۆ لەوەڕی ئاژەڵان بووە.
شوێنە گەشتیارییەکانی ماکوو
عەمارەتی کڵاوفەرەنگی ماکوو کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی قاجاڕەکان دەگەڕێتەوە، هی عەلی قولی خانی بەیاتی ماکوویی بووە. شێوازی بیناسازی و ڕازاندنەوەی ئەم بینا زۆر لە تالاری ئاوێنەی کۆشکی گوڵستان دەچێت و یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین شوێنەکانی ماکوو دێتە ئەژمار.
دەخمەی بەردیی فەرهاد لە ٧ کیلۆمەتری ڕۆژاوای ماکوویە کە بۆ سەردەمی ئورارتووەکان واتا سەدەی ٨ی پێش زایین دەگەڕێتەوە. دوو ژووری هەیە و لە دڵی کێوێکدا ساز کراوە.
تاڵاوی بورئالان لە مەودای ١٥٠ کیلۆمەتری شاری سنووری پۆلدەشت و لە دڕیژەی سنووری ئێران، تورکیا و ئەرمەنستان جێی گرتووە و شوێنی ژیانی ٦٤ جۆر باڵندەیە کە لە بواری ژینگەییدا گرینگایەتی زۆری هەیە.
ناوچەی قەدەغە ڕاوی ئاغگوڵ لە مێژە وەکوو شوێنی ئاژەڵە جۆربەجۆرەکان دەناسرێت و لەوێ ڕاوی هەموو جۆرە ئاژەڵێک قەدەغەیە. ئەم شوێنە لە ڕیزی ئەو شوێنانەیە کە لە مێژە سەرجی گەشتیاران بۆ خۆی ڕادەکێشێت.
بورجی ساری قەیە لە ماکوو، چەند کلیسایەکی وێرانی ئەرمەنی لە گوندەکاندا، شوێنەواری مێژوویی شاری دامبات، کەلاوەکانی گەزلۆ لە دۆڵی مەخەند، ڕێڕەوەکانی ژێر زەوی و ئەشکەوتەکانی دەوری چیای ئارارات، پردی پێشگۆز لە نزیک ماکوو، کەلاوەکانی سێگۆشە لە دۆڵی قزڵداغی کورد، ژووری بەردین لە دەلیک داش، کڵێسای زورزور لە گوندی بارون، پەرستگای گروپە شەیتانیەکان لە داوێنی چیای قەیە، ژووری بەردین لە گوندی سەنگەر، کلیسای دایکە مریەم لە باکوری ماکوو، بینای کەپری گەورە لە نەخۆشخانەی ماکوو، کۆشکی باخچە لە ڕۆژاوای ماکوو، جوانی گوندەکانی باخچەچوغ و یەعقوبەلی کەندی، گردە کۆن لە گوندی کشمیش تەپە لە دیکەی شوێنە مێژوویی و گەشتیارییەکانی ماکوون.
گوندی گەشتیاری ڕند، دەریاچەی بەربەندی باروون، کەنیسەی مریەمی پیرۆز، قەرە کلیسا کە وەکوو کۆنترین کلیسای ئەرمەنییەکان دەناسرێت، کۆشکی مۆزەی باخچە جۆق یان کۆشکی سەرداری ماکوو کە لە سەردەمی موزەفەرەدین شا بنیات نراوە لە دیکەی شوێنە گەشتیاریەکانی ئەم شارە دێنە ئەژمار.
Your Comment