بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ئەم کتێبە لە لایهن چاپەمەنی مانگ و لە دووتوێی ۴۲۲ لاپەڕەدا چاپ کراوە و ئێستا لە کتێبفرۆشیەکان دەست دەکەوێت.
ئەم کتێبەی نووسەر هەڵگری کۆمەڵێک وتارە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە گۆڤارە کوردییەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا بڵاو کراونەتەوە.
هەر وتارێکی ئەم کتێبە، سەربەخۆیە و لە هەمان کاتیشدا خاڵی هاوبەشی هەموو وتارەکان بریتییە لە بوارە جیاوازەکانی زمان، ئەدەب و ناسنامە لە کوردستاندا.
ئەو باسانەی لەم کتێبەدا خراونەتەڕوو بیریتین لە: “ڕۆمان و دیکتاتۆر، دۆنکیشۆتی کوردی، قورسایی خەیاڵ بەسەر واقیعدا، ڕۆمان و ناسنامە، نەریت و دژەنەریت لە گێڕانەوەیەکی پیاوانەدا، لە جوەیدەوە بۆ هیوستن، هەڵوێستی۵۳ نەفەر و چارەنووسی زمانی نەتەوەیەک، ڕۆمانی کوردی و ژنانی ڕۆماننووس، ناسنامە و زمان، لە دۆنکیخۆتەوە بۆ هەناسەی زیندوو، ئەدەب و سیاسەت، کێ ڕاستە و کێ هەڵەیە؟ وتووێژ دەربارەی زمان، ئەدەبیاتی تاراوگە، ڕۆمان و باوەڕ، ڕەخنەی ئەدەبی و دەقی کوردی، مێژوو و ڕاستی و بەڵگە” و چەند بابەتێکی دیکە.
لە پێشەکی ئەم کتێبە نووسەر دەڵێت: “لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کۆمەڵێک لە دۆستان و ئاشنایانم بە شێوەی جۆراوجۆر پێوەندییان پێوە گرتووم و داوایان لێ کردووم کۆی وتارە چاپ کراوەکانم لە شێوەی کتێبێکدا چاپ و بڵاو بکەمەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی بڵاوکراوە کوردییەکان و دژوارییەکانی دۆزینەوەی کتێبخانه و ناوەندگەلێک کە مرۆڤ بتوانێت دەستی بە ئاڕشیڤی گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکان ڕابگات. داواکاری دۆستانم بە ڕەوا زانی و بۆ ئەم مەبەستە هەوڵم دا وتارەکانم کۆ بکەمەوە و ئەگەر شوێنێک ویستی چاپ و بڵاویان بکاتەوە بیانخەمە بەر دەستیان.”
د. هاشم ئەحمەدزادە ساڵی ۱۹۶۱ لە کوردستان لە دایک بووە و قۆناغەکانی خوێندنی تا ئاستی بەکالۆرێس لە کوردستان تەواو کردووە. لە ساڵی ۱۹۸۸ هەتا ۲۰۰۵ لە سوید ژیاوە. ساڵی ۱۹۹۵ بەکالۆرێسی لە ڕۆژهەڵاتناسیدا لە زانکۆی ئوپسالا وەرگرتووە و دواتر هەر لەم زانکۆیەدا باوەڕنامەی ماستەر و دکتۆرایشی وەرگرتووە.
ناوبراو چەندین وتاری ئاکادێمیکی بە زمانی ئینگلیسی لە سەر زمان و ئەدەب و سیاسەت بڵاو کردووەتەوە. لە ساڵی ۱۹۹۹ تا ۲۰۰۵ لە زانکۆی ئوپسالا لە بەشی ڕۆژھەڵاتناسیدا وانەبێژ بووە. لە پاییزی ساڵی ۲۰۰۵دا دەچێتە زانکۆی ئێگزێتر لە بریتانیا و لەوێ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە کۆلێژی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەییدا دادەمەزرێنێت. لە ساڵی ۲۰۱۱ پلەی پرۆفیسۆری یاریدەدەری (associate professor) پێدەبەخشرێت.
ژێدەر؛ پێگهی «ماڵی کتێبی کوردی»
بۆچوونی ئێوە