پەنجەی تیرۆریستان لە پەنجەی به‌بر/ شەڕی باکووری سووریا نزیکە

درێژەی جموجۆڵی تیرۆریستان لە باکووری سووریا و ئامادەبوونی هێزەکانی ژێر فەرماندەیی "به‌بری سووریا" نیشاندەری تێوەگلانی ناوچەگەلی باکووریی ئەو وڵاتە لە گۆڕانکاریی ڕاچڵەکێنەر و شەڕێکی قورسی بەمزووانەیە.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی – فەرزاد فەرهادی: پاش ئەوەی کە سوپای سووریا توانی لە ناوچەگەلی بندەستی تەکفیرییەکان لەو وڵاتەدا زەبری کوشەندەیان لێ بدات و داعشییەکان تێکبشکێنێت؛ نۆرە گەیشتۆتە تیرۆریستانی دیکە و لەوان بەرەی نوسرە. هێزی چەکداریی سووریا هەوڵی تێکشکاندنی یەکجاریی تیرۆریستان لە سووریا دەدات و یەک لە گرووپە تیرۆریستیانە بەرەی نوسرەیە کە چنگی بە سەر پارێزگای ئەدلەب لە باکووری سووریادا گرتووە.

لەم دواییەدا گرووپگەلی تیرۆریستی ڕێککەوتنی ناوچەی دوور لە شەڕیان لە ئەدلەب و هاوێری ئەو شارە پێشێل کردووە و دەستیان داوەتە جموجۆڵگەلێک لە دژی بنەکەکانی سوپای سووریا کە پاڵپشتی خەڵکی سڤیل لە گوند و شارۆچکە ئەمنەکانن.

پێدەچێت کە باکووری سووریا بەستێنی گۆرانکاریی نوێ بێت، چونکا بە ئاوردانەوە لە درێژەی هێرشەکانی گرووپگەلی تیرۆریستی و ئەوەی کە سوپای سووریا چاوپۆشیی لە بەرەکانی دیکە کردووە، وادیارە ئەدلەب و هاوێری باکووری حەما لەوە بەدوا چه‌ق و ئاخێزەگەی گۆڕانکاریی نوێ بێت.

لە ئەدلەب و هاوێری باکووری حەما گرووپگەلی تیرۆریستیی سەر بە گرووپی تەحریرولشام بە سەرکردایەتیی بەرەی نوسرە و هەندێک گرووپی تەکفیری و تیرۆریستی و بە کرێ گیراوانی بیانی پاش ئەوەی مەشقی سەربازیی پێویستیان لە دەرەوە پێدرا، جێگر بوونە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە گرووپی ناسراو بە نوورئەدین زەنگی لە بەرامبەر هێرشەکانی گرووپی تەحریرولشام تێکشکاون و تەحریرولشام لە سەر ئەو بڕوایەیە کە دەتوانێ دەست بە سەر تەواوەتی ناوچەی ئەدلەبدا بگرێت. تیرۆریستانی نوورئەدین زەنگی لە ماوەی ٥ رۆژ شەڕدا تێکشکان و بەرەو عەفرین لە باکووری سووریا ڕایان کرد و هومارگەلی چەک و چۆڵ و جیهازاتی خۆیان ڕادەستی هێزەکانی ئەوێ کرد.

ئەو تیرۆریستانەی کە تورکیا نەیتوانی کۆنتڕۆڵیان بکات

ناوچەی دوور لە شەڕ کە تورکیا بەڵێنی دابوو لە سووریادا بیکاتەوە، سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بە دواوە نەبووە و ئەبوو محەمەد جەولانی سەرکردەی بەرەی نوسرە پلارێکی توندی گرتە تورکیا و دەستەبەرکەری ناوچەی دوور لە شەڕ. تورکیا نەیتوانی تەکفیرییەکان ناچار لە پاشەکشێ لە هێڵەکانی پێوەندی بکات و گرووپی تەحریرولشام و هاوپەیمانەکەی واتە حزبی تورکستانی داخوازییەکانی ئەنقەرەیان قبووڵ نەکرد.

بەڵام لە ڕاستیدا تیرۆریستانی تەحریرولشام بەو هەڵمەت و سەربزێویانە شەڕێکی قورسیان لە دژی خۆیان تین داوە.

بە ئاوردانەوە لە جموجۆڵی تیرۆریستانی بەرەی نوسرە لە ئەدلەب، هەندێک لە شرۆڤەگەران بژێرەگەلێکیان خستۆتە ڕوو؛ بۆ وێنە تورکیا گرووپگەلی ملیشیای پاڵپشتکراوی خۆی لە دژی ئەوان بە کار بێنێت، کە ئەوە بژێرەیەکی جێی گومانە چونکە گرووپگەلی پاڵپشتکراوی تورکیا توانای بەرەنگاربوونەوەی ٣٠ هەزار تیرۆریستی گرووپی تەحریرولشام کە نیوەیان لە بەرەی نوسرە پێک هاتووە، نییە.

بژێرەی دووم ڕێککەوتنی تورکیا و ڕەنگە هاوبەشیی لە گەڵ ڕووسیا بۆ ئەنجام دانی ئۆپەراسیۆنی ڕاستەوخۆ لە دژی گرووپی تەحریرولشام بێت، بە تایبەت کە جموجۆڵی تیرۆریستان ڕێخۆشکەر بووە لەوبارەیە و ئەوە هاوسەنگە لە گەڵ بڕیاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم.

بەڵام بژێرەی سێهەم و شیمانەترینیان، ئۆپەراسیۆنی بەربڵاوی سوپای سووریا بۆ وەدی هێنانی چارەنووسی کۆتایی ئەدلەب بە پاڵپشتیی ڕووسەکانە. بە تایبەت کە تورکیا نەیتوانیوه پابەندی بەڵێنەکانی خۆی بێت. هەر بەو پێیەیە کە پەیتا پەیتا ژمارەی هێزەکانی سوپای سووریا لە ناوچەگەلی نزیک بە هێڵی پێوەندی ڕوو لە زیاد بوونە. هەروەها ئەو بژێرەیە بە پێچەوانەی بڕیارەکانی ئاستانەش نییە، چونکە تیرۆریستانی بەرەی نوسرە ناچنە ڕێزی گرووپگەلی ملیشیای ناوبراوە لە ڕێککەوتنی ئاستانە.   

ژێنڕاڵی نەبەز بیر لە تێکشکاندنی تیرۆریستان دەکاتەوە

ئەوە لە کاتێکدایە کە سەرچاوەگەلی سووری لە پارێزگای حەما ڕایانگەیاند کە عەمید سوهەیل حسەن ناسراو بە بەور سەردانی بەرەکانی شەر لە هاوێری رۆژئاوای پارێزگای حەمای کردووە و لە میانەی ئەو سەردانەی، ئامادەیی هێزە جێگرکراوەکان لە هێڵی پێشەوەی بەرەکانی سەهل غاب و جیگرکرانی چەک و چۆڵ و جیهازاتی شەڕ لە بەرەکانی پێشەوەی شەڕی دژی بە تیرۆریزمی بە سەر کردۆتەوە.

سەرچاوەیەکی سەربازیی سووریا لەوبارەیەوە وتی: لە ماوەی رۆژانی ڕابردوو ئاستی ئامادەیی هێزەکانی سوپای سووریا لە بەرەکانی هاوێری حەما و ئەدلەب بەرزتر بۆتەوە و ئەو هێزانە لە ئامادەباشیی تەواو دان و ئەوە هاوکاتە لە گەڵ ڕەوانە کرانی هێز و جیهازاتی زیاتر بۆ بەرەی هاوێری باکووری حەما.

بە وتەی ئەو سەرچاوە سەربازییەی سووریا، هێزە تایبەتییەکانی سوپای سووریا بە فەرماندەیی بەبری سووریا (سوهەیل حەسەن) بانگهێشتی بەرەکانی شەڕ کراون.

ڕازی ئامادەبوونی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە دژوارەکان لە بەرەی ئەدلەب و حەما

سوهەیل حەسەن لە ناسراوەترین فەرماندە میدانییەکانی سووریا دێتە ئەژمار کە دەوترێت لە هیچ شەڕێکدا شکستی ناهێنێت. سوهەیل حەسەن لە لایەن فەرماندەکانی ڕووسیاوە ڕیزی لێ گیراوە و ئەوان لە بنکەی سەربازیی حەمیم میدالیای فەخریان پێ بەخشیوە. سوهەیل حەسەن کەسێکە کە گەمارۆی زیندانی حەلەب و بنکە هەستیارەکانی دیکە و ناوچەگەلی گەمارۆدرواەی لە حەلەب تێکشکاندوە.

پێگە و ئاستی دەسەڵاتی ئەو عەمیدەی سوپای سووریا و هەستی نیشتمان‌پەروەریی ئەو و پلەی ئەمەگناسیی بۆ نیشتمان و سوپای سووریا و بەشار ئەسەدی سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە دەنگی داوەتەوە و ئەو یەکێکە لە نزیکترین فەرماندەکان بە بەشار ئەسەد و لەو ڕووەوە، گرینگترین و هەستیارترین ڕاسپێدراوەکانی پێ دەسپێردرێت.

ئەو فەرماندە سەربازییە وەک کەسێک ناسراوە کە هۆگری مەیدانی شەڕە و دەستهەڵگری مەیدان نابێت و تەنانەت سوێندی خواردووە کە تا کاتێک سەرکەوتنی کۆتایی و هەمە لایەنە بە دەست نەهێناوە، تاقە کۆڕەکەی کە کە تەنیا ٥ ساڵەیەتی نەبێنێت و ئەوە هۆکارێکە کە بە بڕوای لایەنگرانی، نیشاندەری ئاستی دڵپاکی و پێداگریی لە سەر ئەو بابەتەیە کە خەباتی بۆ دەکات. ژینڕاڵ حەسەن دەرچووی کۆلێژی هێزی ئاسمانی لە ساڵی ١٩٩١ـه و بەشێک لە تایبەتمەندییەکانی حافز ئەسەد سەرۆک کۆماری پێشووی سووریای تێدا دەبیندرێ.

سوهەیل حەسەن کە بە بەور ناسراوە، بەردەوام لە وێنە و گرتەگەلی ڤیدئۆیی میدیاکاندا لە مەیدانی شەڕ دەرکەوتووە و هەروەها داکۆکی لە سەربازانی بریندار دەکات و هانیان دەدات بۆ شەڕ لە پێناو سووریادا.

سوهەیل حەسەن کەسێکی پێداگر و تەواو پابەند بە میتۆدی سەربازیی خۆیەتی و لەو کەسانەیە کە دژی گەندەڵی و ناڕیساییە و بە تایبەت لە نێوان هێزە ژێر فەرمانەکانی خۆیدا، ئەو سەربازانەی کە لە کاتی هێرش بۆ سەر ناوچەگەلی جەنگی بە دزی و تاڵان تۆمەتبارن، لە سێدارە دەدا.

ئاستی خۆشەویستیی بەور لە نێوان سەربازان بە ڕادەیەکە کە سەربازانی سووری ئارەزوویانە کە لە ژێر فەرمانی ئەو بن و یەکەی سەربازیی ئەو پێکهاتووە لە ٨٠ هەزار سەرباز کە بە وتەی کارناسان، هەموو مە‌شقی سەربازیی پێویستیان دیوە.

زایۆنییەکان لەبارەی سوهەیل حەسەن چ دەڵێن؟

ئەو پرسیارە سەبارەت بە یەکێک لە گرینگترین کەسایەتییە سەربازییەکانی مەیدانی لە سوپای سووریا لە ماڵپەڕی هەواڵی زایۆنی "واڵڵا" خراوەتە ڕوو و لە وەڵامیدا نووسراوە کە سوهەیل حەسەن تەکنیکی دژواری هەیە و فرۆکەخانەی سەربازیی کوبرێسی لە باکووری سووریا ئازاد کردووە و سەرکەوتنی گرینگی لە مەیدانی شەڕ لە گەڵ گرووپگەلی ملیشتیا بە دەست هێناوە.

ئەو ماڵپەرە عێبرییە ئاماژەی بەوەش داوە کە "هۆکاری سەرەکیی هەموو ئەو سەرکەوتنانە ژینڕاڵێکی سوپای سووریا بە ناوی عەمید سوهەیل حەسەن ناسراو بە بەورە و یەکێکە لە لێهاتووترین فەرماندەکانی مەیدانی لە سوپای سووریا و خاوەن تاکتیکگەلی زۆر دژوارە. بەور بە کەڵک وەرگرتن لە چەندین بڵیندگۆی گەورە پەیامی ترسێنەر و تۆقێنەر بڵاو دەکاتەوە و میتۆدی شەڕی دەروونی بۆ سەرکەوتنەکانی دەگرێتە بەر.

بە گشتی پێدەچێت کە گۆڕانکارییەکانی سووری ڕەوتێکی پڕ ڕاکەی بە خۆوە گرتووە، چونکە لە لایەکوە باسی کردنەوەی ناوچەی ئەمن لە لایەن ئەمریکا و تورکیاوە خراوەتە ڕوو و لە لایەکی دیکەوە چارەنووسی ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات هێشتا نادیارە و هەروەها لە لایەکی دیکەوە هێرشی تیرۆریستان بۆ سەر ئەدلەب و هاوێری حەما پەرەی سەندووە و سوپای سووریا تاقەتی ئەو هێرشانەی نییە.

بە ئاوردانەوەی لەوەی کە ژینڕاڵی ناسراوەی سووری سەردانی هاوێری باکووری حەما و نزیکیی ئەدلەبی کردووە، کەواتە هیچ جێی گومان نییە کە گۆڕانکارییە ڕاچڵەکێنەرەکان بەڕیوەن و شەڕی قورسی بە دەمەوەیە. چونکە لە لایەک شەڕئاژۆترینی تیرۆریستان لە ئەدلەب و هاوێری حەمادان و لە لایەکی دیکەوە لە لایەن ئەمریکا و رۆژئاواوە پاڵپشتیان لێ دەکرێت بە تایبەت کە پاش هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەرکەوتووانەی سوپای سووریا، سناریۆی چەندپاتە کراوەی هێرشی کیمیایی و بە دوایدا داکۆکی لە تیرۆریستان دەست پێدەکات.

دەبێ چاوەروان بین و ببینین کە چارەنووسی گرینگترین بەرەی شەڕ و لە ڕاستیدا دایکی گۆڕەپانەکانی سووریا بە چ بارێکدا دەکەوێ.

News Code 24451

نیشانەکان

بۆچوونی ئێوە

You are replying to: .
  • 1 + 13 =