بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، محەمەد فەلاحی ڕاشیگەیاند: تا ئێستا سەرجەم بۆ حەوت هەزار بنەماڵەی دانیشتووی گوندە سنوورییەکانی ئەو شارە کارتی پیلەوەری دەرکراوە و پێشبینی دەکرێت ئەو ڕێژەیە بگاتە ٩ هەزار بنەماڵە.
ناوبراو بە ئاماژە بە هەوڵەکان بۆ پاراستنی مافی دانیشتووانی سنووری جەختی کرد: لە لیستی نوێدا ١٣٧٢ بنەماڵەی دانیشتووی سنووری کە پێشتر بە هۆی تۆمارکردنی ناونیشانی هەڵەی شوێنی نیشتەجێتیان کارتی پیلەوەریان بەر نەکەوتبوو، ناسێندراون و بەمزووانە کارتە ئەلەکترۆنییەکانیان دەگاتە دەست.
فەرمانداری بانە بە ئاماژە بەوەی کە دەرکردنی کارتی پیکەوەری لە ئەستۆ و ئیرادەی بەرپرسانی شاری نییە و لە رێگەی وەزارەتی پیشەسازی، کانگا و بازرگانی بۆ دانیشتووانی ٢٠ کیلۆمەتریی سنووری دەردەکرێت، بیری هێنایەوە: لیستی دانیشتووانی سنووری لە رێگەی بەخشداری و دێیارییەکانەوە ئامادە دەکرێن و پاش پشتڕاست کرانەوە لە لایەن دەزگاگەلی هاوپەیوەند ئاراستەی وەزارەت دەکرێن.
فەلاحی ئاماژەی بە کرانەوەی سنووری سەیرانبەند و هاوردەی کاڵا لەو سنوورە لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵەوە کرد و وتی: بە پێی پەسندکراوی ئەنجومەنی وەزیران لە ساڵی ڕابردوودا چالاکییەکان لە ڕێڕەوگە کاتییە سنوورییەکانی وەک هەنگەژاڵە و گڵەسوورە ڕاگیڕا و تەواو چالاکییە بازرگانییەکانی هاوردەکاران بۆ بازاڕچەی سنووریی سەیرانبەند گواستراوە.
وتیشی: بە پێی بڕیاری هاوبەشی وەزارەت ناوخۆ، پیشەسازی، کانگا و بازرگانی و گومرۆکی ئێران و بنکەی بەرەنگاربوونەوەی کاڵای قاچاخ ٦٢٠ شمەک و کاڵا بۆ هاوردە دیاری کراون کە ئەو کاڵاگەلە لە رێگەی بازارچە سنوورییەکان بە ترانزیتی ناوخۆیی و کەڵک وەرگرتن لە کارتی پیلەوەری هاوردە دەکرێن.
فەرمانداری بانە لە درێژەدا جەختی لە زەروورەتی باشترکردنی ژێرخانەکانی بازارچەی سنووریی سەیرانبەند کرد و ڕایگەیاند: چێکردنی هۆماری کاڵا، قیرتاوکردنی حەوشە و ڕووبەری بازارچە، تۆڕی فیبری نووری و ژێرخانە پێویستەکانی دیکە لەو بازاڕچەیەدا بە هاوکاریی پارێزگاریی کوردستان ئەنجام دراوە و بەستێن ڕەخساوە بۆ هاوردەی کاڵا بە کارتی پیلەوەری لەو سنوورە.
شایانی باسە، کارتی پیلەوەری بۆ ٤ کەس لە ئەندامانی بنەماڵە دەردەکرێت و مانگانە هەر کەسێک لە چوار کەسی خاوەن ئەو کارتە دەتوانێ لە داشکانەوەی گومرۆکیی ٧ ملیۆن ڕیاڵی لە هاوردەی کاڵاگەلی رێگە پێدراوە، بەهرەمەند بێت.
بۆچوونی ئێوە