AP ١٤٠٥ خەرمانان ١٧ ١٣:٤٨

لێڵایی دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان لە سێبەری کشانەوەی ئەمریکا

لێڵایی دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان لە سێبەری کشانەوەی ئەمریکا

هەڵسەنگاندنی دووفاقی کوردان بۆ دۆخی ئەمنی هەرێمی کوردستان دوای کشانەوەی ئەمریکا.

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: لەگەڵ کشانەوەی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمریکا، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی کەمبوونەوەی یەکێک لە گرنگترین چینە بەرگرییەکانی دەبێتەوە؛ دۆخێک کە دەکرێت ئاڵۆزتر بێت ئەگەر پرۆسەی ئاشتی نێوان ئەنقەرە و پەکەکە شکست بهێنێت، لەگەڵ زیادبوونی فشاری ئاسمانی تورکیا بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە لە باکووری عێراق.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و کەرەستەی سەربازی، بەتایبەتی سیستەمی بەرگری ئاسمانی کە لە هەرێمی کوردستان جێگیرکراون، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە لاوازی ئەمنی هەولێر و دروستبوونی بۆشایی نوێ لە باکووری عێراق زیاتر کردووە.

ڕۆژنامەی ناشناڵ لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی، کشانەوەی سیستمی بەرگری ئاسمانی ئەمریکا لە عێراق، تەنیا پێشهاتێکی سەربازی ناوخۆیی نییە و ڕەنگە کاریگەری لەسەر حیساباتی ئەمنیی وڵاتانی ناوچەکەش هەبێت. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی نیو عەرەبی بە پشتبەستن بە بەرپرسێکی کورد لە هەولێر بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆی لە دەرئەنجامەکانی کشانەوەی ئەو سیستەمە و ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشەکان دەربڕیوە.

بەپێی ڕێککەوتنی ساڵی 2024ی نێوان بەغدا و واشنتۆن بڕیارە تا 30ی ئەیلولی 2026 نوێنەرایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق کۆتایی پێبێت، کشانەوەی هاوپەیمانان هێز و کەرەستەی هاوپەیمانان لەخۆدەگرێت و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئەمنی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش دووپاتی کردەوە کە ئەو سیستەمە بەرگرییە ئاسمانیانەی لە هەرێمی کوردستان جێگیرکراون لە عێراقیش دەکشێنەوە.
سیستەمی پاتریۆت و ئێس ڕوم کە لە دەوروبەری هەولێر جێگیرکراون لە ساڵانی ڕابردوودا یەکێک بووە لە چینە گرنگەکانی بەرگری لە بەرامبەر هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، هەروەها ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە پاراستنی ناوەندەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان. هەروەها نیو عەرەب ئەم سیستەمانەی بە قەڵغانێکی ئەمنیی گرنگ بۆ ناوچەکە لە بەرامبەر هێرشی دووبارە وەسف کرد.

بەڵام ئێستا خەمی سەرەکی هەولێر پەیوەندی بە ماوەی دوای کشانەوەی ئەو سیستەمە هەیە.

بەرپرسێکی کورد لە هەولێر بە نیو عەرەبی ڕاگەیاند، هێزەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ سیستەمی بەرگری ئاسمانی بەتەواوی لە عێراق دەکشێنەوە. بە وتەی ئەو بەرپرسە، حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانە لەوەی کە لابردنی ئەو سیستەمە هەرێم بەرەوڕووی هێرشی دووبارە و تەنانەت مردنیشی لێ بکەوێتەوە.

ئەو بەرپرسە ھەروەھا ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوای لە بەغدا کردووە گەرەنتی ئەوە بدات کە دوای کشانەوەی ئەمریکا هێرشەکان بۆ سەر ھەرێم دەست پێناکەنەوە و ئەگەر هێرشی نوێ ڕووبدات حکومەتی فیدراڵی عێراق ڕێوشوێن دەگرێتەبەر.

بەڵام بە وتەی هەمان بەرپرسی کورد، لە ئێستادا نە حکومەتی فیدراڵی عێراق و نە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵسەنگاندنێکی ڕوونیان نییە بۆ دۆخی ئەمنی دوای کشانەوەی هێز و سیستەمی ئەمریکا. ئەم ناڕوونییە یەکێکە لە نیگەرانییە سەرەکییەکانی هەولێر لەگەڵ نزیکبوونەوەی ئەرکی هاوپەیمانان لە کۆتایی.
هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە گرنگی ئەو سیستەمە ئەمریکییانەی لە ناوچەکەدا جێگیرکراون، تەنیا لە پاراستنی بنکەکانی ئەمریکادا سنووردار نییە. تواناکانی سیخوڕی و ڕێگریکردن کە لە باکوری عێراق جێگیرکراون، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای ناوچەکە، کاریگەرییان لەسەر بەشێک لە حیساباتە ئەمنییە فراوانەکانی ناوچەکەش هەبووە، کشانەوەی ئەوانیش ڕەنگە کاریگەری لەسەر ئاسایشی ناوچەکە هەبێت لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

مان الجبوری، شرۆڤەکاری ئەمنی و ستراتیژی، لێکەوتەکانی کشانەوەی ئەمریکا بۆ هەرێمی کوردستان بە “ڕاستەوخۆ و بەرچاو” وەسف کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەم پێشهاتە کاریگەری لەسەر توانا و ئامادەیی هێزە چەکدارەکان و دامەزراوە ئەمنییەکان دەبێت، بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستان.

هۆشداریشیدا لەوەی کە دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە تەنها لە هەموو عێراقدا سنووردار نابێت، چونکە تۆڕی بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە هێشتا ڕووبەڕووی لاوازی جددی بووەتەوە. بە وتەی ئەلجبوری، دوای کشانەوەی سیستەمە ئەمریکییەکان، "ئاسمانی عێراق کاریگەرییەکی زۆری لەسەر دەبێت" و ئاسانتر دەچێتە ناو ئاسمانی وڵاتەکەوە.

ئەم نیگەرانییە لە کاتێکدایە کە لە ساڵانی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان چەندین جار بووەتە ئامانجی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی. لەم جۆرە هەلومەرجەدا، کشانەوەی سیستمە ئەمریکییەکان دەتوانێت زیاتر ئەو بۆشاییە ئاشکرا بکات کە لە نێوان توانای بەرگریی هەبوو لە ناوچەکە و توانا ڕەسەنەکانی بەغدا و هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە ئاسمانییەکاندا هەیە.

حکومەتی عێراق هەوڵی پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە دەدات بە دروستکردنی تۆڕێکی بەرگری ئاسمانی نیشتمانی. یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری عێراق ڕایگەیاند، بەغدا سیستەمێکی بەرگری ئاسمانی یەکگرتوو دروست دەکات کە توانای دوور و مامناوەند و کورت مەودا و ڕادار و ژێرخانی فەرماندەیی لەخۆدەگرێت.

بە وتەی یەحیا ڕەسووڵ، سوپای عێراق پێشتر پلانی شەش ساڵەی بۆ دروستکردنی ئەو تۆڕە داڕشتبوو، بەڵام عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی داوە ئەو پلانە لە ماوەی سێ ساڵدا جێبەجێ بکرێت. هەروەها بەغدا لە دانوستانە بەردەوامەکانە لەگەڵ کۆمپانیا بەناوبانگەکان بۆ پەرەپێدانی تواناکانی بەرگری.
بەڵام جبوری پێی وایە سێ ساڵ بەس نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەم لاوازییە. جەختی لەوە کردەوە کە دروستکردنی تۆڕێکی بەرگری ئاسمانی کاریگەر تەنها بە کڕینی ئامێرەکان نایێتەدی، عێراق پێویستی بە کارمەندی تایبەتمەند و ڕاهێنان و توانای ئۆپەراسیۆن هەیە بۆ یەکخستنی سیستەمەکان؛ پرۆسەیەک کە بە وتەی ئەو “ساڵانێکی زۆر” دەخایەنێت.

بە گشتی ڕاپۆرتە نیشتمانی و عەرەبییە نوێیەکان دەریدەخەن کە بۆ هەولێر، کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق تەنیا بە مانای کۆتایی هاتنی بوونی سەربازی هاوپەیمانی نییە؛ لەگەڵ کشانەوەی سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی، هەرێمی کوردستان لە دوای ئەمریکا ڕووبەڕووی پرسیارێکی بنەڕەتی دەبێتەوە سەبارەت بە ئاسایش.

هەولێر داوای گەرەنتی ئەمنی لە بەغدا کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا دانی بەوەدا ناوە کە هێشتا وێنەیەکی ڕوون لە دۆخی ئەمنی لە دوای ٣٠ی ئەیلولەوە نییە؛ بۆشایییەک کە ئەگەر هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دووبارە بکرێتەوە، دەتوانێت ببێتە یەکێک لە گرینگترین تەحەددا ئەمنیەکان بۆ ناوچەکە لە ماوەی دوای کشانەوەی ئەمریکا.

جگە لە نیگەرانییەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ئەگەری دەستپێکردنەوەی هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دوای کشانەوەی سیستمە ئەمریکییەکان، سیناریۆیەکی دیکەی ئەمنیش دەتوانێت کاریگەری لەسەر داهاتووی ناوچەکە هەبێت و ئەوەش چارەنووسی پرۆسەی ئاشتییە.

News ID 60376

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha