ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: "دانی سیترینۆفیتش" کارناسی زایۆنی لە پرسی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوین لە یادداشتێکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوی کردۆتەوە، بە ئاماژە بە ئەزموونی شکستی ڕژیمی زایۆنی لە شەڕی 12 ڕۆژە، جەختی کرد کە هەر جۆرە هەڵمەتێکی سەربازیی ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران، نەک تەنیا ئامانجەکانی واشنتۆن دەستەبەر ناکات، بەڵکوو پاشهاتی حاشاهەڵنەگر و پڕتێچووی بۆ ئەمریکا بەدواوە دەبێت.
ئەو کارناسە کە پێشتر سەرۆکی کەرتی ئێران لە یەکەی هەواڵگریی ئەرتەشی ئیسرائیل بووە، ڕاشیگەیاند کە بەر لە هەر جۆرە بڕیاردانێک لەبارەی هێرشی سەربازی بۆ ئێران، ئەمریکا دەبێ سەرەتا وەڵامی پرسیارێکی بنەڕەتی بداتەوە کە "ئامانجی ڕاستەقینەی واشنتۆن چیە و ئایا ئەم ئامانجە لە بنەڕەتەوە دەستەبەر دەبێت یان نا؟"
سیترینۆفیتش لە درێژەدا دانی بەوەدا ناوە کە هێشتا ڕوون نییە کە ئەمریکا بەدوای گۆڕینی نیزامی کۆماری ئیسلامی، کوودەتا، بشێویی ناوخۆیی یان سەپاندنی ڕێککەوتنی نوێی ناڤۆکییە. هەر بۆیە تا واشنتۆن لەوبارەیەوە یەکلا نەبێتەوە و ستراتژیییەکی ڕوون و ئامانجی واقیعبینانەی نەبێت، بەکار هێنانی هێزی سەربازی دەتوانێ وەک هەڵمەتێکی بێئامانج و تەنیا نمایشی سەیر بکرێت.
ناوبراو هەروەها هەمبەر بە پاشهاتەکانی هێرشێکی تەنانەت سنوورمەندیش، هوشداری داوە و دەڵێ: هەڵمەتێکی لەو جۆرە مەترسیی بەرزبوونەوی ناکۆکی و بەرینتربوونی شەڕەکانی بەدواوەیە. ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەگەرچی ئێران بەدوای شەڕی بەربڵاو لەگەڵ ئەمریکا نییە، بڵام گوشاری دەرەکی دەتوانێ ببێتە هۆی کاردانەوەگەلێک کە لە کۆنتڕۆڵی دارێژەرانی ئەمریکایی بەدەرە و ئەزموونی مێژوویی نیشانی داوە کە دەوڵەتان لە هەلومەرجی هەڕەشە و گوشار، هەمیشە بەپێی لێکدانەوەی لایەنی بەرامبەریان هەڵسوکەت ناکەن.
ئەو کارناسە زایۆنییە لە بەشێکی تری یادداشتەکەیدا، ئاماژە بە ئەزموونی شەڕی 12 ڕۆژە دەکا و دشڵێ: هێرشی ئاسمانی هیچکات بەتەنیا نابێتە هۆی گۆڕانی حکوومەتەکان و گۆڕانکاریی بنەمایی سیاسی کە خۆی بەرهەمی پڕۆسەگەلێکی ناوخۆیی و درێژخایەنە، پێویستە، نەک ئۆپەراسیۆنی کورتخایەنی سەربازی. هەر بۆیە پێناچێت دەوڵەتی ئەمریکا مەیلی لە دەەسپێکردنی شەڕێکی درێژخایەن و تاقەتپڕووکێن لە دژی ئێران بێت.
بە گوێرەی ئەم شرۆڤەیە، ئەگەر ئامانجی ئەمریکا لە هەڕەشەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنی نوێی ئەتۆمی و ناڤۆکی بێت، بواری گوشاری سەربازی نەک یارمەتیی ئەو ئامانجە نادات، بەڵکوو دەتوانێ دەرفەتە دیپلۆماتیکەکانی ئێستاش بە فێڕۆ بدات. چونکە ئێران لە هەلومەرجی ئێستادا، لە ژێر گوشاری ئابووری و سیاسی، بۆ جارێکی تر توانیویەتی خۆی وەک ئەکتەرێکی گرینگ و دیارێکەر بسەلمێنێت.
سیترینۆفیتش جەختیشی کردووە کە ئەگەرچی ئەمریکا توانای سەربازیی بەربڵاوی هەیە، بەڵام ئەزموونەکانی ئەمدواییەی ناوچەە نیشان دەدا کە هەموو ئامانجە سیاسی و ستراتژییەکان لە ڕێگەی هێرشی سەربازییەوە مسۆگەر نابێت و بگرە بە پشتبەستن بە هەڕەشە و زۆر، نەک کۆماری ئیسلامی ئێران لاواز نابێت، بەڵکوو دەتوانێ تێچووی قورستر بخاتە سەر شانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی.
Your Comment