ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: سومریه نیووز لە یادداشتێکدا لەبارەی داهاتووی دانوستانەکانی پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی عێراق نووسی: لە کاتێکدا کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییە ڕیزبەندی سیاسیی نوێ لە بەغدا دیاری دەکات، هێزە سیاسییەکانی عێراق زووتر دانوستانی چۆنیەتی پێکهێنانی دەوڵەتی داهاتوویان دەست پێکردووە.
بە گوێرەی سەرچاوە سیاسییەکان، لەگەڵ کۆتایی فەرمیی هەڵبژاردەنەکان، پاشهات و باسە هاوپەیوەندەکانی هێشتاش بە سەر کەشی سیاسیی عێراقدا سێبەری خستووە و گرینگترین باسیان لەمناوەدا، میکانیزمی دیاریکردنی سەرۆکوەزیران و کابینەی دەوڵەتی نوێ لە نێوان باڵی لایەنگری محەمەد شیاع سوودانی و باڵی نووری مالیکی بۆ درێژەا یان کۆتایی سەرۆکوەزیریی سوودانییە. ئەم دۆخە بیرهێنەرەوەی ململانێکانی 2021ـه؛ کاتێک کە بەرەی سەدر بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی زۆرینە بەرەوڕووی دژایەتیی هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکانی عێراق بۆوە.
زەروورەتی هاوڕایی یەکجاریی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکوەزیران
بە گوێرەی ئەنجامەکان، سوودانی زۆرترین کورسیی پەرلەمانی بردۆتەوە و ڕێژەی پەرلەمانتارانی گەیشۆتە 45 کورسی. بەڵام ئەزموونەکانی ڕابردوو نیشان دەدەن کە تەنیا ڕێژەی زۆری کورسییەکان ناتوانێ دەستەبەرکەری پۆستی سەرۆکوەزیران بن و لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا ئەگەرچی ڕەوتی سەدر لەسەدا 72ی کورسییەکانی پێبوو، نەیتوانی نەریتی سەقامگیریی سیاسەتی عێراقی تێکبشکێنێت؛ نەریتێک کە پشتئەستوورە بە هاوڕایی و ڕەزامەندیی یەکجاریی هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پاڵپشتی لە بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران.
ئەم ڕاستییە بۆتە هۆی دابەزینی هیوای هەڵبژاردنەوەی دووبارەی سوودانی. بە تایبەت حزبە کورد و سوننە کە ئەزموونی تاڵی وەستان لە بەرامبەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ساڵی 2022ـیان لەبیرە و "محەمەد حەلبووسی"ـش وەلانرانی لە پۆستی سەرۆکایەتی پەرلەمانی گرێ دایەوە بە "پەیامێکی تەمبێکارانە" بۆ هاوپەیمانێتی لەگەڵ ڕەوتی سەدر و گوشارە ئابوورییەکان لە دژی هەرێمی کوردستان لە ئەنجامی ئەو بەرەنگارییانەدا بووە.
بۆ وێنە چەند ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردنەکان، قەیس خەزعەلی، عەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهلی حەقی عێراق جەختی کرد کە کورد و سوننە وانەی 2022 لە گوێ گرتووە و تێگەیشتوون کە دەبێ هەڵبژاردنی سەرۆکوەزیران بدەن بە جڤاتی شیعە"؛ هەڵوێستێک کە نیشان دەدا ئەو بەرەیە چیتر لە نێوان ڕەوتە شیعەکاندا لایەنگری لە هیچ لایەک ناکەن و هاوکات پەیامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سوودانی کە دڵخۆش بە ڕەوتە دەروەییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەبێت.
لە لای چوارچێوەی هاوئاهەنگیشەوە شایەدی دیدارگەلێکی بەربڵاو لە نێوان سەرکردەکانی و لەوان مالیکی، خەزعەلی، مەندلاوی و عەمار حەکیمین، بەبێ ئەوەی سوودانی بانگهێشت کرابێت. تەنانەت فالح فەیازی نزیک لە سوودانیش لە دیدارێکی جودادا لەگەڵ قەیس خەزعلی بینراوە؛ دیمەنێک کە زۆر کەس بە نیشانەی تەریکخستنەوەی زووتری سیاسیی سوودانی دەزانن.
ئێستا سوودانی بەرەوڕووی دوو بژێرەیە؛ تەڤڵبوونەوەی دووبارەی بە میزی دانوستانەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و یارمەتیدانیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیرانی نوێ، یان درێژەی بواری سەربەخۆیی بۆ ڕاکێشانی پاڵپشتیی مانەوەی لە پۆستی سەرۆکوەزیریدا؛ بوارێک کە چاودێران شانسی سەرکەوتنێکی ئەوتۆی بۆ پێشبینی ناکەن. ئەگەرچی شرۆڤەگران لایان وایە کە لابردنی سوودانی، سەرهەڵدانی دۆخێکی قەیراناوی و پڕ لە ململانێی بەدواوە دەبێت و ڕوون نییە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ کەمکردنەوەی ئاستی ڕەخنە و نیگەرانییەکان چ پلانێکی لە بەر چاو گرتووە.
بەمجۆرە عێرەاق لە سەرودەمی هەنگاونانە ناو قۆناغێکی هەستیارە؛ قۆناغێک کە بڕیاری هاوپەیمانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان تێیدا بواری دەوڵەتی داهاتوو و سەقامگیریی سیاسیی وڵات دیاری دەکات.
Your Comment