ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: لە پەراوێزی ڕووباری فورات لە ڕۆژهەڵاتی سووریا، نیشانەگەلی ماندوویەتی و ناڕەزایەتی لە نێوان عەرەبەکاندا لە دژی کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک(هەسەدە) ڕۆژە بە ڕۆژ زیاتر پەرە دەستێنێت. گفتوگۆکان لەگەڵ دانیشتووی ئەمبەر و ئەوبەری ڕووبارەکە و بە تایبەت خەڵکی پارێزگای نەوتیی دیرەزور، نیشان دەدا کە زۆربەی خەڵک چیتر هومێدێکیان بە گەڕانەوەی حکوومەتی ناوەندی نەماوە و مەترسیی هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ لە ئارادایە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە هێشتاش زۆربەی بیناکانی دیرەزور بوونەتە تەلێک لە وێرانە و ئامادەبوونی ژنان بە نایلۆنی نان و پیاوانێک کە بە ماتۆرسیکلێت بە ناو شەقامە پڕ لە قووڵکەکاندا هاتوچۆ دەکەن و منداڵانێک کە لە نێوان وێرانەکاندا خەریکی یارین، لە خۆیدا نیشانەی دژواریی ژیانی ڕۆژانەی ئەو خەڵکە و هەوێنی تەقینەوەی خەڵکێکی ناڕازییە.
کەلینی قووڵی نێوان ئەمبەر و ئەوبەری فورات
پاش تێپەڕینی زیاتر لە یەک دەیە لە دەسپێکی قەیرانی سووریا، پارێزگای دیرەزور هێشتاش بە سەر دوو بەشدا دابەش بووە: کەنارە ڕۆژئاواییەکان کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی دوڵەتی دیمەشقە و کەنارە ڕۆژهەڵاتییەکان کە لە بندەستی هێزەکانی هەسەدەی پاڵپشتکراوی ئەمریکایە.
بەڵام پاش ئەوەی لە 28ی سێپتامبێر هێزەکانی هەسەدە، ئاڵای دەوڵەتی نوێی سووریایان لە ڕێڕەوگەی سمالکا لە سنووری سووریا و هەرێمی کوردستان، هەڵدا، کەلێنی نێوان دوو کەنارەکە زیاتر تەشەنەی سەند.
دەوڵەتی سووریا ئەو کارەی هەسەدەی بە هەڵمەتێکی یەکلایەنە و بۆ سەرلێشیوانی دۆخەکە لێک دایەوە و ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سووریا لە وتاردانی لە نیۆیۆرک ڕایگەیاند کە هەسەدە لە ڕاپەڕاندنی ڕێککەوتنی 10ی مارچ بۆ ئاوێتەکردنی هێزەکانی لە دەوڵەتدا خۆی دەدزێتەوە و ناوچە عەرەبنشینەکانی دیرەزوری لە ڕەوتی بڕیاردان و ئیدارەی ناوچەکە تەواو وەلاوە ناوە.
تۆمەتی داگیرکاری و هوشداری هەڵگیرسانی شەڕێکی نوێ
زۆربەی دانیشتووانی عەرەبی دیرەزور لە لێدوانێک بۆ "المجله"، هێزەکانی هەسەدە بە داگیرکاریی شار و پارێزگاکەیان بە بیانووی شەڕ لەگەڵ داعش، تۆمەتبار دەکەن و باس لە ئامادەبوونی هۆزە عەرەبەکان بۆ وەرگرتنەوەی خاک و زێدی خۆیان دەکەن و هوشدار دەدەن کە ئەو کارە واباشترە بە شیوەی ئاشتەواییانە بکرێت، شەڕێکی نوێ هەڵنەگیرسێت.
نامتمانەیی مێژوویی و بەدئیدارەیی
لە پاش زاڵبوونی هەسەدە بە سەر ڕۆژهەڵاتی فورات، عەرەبەکان لە بابەتی هەڵاواردن، کەمبوونی خزمەتگەیاندن، گرانی بە نیسبەتی ناوچە کوردییەکان و بەرزبوونەوەی سەرەڕۆیانەی دەستگیرییەکان سکاڵایان هەیە.
زۆربەی دانیشتووانی عەرەبی دیرەزور ئیدعا دەکەن کە هەسەدە بۆ پاراستنی کۆنتڕۆڵی خۆی، هەندێک لە ئەندامانی پێشووی داعشی لە پۆستە ئەمنی و هەواڵگرییەکان داناوە؛ کەسانێک کە بە هۆی پێشینەیان ناچار لە وەفاداربوون بە هەسەدەن.
لەمناوە ناوچەی عەشیرەی شەعیتات وک ناوچەیەک کە زۆرترین ئازاری بەدەستی داعشەوە دیوە و لە ساڵی 2014دا شایەدی کۆمەڵکوژیی لانیکەم هەزار پیاو و گەنجی خۆی بەدەستی داعش بووە، لە ئیستادا هەسەدە بەوە تۆمەتبار دەکات کە لە ژێر ناوی "بەرەنگاربوونەوەی داعش" بۆ سەرکوتی عەرەبەکان و وەرگرتنی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەهرە دەبەن.
مەترسیی گەڕانەوەی داعش
بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێیەکان، لە کاتێکدا کە ئۆپەراسیۆنە تیرۆریستی و تیرۆرە نیوەشەوانەکان لە ڕۆژهەڵاتی دیرەزوردا درێژەی هەیە، زۆر کەس لەوە دەترسن کە لە داڕمانی کۆنتڕۆڵی هەسەدەدا، بۆشایی ئەمنی ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی داعش و تەنانەت هەندێک گومانیان هەیە کە هەسەدە خۆی بۆ پەرەدان بەو ترسە، تاقمێک لە سەرکردەکانی داعشی بە ئازادی هێشتۆتەوە.
داهاتووی نادیار و تاقەتێک کە خەریکە هەڵدەچێ
لە مانگەکانی ڕابردوودا، ژمارێک لە گەنجانی عەرەبی دیرزور تەڤڵی هێزەکانی وەزارەتی بەرگری و ئەرتەشی دەوڵەتی نوێی دیمەشق بوونە و لە بەرامبەردا وەزیری بەرگریی سووریا داوای لە خەڵکی ئەو ناوچانە کردووە کە تاقەت بێنن، تا یەکگرتوویی لە ڕێگەی ئاشتیخوازانەوە مسۆگەر بێت؛ ئەگەرچی زۆربەی دانیشتووانی دیرەزور هوشدار دەدەن کە چیتر خەریکە تاقەتیان بەسەر دەچێت.
Your Comment