بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر،موحەمەد ڕەزا مورادی: گەڵاڵەی 21 مادەیی ترامپ بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە کە لە 28 ی سیپتەمبەری 2025 ڕوونوێنی کرا بووەتە بابەتێکی گەرمی نێودەوڵەتی کە شەپۆلێکی کاردانەوەی جیهانی بەدواوە بووە.بەڵام ئایا گەڵاڵەکە دەتوانێت ئاشتی سەقامگیر بهێنێتە ئاراوە یان بەس مامەڵەیەکی سیاسی بۆ بەرەوپێش بردنی بەرژەوەندیەکانیانە؟
وردەکاری گەڵاڵەکە
گەڵاڵەی پێشنیارکراوی ترامپ کە بە هاوکاری ستیڤ ویتکاف و جۆرد کۆشنێر پێک هاتووە، بریتییە لە هەوڵی سەرەکی بۆ کۆتایی هێنان بە پێکدادانەکان لە غەززە:
ئاگربڕ و گۆڕینەوەی ئەسیرەکان: گەڵاڵەکە بە ڕاگرتنی دەستبەجێی ئۆپراسیۆنی سەربازی و ئازاد کردنی 20 ئەسیری زیندووی ئیسرائیلی و تەرمی زیاتر لە 20 کەس لە ماوەی 48 کاتژمێردا دەست پێدەکات. لە بەرانبەردا، ئیسرائیل 250 زیندانی فەلەستینی سزادراو بە زیندانی هەتایی و 1700 دەستگیر کراوی دیکە ئازاد دەکات.
کشانەوەی وردە وردەی ئیسرائیل: هێزە ئیسرائیلیەکان وردە وردە لە غەززە دەکشێنەوە، بەڵام نەبوونی خشتەی کاتی دیاری کراو، جێبەجێ کردنی ئەو بەندەی ناڕوون کردووەتەوە.
چەکداماڵینی حەماس: حەماس لە باری سەربازیەوە چەکەکانیان دابنێن و لە ئیدارەی غەززە بێبەش دەکرێت. ئەندامانی ئەو گرووپە دەتوانن بە قبووڵ کردنی ئاشتی، ببەخشرێن یان غەززە بە جێ بهێڵن.
ئاوەدان کردنەوەی غەززە: گەڵاڵەیەکی پێنج ساڵە بۆ ئاوەدان کردنەوەی ژێرخانەکانی غەززە لەوانە ئاو، کارەبا و نەخۆشخانەکان بە پاڵپشتی دارایی وڵاتانی کەنداوی فارس پێشنیار کراوە.
حکومەتی کاتی: ناوەندێکی نێودەوڵەتی کارتی بە چاوەدێری ئەمریکا و کومیتەیەکی فەلەستینی، ئیدارەی غەززە لە ئەستۆ دەگرێت تا لە کۆتاییدا حکومەت بدرێتە دەستی پێکهاتەی خۆسەری فەلەستینیەوە.
جێبەجێ کردن و کێشەکانی بەردەمی
جێبەجێ کردنی ئەو گەڵاڵە پێویستی بە هاوئاهەنگی پێچراقو لە نێوان ئیسرائیل ، حەماس، وڵاتانی عەرەبی و کۆمەڵگای جیهانییە، ئاگربڕی سەرەتایی و گۆڕینەوەی ئەسیرەکان پێوەندی بە متمانەوە هەیە بەڵام حەماس ڕایگەیاندووە کە هیچ پێشنیارێکی نوێی وەرنەگرتووە و دانوستانەکان لە کاتی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر دەوحەوە ڕاگیراوە. چوونەدەرەوەی ئیسرائیلیش لەگەڵ خۆڕاگری وەزیرانی راستی توندڕەوی دەوڵەتی نتانیاهۆ بەرەوڕوویە کە خوازیاری درێژەی شەڕ تا لەناوبردنی تەواوی حەماسن. ئاوەدان کردنەوەی غەززە و جێگیر کردنی هێزی ئەمنی نێودەوڵەتیش پێویستی بە سەرچاوەی دارایی و بەڕێوەبەرایەتی ورد هەیە کە هێشتا وردەکاریەکانی دیار نییە.
تۆنی بلێر: بەرپرسی نوێی غەززە؟
یەکێک لە ئەو خاڵانە کە هەرای ناوەتەوە، پێشنیاری تۆنی بلێر، سەرۆک وەزیرانی پێشووی بریتانیا، بۆ بەڕێوەبردنی پێکهاتەی کاتی نێودەوڵەتی غەززەیە. ئەو ناوەندە کە بڕئارە بە مۆڵەتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی پێنج ساڵ ئیدارەی غەززە لە ئەستۆ بگرێت، بە تەمایە وەکوو مۆدێڵی گواستنەوەی دەسەڵات لە تیمووری ڕۆژهەڵات و کۆزۆ بچێتە پێشەوە. ڕێبەرانی وڵاتانی کەنداوی فارس، کۆشنێر و ترامپ لە پشتی بلێرن. سەرەڕای ئەوە پێشنینەی ناوبراو لە شەڕی عێراق و ڕۆڵی لە گرووپی چوار قۆڵی کە هاوکات بوو لەگەڵ هێرشی بەردەوامی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە ناوبراوی لە بەرچاوی خەڵکی فەلەستین خستووە. هەروەها ڕکابەری لەگەڵ مەحموود عەباس و پێکهاتەی خۆسەر لەمپەرێکی دیکە بۆ ئەو پێشنیارەیە.
کاردانەوەکان: پاڵپشتی و دژایەتی
گەڵاڵەی ترامپ لە ئیسرائیل دوو جەمسەری پێک هێناوە، ڕاپرسی معاریۆ نیشانی دەدات کە سەدا 53 ی ئیسرائیلییەکان و سەدا 41 ی دەنگدەرانی هاوپەیمانی دەسەڵاتدار پاڵپشتی دەکەن، بەڵام وەزیرانی ڕاستی توندڕەو هەڕەشەی لەناوبردن لە دەوڵەت دەکەن. لە ەبرانبەردا یائیر لاپید ڕێبەری ئۆپۆزیسیۆن، بەڵێنی پاڵپشتی لە نتانیاهۆی بۆ بەەوپێش بردنی ڕێککەوتنەکەی داوە. حەماس هێشتا پێشنیاری فەرمی وەرنەگرتووە و خوازیاری ڕاگرتنی تەواوی شەڕ و کشانەوەی ئیسرائیلە. وڵاتانی عەرەبی وەکوو میسر، قەتەر و عەرەبستان پێشوازیان لە گەڵاڵەکە کردووە، بەڵام پاڵپشتی نەکردنی ئاشکرا لە پێکهاتنی دەوڵەتی فەلەستینی، لەوانەیە بەرەوڕووی ڕەخنەی هەندێک وڵات ببێتەوە.
بەرچاوگە و لەمپەرەکان
گەڵاڵەی ترامپ لە چاو پێشنیاری پێشووی لە فێڤریەی 2025 کە خوازیاری ئاوارەیی فەلەستینییەکان و گۆڕینی غەززە بە ڕیویرای ڕۆژهەڵاتی ناڤین بوو، هەنگاوێکی هێواشتر دێتە بەرچاو. بەم حاڵەوە، لەمپەری جیاواز لەبەردەمیانە؛ دژایەتی ناوخۆیی لە ئیسرائیل، ناڕوونی لە دانوستانەکان لەگەل حەماس و پێچراوی دارایی و لۆجستیکی ئاوەدان کردنەوەی غەززە. جگە لە ئەوە بەفەرمی ناسینی ئامانجەکانی دەوڵەتی فەلەستین بە بێ بەڵێنی ڕوون، بۆ فەلەستینییەکان بەس نییە.
دەرەنجام
گەڵاڵەی 21 مادەیی ترامپ سەرەڕای پاڵپشتی بەربڵاو، کێشەی جیدی لەبەردەمدایە، ئایدیای ئیدارەی غەززە لەلایەن تۆنی بلێرەوە، هەرچەندە داهێنەرانە بێت، بەهۆی پێشینەی ناوبراو و پێچراوی سیاسی ناوچەکە بەرەوڕووی دەبنەوە. سەرکەوتنی ئەو گەڵاڵە پێوەندی بە دروست بوونی متمانە، هاوئاهەنگی نێودەوڵەتی و زاڵ بوون بە سەر کێشە ناوخۆیەکانەوە هەیە. بەم حاڵەوە جەخت لەسەر گەڵاڵەی چەکداماڵینی حەماس و بەڵێن نەدانی ئاشکرا بۆ دەوڵەتی فەلەستینی، نیشاندەری یەکمایەتی بەرژەوەندییەکانی ئیسرائیل و هاوپەیمانەکانیەت کە لەوانەیە ببێتە هۆی لەمپەر بۆ قبووڵ کردنی لەلایەن فەلەستینیەکانەوە.
Your Comment