ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: تەنیا ساڵێک لەوە پێش لەوە پێش ئەگەر ئەبوو محەمەد جۆلانی سەرکردەی گرووپی تیرۆریستیی تەحریرولشام لە سووریا هەوڵی چوونە نیۆیۆرکی بدایە، دەکەوتە بەر مەترسیی دەستگیری؛ چونکە ئەمریکا بە هۆی چالاکییە تیرۆریستییەکانی لە بەرەی نوسرە کە دواتر بووە تەحریرولشام و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەلقاعیدە، خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاریی بۆ زانیارییەک کە ببێتە هۆی دەستگیریی، دیاری کردبوو.
بەڵام ئەوڕۆ جۆلانی چۆتە ئەمریکا بۆ بەشداری لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو سەفەرەی بۆتە جێی سەرنجی چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئەمان گواستنەوەی جۆلانی لە زیندانی ئەمریکا لە عێراقەوە بۆ پشت تریبۆنی ڕێکخراوی نەتەروە یەکگرتووەکان بە دژوازییەکی گەورە دەزانن.
هەڵبەت سەفەری جۆلانی بۆ نیۆیۆرک شتێکی بەهەڵکەوت نییە و هەندێک چالاکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەڵێن وڵاتێک کە پێشتر خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاریی بۆ سەری جۆالنی دیاری کردبوو، ئێستا لە پایتەختی خۆی فەرەشی سووری بۆ ڕادەخات.
بۆ تێگەیشتن لە سەرسووڕمانی چالاکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەمبەر بە ئامادەبوونی جۆلانی لە نیۆیۆرک، واباشە ئاوڕێکی کورت بدەینەوە لە ڕابردووی و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی لەگەڵ ئەمریکا: جۆلانی پاش هێرشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە 2003 چووە عێراق و ماوەیەک لە مووسڵ مایەو و لە ڕیزی تیرۆریستانی ئەلقاعیدەی ژێر فەرمانی ئەبوو مەسعەب زرقاوی و چەندین جێگری دژی ئەمریکا شەڕی دەکرد، تا ئەوەی کە ئەمریکاییەکان گرتیان و ڕەوانەی زیندانی ئەبووغورەیب کرا. لەوێشەوە ناردرایە زیندانی بووکا و پاشان زیندانی کرۆبێر لە فرۆکەخانەی بەغدا. ئینجا ڕادەستی دەوڵەتی عێراقدا کرا و عێراقیش ناردییە زیندانی تاجی و تا 2008 لەو زیندانەدا بوو.
هەر وەک چۆن دۆناڵد ترامپ لە ڕکابەرییەکانی سەرۆککۆماریی 2016دا ئاشکرای کرد، ئەمریکا دەستی باڵای بووە لە دروستکردەنی گرووپگەلی تیرۆریستیی داعش و تەکفیرییەکانی تر لە ناوچەدا، بە خوێندنەوەی ژیانی جۆلانی، ئەو راستییەمان بۆ دەردەکەوێت کە سیاسەتدانەرانی ئەمریکا بەردەوام لە پشت گرووپە تیرۆریستییەکاندا بوون و بە یارمەتیی ئەوان ئاسایشی ناوچەیان و لەوان سووریایان تێک دا.
جۆلانی لە 2011دا پەیوەندی بە بەغدادییەوە گرت و تەڤڵی گرووپی تیرۆریستی-تەکفیری داعش بوو و بڕیار درا بەرپرسایەتی باڵی داعش لە سووریا بدرێتە دەستی ئەو و هەروەها بەغدادی دەستووری پێدا کە لە سووریا لە دژی دەوڵەتی ناوەندی و بەشار ئەسەد تێهەڵچێت و جۆلانی لە گەڕانەوەدا توانی 5 هەزار هێز کۆ بکاتەوە و لە سووریا پەل دابوکتێت. تا ئەوەی کە لە 24ی ژانڤیەی 2012دا، جۆلانی بە دەرکردنی ڕاگەیێندراوێک پێکهاتنی گرووپی تیرۆریستیی بەرەی نوسرەی ڕاگەیاند و گوندی شەحیلی کردە بنکەی چالاکییەکانی خۆی.
ڕۆژی 9ی ئاڤریلی 2013 ئەبووبەکر بەغدادی لە ئاوێتەبوونی داعش و بەرەی نووسرە و پێکهاتنی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق و شام هەواڵی دا، بەلام جۆلانی ملی بەو کارە نەدا و ماوەیەکی دواتر لەگەڵ ئیمەنولزەواهێری، سەرکردەی ئەلقاعیدە ڕێککەوت و دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی ئەو ڕێککەوتنە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوی ئەو گرووپە لە ڕیزی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکاندا تۆمار کرد و لە مانگی مەی 2013دا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ناوی جۆلانی وەک تیرۆریستێکی نێودەوڵەتی ڕاگەیاند و بەدوایدا کۆمیتەی گەمارۆکانی ئەنجومەنی ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناوی ئەبوو محەمەدی لە ڕیزی تیرۆریستانی خۆیدا هێنا و قەدەغەی سەفەری بۆ دانا.
لە 10ی مانگی مەی 2017 وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ زانیارییەک کە ببێتە هۆی دۆزینەوە و ناسینەوەی خۆی و شوێنی مانەوەی، خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاریی دیاری کرد و ئەو بڕیارە لە کاتێکدا درا کە لە کوودیتای سەربازی بۆ ڕووخاندنی دەوڵەتی بەشار ئەسەد لە سووریاشدا ڕۆڵی هەواڵگرانە و ئەمنیی ئەمریکا بۆ پالپشتی لە گرووپە تیرۆریستییەکان تەواو ئاشکرا بوو.
هەر بۆیە ئەمریکا پاش بەدەسەڵات گەیشتنی جۆلانی لە سووریا لە مانگی دیسامبێری ڕابردوو و ڕووخانی بەشار ئەسەد، خەڵاتە دیاریکراوەکەی هەڵوەشاندەوە. بەوەشەوە هێشتا ئەمریکا وەڵامی ئەو پرسیارەی نەداوەتەوە کە چۆن دەکرێت تیرۆریستێک کە تا دوێنی خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاریی بۆ دەستگیریی دانابوو، ئەوڕۆ دەبێ بە سەر فەرەشی سوورەوە هەنگاو بنێتە نیۆیۆرک و لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا وتار بدات.
Your Comment