ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_ حەلیمە مەڵایی: لە یەکی مانگی دەی 2024 دا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە چووە پەرلەمانی تورکیا و تەوقەی لەگەڵ ئەندام پەرلەمانەکانی دەم پارتی کرد و وتی کوردەکان پێکهاتەیەکی گرنگی کۆمەڵگای تورکین، دەمانەوێت برابین و بەشدار بن لە گەشەپێدانی تورکیادا، هەموومان بە یەکەوە دژ بە هەوڵەکانی ئیرهاب بین و هەموومان بە ئاشتی بەیەکەوە بژین.
بە دەرکەوتنی نیشانەکانی دەستپێکردنەوەی دانوستان لە نێوان تورکیا و پەکەکە، باخچەلی پێشنیاری کرد وەفدێک سەردانی ئۆجەلان بکات و بێتە پەرلەمان و هەڵوەشانەوەی pkk ڕابگەیەنێت.
هەر ئەمە دەستپێکی دووبارە بوو بۆ ڕەوتی ئاشتی نێوان پەکەکە و تورکیا کە دوا قۆناغی ڕۆژی هەینی 19ی پووشپەڕ بوو و گرووپێک لە چەکدارانی پەکەکە لە شاخ هاتنە خوارەوە و چەکەکانیان سووتاند .
ڕۆژی دواتری ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لە لێدوانێکدا بۆ گەلی تورکیا وتی: ئێمە لە ڕابردوودا هەڵەمان بەرانبەر کورد کردووە.
وتیشی: ههڵهی حكومهتهكانی توركیا "تیرۆر"ی زیاتر كرد لهوانه ڕێگریكردن له زمانی كوردی.
وتیشی: "لاپهڕهیهكی نوێ كراوه و كۆتایی به خوێن و فرمێسك دههێنین، به نهمانی تیرۆر توركیا و گهلی توركیا قازانج دهكات و دهوڵهتی توركیا بههێزتر دهبێت، له ئایندهشدا ههرشتێك زیانی بۆ توركیا ههبێت ڕووبهڕووی دهبینهوه"
لەسەر داهاتووی ڕەوتی ئاشتی و خواستی حکوومەتی تورکیا بۆچەک دانانی هەموو گرووپەکانی سەر بە هزری ئۆجەلان هەواڵنێری مێهر گفتوگۆی لەگەڵ مەشخەڵ کەوڵۆسێ، ڕۆژنامەوان و چاودێری سیاسی کورد لە هەرێمی کوردستان کردووە کە دەقەکەی لە خوارەوە دێت.
ڕۆڵی هەرێمی کوردستان لە بەدیهاتنی بەشی سەرەتایی ڕەوتی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە چۆناوچۆن بوو؟
هەرێمی کوردستان هەمیشە هاندەری ئاشتی بووە. ئەوە ڕوونە کە بەدرێژایی حوکمڕانی کورد لە هەرێمی کوردستان، هەرگیز نەبووەتە کێشە بۆ دراوسێکانی. سەرجەم سنوورەکانی دراوسێکانی پاراستووە. ئەگەر پەکەکە جاروباریش کێشەی بۆ حکومەتی هەرێم دروستکردبێت، بەڵام هیچ وەختێ لە سنوورەکانی کوردستانەوە کێشە بۆ دەوڵەتە دراوسێکان دروستنەکراوە. بەڵام ئەو بابەتە تێچووی زۆربووە بۆ هەرێم، بۆیە ئاسانترین ڕێگە بۆ ئەوەی هەمووان لەئارامیدا بژین و ئەو تێچووەی لە دوودڵی و مەترسی ئەمنیدا خەرجی دەکەن، لە پێشکەوتن و گەشەی کۆمەڵگەدا خەرجی بکەن، دیارە ئاشتییە. هاوکات کێشەی کورد، کێشەیەکی جیدی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و، پێویستە چارەسەر بکرێت. جەنابی کاک مەسعود بارزانی قسەیەکی هەیە دەڵێت: دەساڵ گفتوگۆ، باشترە لەیەک سەعات جەنگ. لەم ڕوانگەیەوە، هەرێم ودەزگاکانی، هاندەر و پشتیوانی ئاشتی بوون لە کوردستانی تورکیا و لەهەر شوێنێکی تریش کە پێویست بکات.
پێتان وایە دەگاتە دوا قۆناغ و ئەنجام؟
ئێستا ئیتر تۆپەکە لە مەیدانی دەوڵەتی تورکدایە، پێویستە هەنگاوە سیاسی، یاسایی، کۆمەڵایەتی، ئابوورییەکانی پرۆسەی ئاشتی جێبەجێ بکات تاکوو ئەو ڕەوتە بگاتە ئەنجامی خۆی.
کاریگەریی هەڵوەشانەوە و چەکدانانی پەکەکە لە سەر دۆخی ژیانی کورد لە تورکیا چ دەبێت؟
کاریگەری چەکدانانی پەکەکە لەسەر ژیانی کورد لە تورکیا، بەمەزندەی من زۆر خراپ دەبێت. چونکە ئەقڵیەتی دەوڵەتی تورک بەهیچ شێوەیەک لەبارنیە بۆ ئاشتی. تورک بە زمانێکی لوتبەرزانە دەدوێت، بە ڕۆحی ئیمپراتۆریەت و فیلێک قسە دەکات، کە بۆ هەزار ساڵ بنەمای سەردەستەیی تورکی لەناوچەکەدا داناوە. ئەستەمە لەگەڵ ئەو ئەقڵیەتە ئاشتی بەرپا بکرێت. با چاوەڕوان بین.
تورکیا داوای چەک دانانی کوردی سووریاش دەکات، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕاستیەکە کە دۆخی سووریا جیاوازە و حکوومەتێکی پێشینە تیرۆریست لە سەر دەسەڵاتە، ئایا کورد بۆی باشە چەک دابنێت یان دەستکەوتەکانی لەبار دەچێت؟
نەخێر بەهیچ شێوەیەک بۆ کورد باش نیە لە سوریا چەک دابنێت، چونکە ئەوانەی ئێستا دەستەڵاتداری سووریان، سەرجەمیان تورکیا هێناونی و، لە ڕێککەوتنێکی نێودەوڵەتی سەرجەم لاپەڕەکانی تیرۆریان بۆ سپی کرایەوە، ئێستا تورک لەسووریا دەستەڵاتدارەو، ئەیەوێت دەستکەوتەکانی کورد بەتەواوی لەناو بەرێت. کورد هەڵەی ستراتیژی دەکات، ئەگەر بەو داوایەی تورکیا ڕازی ببێت. دڵنیام ڕازیش نابێت، بابەتەکە تەنها لەسەر داوایەکی ئەردۆغان نەوەستاوە، بەڵکوو کێشەی نەتەوەیەکە.
سەبارەت بە گرووپەکانی دیکەی پەیڕەوی هزری ئۆجەلان چی؟ وەکوو پژاک بۆ نموونە کە تورکیا جەختی لەسەری کردووە، پێتان وایە چەک دادەنن؟
ئەزانی بۆ بابەتی پژاک، یان هەموو ئەوانەی لە هێڵی فیکری پەکەکە نزیکن، ناتوانین پێش بینی بڕیارەکانیان بکەین، ئەوان میزاجێکی سیاسی تایبەتیان هەیە. ڕەنگە هەر بەو میزاجە بڕیار بدەن، نەک بەگوێرەی بارودۆخی بابەتی. کەواتە ئاسان نییە پێش بینی کردنی بڕیاری گرووپەکانی سەر بە پەکەکە. ئەمەوێ بە ڕاشکاوی بڵێم: ئەو حیزبانەی لەژێر چەتری بیروباوەڕی پەکەکەن، کەدیارە پژاکیش یەکێکە لەوان، ئەوەندەی میزاجێکی تایبەت، یان سایکۆلۆژیایەکی تایبەتیان هەیە و، ئەو سایکۆلۆژیا ئاڵۆزە بڕیار لەسەر هەنگاوە سیاسییەکانیان دەدات، نەک بارودۆخی خودی و بابەتی. پێش بینی کردنی هەنگاوی داهاتوویان ئاسان نییە. وەک ئەو بڕیارەی ئۆجەلان کە بۆ چەکدانان داویەتی. لەکاتێکدا بە هیچ شێوەیەک زەمینەکەی لەبار نیە.
کەواتە پێتان وایە بۆچی بڕیاری چەکدانانی داوە؟
بەڕای من چونکە سایکۆلۆژیای ئاڵۆزی ئۆجەلان چیتر بەرگەی زیندان ناگرێت و، پێویست بوو بۆ ئازادبوونی ئەو هەنگاوە بنێت. پژاکیش بەهەمان شێوەیە، ئێمە ناتوانین بڵێن: بارودۆخ لەبارە بۆ چەکدانانی پژاک یان نا؟ چونکە ئەوان ڕەچاوی بارودۆخ ناکەن، بەڵکو ڕەچاوی بۆ نمونە فەتوایەکی سیاسی وەک ئەوەی ئۆجەلان دەکەن. دژوارە کەس بتوانێ بە ئاسانی پێش بینی بڕیارەکانیان بکات.
Your Comment