ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربڕ لە نێوان ئێرانو ڕژیمی زایۆنی، دەبێ چاو لەوە بکەن و بزانین چ ڕووداوێکی یاسایی لە نێوان هەر دوو لادا ڕووی داوە و لایەنەکان چ بەرپرسایەتی و ئەرکێکیان خراوەتە ئەستۆ و ئەرکی دامەدەزگا نێودەوڵەتییەکان لەوبارەیەوە چیە و ئایا ئاگربڕ هەمان ئاشتییە؟
لە گۆشەنیگای یاسای نێودەوڵەتییەوە ئاشتی(Peace Agreement) و ئاگربڕ(Armistice/Ceasefire) جیاوازییەکی بنەڕەتیان هەیە و هەر کام هەڵگری پاشهاتی یاسایی گرینگن بۆ لایەنی بەرامبەر و هەروەها بۆ دامودەزگا نێودەوڵەتییەکان. بە چەشنێک کە ئاگربڕ ڕێککەوتنێکی کاتی و گەلیجار بەپەلەیە بۆ ڕاگرتنی شەڕ و پێکدادانی چەکدارانە بەبێ چارەسەریی یەکجاریی شەڕ و ململانێکان و دەتوانی دوو لایەنە، یەک لایەنە یان لە لایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانەوە داسەپێت. لەو ڕووەوە ئاگربڕ لە کاکڵەی خۆیدا زیاتر سیاسی یان سەربازییە، تا یاسایی یان هەمیشەیی و دەکرێ لە قەوارەی نووسراوە، زارەکی یان بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشەوە جێگر بکرێت. بەڵام ئاشتی ڕێککەوتنێکی یەکجارەکی و کۆگرە کە پاش دانوستان و گەلێجار بە ناوبژێتی ئەنجام دەدرێت.
ئاگربڕ ڕەهەندگەلی سیاسی، یاسایی، سەرزەوینی و ئەمنی لەخۆ دەگرێت و لە گۆشەنیگای یاسای نێودەولەتییەوە کۆتایی فەرمیی شەڕ و بەستێنی گەڕانەوە بۆ پەیوەندیی نێوان دەوڵەتان دەڕەخسێنێت و بە گشتی کۆتایی ناکۆکییەکان و دەسپێکی هاوکارییەکی پاوەجێ و درێژخایەنە. لە بەرامبەردا، ئاشتی پێویستی بە واژۆی پەیمانی ئاشتی(Peace Treaty)ـیە و بەپێی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی ئێران، هەر پەیمانێکی نێودەوڵەتی پێویستی بە پەسندکرانی مەجلیسی شۆڕای ئیسلامییە. کەواتە ئەوی ئێمە بەرەوڕوویین ئاگربڕێکە و ناکرێ مانای ئاشتیی لێ هەڵبکڕێنین.
بەڵام ئایا ئاگربڕ دەتوانێ لەباری یاساییەوە پێش بە پێداچوونەوە بە جەنایەتگەلی دژە ئاشتی و جەنایەتەکانی ڕژیمی زایۆنی بگرێت؟ لە وەڵامدا دەبێ بڵێین کە یەکەم، ئاگربڕ نەک کۆتایی یەکجاری و فەرمیی شەڕی چەکدارانە، بەڵکوو تەنیا وەستاندیەتی، کەواتە دوو وڵات لەباری یاساییەوە هێشتا لە دۆخی "شەڕی چەکدارانەی نێودەوڵەتی" دەمێننەوە و ئەگەر لایەنێک ئاگربڕە پێشێل بکات، دەتوانێ ببێتە هۆی پێشێلکرانی جیدیی ڕێساکانی شەڕی چەکدارانە و ئەمە بریتییە لە بەرپرسایەتییە سزادەرانەکان (وەک جەنایەتی جەنگی) و بەرپرسایەتیی نێودەوڵەتیی دەوڵەت و لە ئەگەری سکاڵای لایەنێک لە پێشێلکاری، ئەنجومەنی ئاسایش دەتوانێ هەنگاوگەلێک بەپێی وەرزی شەشەم و حەوتەمی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (وەک گەمارۆ، ئیدانەکردن، ناردنی چاودێری ئاشتی) ئەنجام بدات.
کەواتە ئاگربڕ ناتوانێ ئاستەنگێک بێت لە بەردەم پێداچوونەوە بە جەنایەتە جەنگییەکانی ڕژیمی زایۆنی کە بریتین لە هێرشکردنە سەر خەڵکی مەدەنی، ڕووخاندنی نەخۆشخانەکان، کردنە ئامانجی هێزی فریاکەوتن و مانگی سوور، ناوەندە میدیایی و هەواڵنێرەکان و ژێرخانە مەدەنییەکانی وەک وزەخانە، قوتابخانە و ناوەندی ئاو.
بە گشتی پەلاماری ئیسرائیل و دەسپێکی شەڕی دەستدرێژانە لە دژی ئێران بەپێچەوانەی جاڕنامەی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و نمونەی ئاشکرای جەنایەت لە دژی ئاشتییە و ئەو جەنایەتە لە ڕیزی "تاوانە بێ چاوپۆشییەکان"ـه کە بەپێی ماددەی 5ی مانیفێستی دادگەی سزای نێودەوڵەتی(ICC) لە ئەرکەکانی ئەو دادگەیەیە.
کەواتە:
1. ئاگربڕ گۆڕانێک لە دۆخی شەڕی نێوان ئێران و ڕژیمی زایۆنی بەدی نایێنێت و ئەمە خاڵێکی گرنگە کە دەبێ لە ڕیزبەندی سەربازای و ئەمنیی ئێران، ئامادەیی لە بوارەکانی بەرگری و هێرشبەریدا بپارێزرێت.
2. ئاگربڕ خاوەن پاشهاتی یاساییە.
3. بە ئاگربڕ بەرپرسایەتییەکانی ڕژیمی زایۆنی هەمبەر بە جەنایەتە جەنگییەکان و جەنایەتی دژی ئاشتی، پشتگوێ ناخرێت و دەزگای یاسایی و دیپلۆماسیی ئێران دەتوانێ لە ڕێگەی ناوەندە فەرمییە نێودەوڵەتییەکانەوە پەیجووری تاوانبارکردنی ئیسرائیل بێت.
Your Comment