ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: ئەوڕۆ پێنجشەممە 22ی جۆزەردان) بڕیارنامەی پێشنیاریی سێ وڵاتی ئەورووپی "فەڕەنسا، بەریتانیا و ئاڵمانیا) وێڕای ئەمریکا لە دژی پلانیئاشتیخوازانەی ناڤۆکیی ئێران، لە شۆڕای حوکامی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ئەتۆمی پەسند کرا.
لەو بڕیارە کە بە 19 دەنگی ئەرێنی، 11 دەنگی بێلایەن و 32 دەنگی نەرێنی پەسند کرا، بەبێ ئاماژە بە هاوکارییە هەمیشەیی و بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، تاران بە پابەندنەبوون بە بەڵێنە پادمانییەکانی تاوانبار کرا.
هەروەها لەو بەڵگەیەدا، پاگەندە سیاسییە پادمانی و پەیوەستەکان بە بەڵگە درۆیینەکانی ڕژیمی زایۆنی دووپات کرانەوە و ئیدعا کرا کە ئێران لە ساڵی 2019ـهوە کەمکاری بووە لە هاوکاریکردنی تەواو و گونجاوی ئاژانسی لەبارەی "ماددەکان و چالاکییە ناڤۆکییە ڕانەگەیێندراوەکان لە چەند شوێن"دا و هەروەها ئیدعا کراوە کە ئاژانس ناتوانێت گەڕەنتی بدات لەبارەی ئاشتیخوازبوونی پلانی ئەتۆمی ئێران؛ بابەتێک کە لە توانا و شیاوێتیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دایە.
دوژمنایەتی سیاسیی ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەورووپی سەرەڕای هاوکاریی سازێنەری ئێران
هاوکاریی نزیکی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو بەتایبەت لە کاتی ڕاپەڕاندنی بەرجام بۆ هەمووان ئاشکرایە و بڵاوبوونەوەی 15 ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە؛ دۆخێک کە تا بڕیاری کشانەوەی ئەمریکا لە بەرجام لە ساڵی 2018دا درێژەی بوو. لەو ساڵەدا ئێران لە کاردانەوە بەو کارە نایاساییەی ئەمریکا، نزیکەی یەک ساڵ و چەند مانگ سیاسەتی "دانبەخۆداگرتنی ستراتژیکی" گرتە بەر و پاشان وردە وردە لە بەڵێنەکانی خۆی دوورکەوتەوە.
بەڵام ئەگەرچی ئەمریکا هۆکاری سەرەکیی لەناوچوونی ڕێککەوتنەکە و دابەزاندنی ئاستی دانوستانی ئێران و ئاژانس بووە، بەڵام لە پاش کشانەوەی ترامپ لە بەرجامەوە تا ئێستا، چوار بڕیارنامە لە دژی ئێران دەرکراوە. لەو سۆنگەوە میخائیل ئۆلیانۆف، دیپلۆماتی باڵای ڕووسیا لە ڤیەن لە دانیشتنی ئەوڕۆی شۆڕای حوکام، وێڕای ڕەخنەگرتن لە پێشنووسی ئاراستەکراوە لە لایەن بەریتانیا، فەڕەنسا و ئاڵمانیا بە پاڵپشتیی ئەمریکا، وتی: نووسینگەی ئاژانس تەنانەت خۆی بە ئاراستەکردنی ئامارێکی وردبینانەی لە ئاستی چالاکییە ڕاستیدۆزییەکانی ئێران ماندوونەکردووە، چونکە تا ئێستا 493 پشکنین لە ڕێگەی 1260 کەسەوە ئەنجام دراوە کە بەو چەشنە ئێران لەبابەتی ڕێژەی پشکنین لە پلەی دووەمی ئەندامانی ئاژانسدا دادەنیشێت و بەوەشەوە لە هیچکام لە پشکنینەکاندا هیچ ئاستەنگێک بۆ پێشگری لە پشکنین و چالاکیی پشکێنەران تۆمار نەکراوە.
کەواتە ئەگەرچی ئێران بەردەوام هاوکاریی سازێنەری بووە لە چوارچێوەی ڕیساکانی ئاژانس و دانوستانە ناوڤۆکییەکاندا و تەنانەت لەگەڵ ئەمریکادا دانوستانی ناڕاستەوخۆی بووە، بەڵام وادیارە ئەمریکا و هاوپەیمانانی ئەورووپیی، خۆ دەبوێرن لە وەڵامدانەوە بەو هەڵوێستە ئەرێنییەی ئێران. هەر بۆیە شرۆڤەکارانی نێودەوڵەتی لەو باوەڕەدان کە ئەو وڵاتانە لە بری دانوستانی لۆژیکی و ژیرانە، لە دەفرایەتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بۆ گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکانیان کەڵکئاوەژوویی دەکەن و هەوڵ دەدەن مەرجە یەکلایانە و زێدۆخوازانەی وەک نەهێشتنی پیتاندن بە سەر ئێراندا بسەپێنن؛ داواکارییەکی ڕووهەڵماڵراوانە کە تاران بەردەوام بە هێڵێ سووری خۆی زانیوە و ڕەتی کردۆتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە شرۆڤەکاران لایان وایە کە ڕۆژئاوا هیچ مەیلی لە چارەسەریی ژیرانە و لۆژیکیی و پاوەجێی پرسی ناڤۆکیی ئێران نییە، بەڵکوو دەیەوێ لە بابەتی ناڤۆکی وەک باڵێکی گوشاری سیاسی بۆ لاوازکردنی پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی ئێران کەڵک وەربگرێت و دیارە ئەنجامی ئەو هەڵوێستە سیاسییە، دەستێوەردان و گۆڕانکاریی پێکهاتەیی لە ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا بەپێی بەرژەوەندییەکانی ڕۆژئاوایە.
داڕمانی شەرعیەتی تەکنیکی ئاژانس لە بەرامبەر گوشارە سیاسییەکاندا
دیارە پەسندکرانی بڕیارنامەیەکی لەو چەشنە بە ئەنگیزەی سیاسی، پاشهاتی زۆر جیدیی بۆ شەرعیەت و پێگەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بەدواوە دەبێت و یەکەمین پاشهاتیان، دابەزینی بەرچاوی متمانەی نێودەوڵەتی بە ڕاپۆرت و هەڵسەنگاندنە تەکنیکی و پسپۆڕییەکانی ئاژانسە.
هەروەها هەڵوێستی سیاسیی شۆڕای حوکام، ئاژانس لە ئاژاوەیکی سیاسیی نێودەوڵەتیدا دەگلێنێت و بەمجۆرە ڕۆژ بە ڕۆژ لە ئەنجامی ڕاسپاردە سەرەکی و پرۆفێشناڵەکانی دووری دەخاتەوە، خاڵێک کە بۆتە هۆی نیگەرانیی کارناسان و ئەوەی کە سیاسیبوونی ئەو ناوەندە، توانستی ئاژانسی لە چارەسەریی ناکۆکیگەلی تەکنیکی و پسپۆڕانەی لە نێوان وڵاتان بە ڕادەیەکی زۆر دادەبەزێنێت.
کاردانەوەی لێبڕاوانەی ئێران و زەروورەتی گەڕانەوەی ئاژانس بۆ ڕاسپاردە تەکنیکییەکانی
لە کاردانەوە بە بڕیاری سیاسیی شۆڕای حوکام، کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵوێستێکی ڕاشکاوانە، چەند توێژی و لێبڕاوانەی گرتە بەر و وەزارەتی دەرەوە و ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی لە ڕاگەیێندراوێکی هاوبەشدا، هەڵمەتی ئەمریکا و سێ وڵاتی ئەورووپییان بە توندی ئیدانە کرد و ئەوەیان بە کەڵکئاوەژوویی لە میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێشخستنی دوژمنایەتی سیاسییان بەبێ پشتبەستن بە بنەما تەکنیکی و یاساییەکان زانی و جەختیان لەوەش کرد کە ئێران ناچارە لە وەڵامدانەوەی بەرامبەر و ئەو وەڵامە لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و بەرپرسایەتییە ڕەواکانی ئێران ئەنجام دەدرێت.
Your Comment