بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، کەناڵی ئەلجەزیرە بە پشت بەستن بە سەرچاوە پزیشکییەکان ڕایگەیاند کە لە هێرشی ئاسمانی ڕژێمی زایۆنی بۆ سەر نەخۆشخانەی مەیدانی ئوردنی لە ڕۆژاوای خان یونس لە باشووری کەرتی غەززە پزیشکێکی ئوردنی بریندار بووە.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی کۆمەڵەی فریاگوزاری پزیشکی غەززە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە هۆشداری دا کە دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە گەیشتووەتە قۆناغێکی کارەساتبار و ناوەندەکانی دابەشکردنی هاوکاری مرۆیی بوونەتە تەڵەی مردن.
بەسام زەقوت ڕایگەیاند، لە میانەی هێرشەکانی ئەم دواییەی دەوروبەری ناوەندی فریاگوزاری نەتزەریم، ژمارەی شەهیدان گەیشتووەتە ١٧ کەس و بەشێکی زۆر لە بریندارەکانیش بەهۆی سەختی برینەکانیانەوە گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خۆراکانەی لە ناوەندەکانی هاوکاری دابەشدەکرێن زۆر سادە و کەمن و بە هیچ شێوەیەک پێداویستی خەڵک دابین ناکات. بە وتەی ناوبراو، زۆرێک لە پاکەتەکانی خۆراک تەنانەت شیری وشک بۆ منداڵانیشیان تێدا نییە، خەڵکیش بەهۆی برسێتییەکی زۆرەوە لە شەقامەکاندا بێهۆش دەبن و لار دەبنەوە.
لە هەمان کاتدا سەرچاوە فەلەستینییەکان دیمەنێکی ئاخرزەمانیان لە ناوەندی دابەشکردنی یارمەتییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە غەززە بڵاوکردەوە، کە هێزە داگیرکەرەکان بە شێوەیەکی دڕندانە تەقە لە کەسانێک دەکەن کە بەدوای پارووە نانێکدا دەگەڕێن بۆ خواردن.
Your Comment