بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، پاش ڕاگەیاندنی فەرمیی بەڕیوەچوونی دوازدەهەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سەبارەت بە شیمانەی چەکدانان و هەڵوەشانەوەی ئەو پارتە، دوو کارناسی ناسراوەی پرسی کورد و تورکیا، ئاوڕیان لە پلانەکانی پشت ئەو کۆنگرەیە کرد و ڕایانگەیاند کە پەکەکە بەمزووانە هەڵناوەشێتەوە.
فرێدریکە گیردینک، هەواڵنێری هولەندیی پسپۆر لە پرسی کوردەکان لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە ئیکسدا نووسی: پەیوەندیم بە پەکەکەوە گرت و بۆچوونەکەم دروست بوو: هیچ چەکدانانێکی خێرا لە گۆڕێدا نییە. ئەوان بە بەڕێوەبردنی ئەم کۆنگرەیە دەیانەوێ گوشارەکان لە سەر دەوڵەتی تورکیا زیاتر بکەن.
وتیشی: بێ گومان پەکەکە بەر لە چارەسەریی کێشەی کورد، چەک دانانێت و ئەوان چەندین ساڵە ئامادەی کۆتاییهێنان بەم شەڕەن، بەڵام ئەوە دەوڵەتی تورکیایە کە هیچ هەنگاوێک هەڵناگرێت.
لە لایەکی ترەوە ئێلیزا مارکۆس، نووسەری کتێبی "خوێن و بڕوا" لە پەیامێکی هاوشێوەدا، کۆمەڵێک پرسیاری سەبارەت بە بڕیارەکانی کۆنگرەی هەڵوەشانەوەی پەکەکە ورووژاند: ئایا پەکەکە لەو کۆنگرەدا بۆتە ڕێکخراوێکی سیاسی؟ یان چاورەنووسی گرووپە هاوپەیوەندەکان بە پەکەکە و لەوان یەپەگە چی دەبێت؟ ئایا پەکەکەی سووریا هەر لەوێ دەمێنێتەوە؟ یان کاردانەوەی ئەنقەرە پاش ئەو کۆنگرەیە چ دەبێت؟
Your Comment