ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی گەشتیاری: مانگی ڕەمەزان دانونەریت و هەلومەرجی تایبەت بە خۆی هەیە کە جودای دەکاتەوە لە مانگەکانی دیکە. موسڵمانانی جیهان بە هاتنی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان، دەبنە یەکەیەکی یەک و پێکەوە نوێژ و ڕۆژوو دەکەن.
بەڕۆژووبوونی موسڵمان لە هەر جێیەکی جیهاندا، خولێکی مەعنەوییە بۆ پاکژیی ڕۆح کە هاوکاتە لەگەڵ نەریتگەلی فەرهەنگیی جۆراوجۆر و سەرنجڕاکێش و هەروەها هەلێکە بۆ بەخۆداچوونەوە و تۆکمەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان. ڕێوڕەسمە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژووگرتن لەم مانگەدا نیشاندەری فرەچەشنی و دەوڵەمەندی فەرهەنگیی موسڵمانانە.
هەر لەو پەیوەندییەدا، دۆسیەی ئەمجارەی "ڕەمەزان لە جیهانی ئیسلام" تەرخان دەدرێت بە دابونەریتەکانی ڕەمەزان لە عێراقدا:
خۆئامادەکردن بۆ هاتنی مانگی ڕەمەزان
مانگی ڕەمەزان بە مانگی میوانیی خودا بەناوبانگە؛ عێراقییەکان لەو باوەڕەن کە دەبێ خۆیان پێشتر بۆ ئەو میوانییە ئامادە بکەن و یەکەم کار بۆ ئەو مەبەستە، کڕینی کەرەسە و پێداویستییەکانی ئەو مانگەیە کە بریتییە لە کڕینی خواردەمەنی شیرینی و خوراکی تایبەتی و بازاڕ پڕ دەبێت لە حەشیمەتی کڕیار.
هەستاندنی پارشێوانەی ڕۆژووگران
ڕەسمی هەستاندنی پارشێوانەی ڕۆژووگران، لە ڕەسمە باوەکانی ناو هەموو وڵاتانی موسڵمانە و بەپێی ئەم ڕەسمە کۆن و باوە، هەندێک کەس بە کۆڵان و گەڕەکەکاندا دەگەڕێن و تەپڵ لێ دەدەن و ئەم کارە تا دواشەوی ئەو مانگە بەردەوامە.
بەخشینەوەی ژەمەکانی بەربانگ
خەڵکی عێراق لە مانگی ڕەمەزاندا بەشێک لە خواردنی بەربانگیان دەخەنە سەر مەجومعەیەک و دەیبەنە مزگەوت یان زیارەتگەکان و بە ناو فەقیران و هەژاراندا دابەشی دەکەن.
ئەم ڕێوڕەسمە بۆتە هۆی هاتوچۆی زۆری خەڵکی لە مزگەوتەکان و هاوکات هەوڵی خاوێنکردنەوە و پێڕاگەیشتن بە مزگەوتەکان هەر لە ڕۆژانی سەرەتای مانگی ڕەمەزان بۆ ڕۆژانی قەدر، عێراقییەکان هەروەها پاش بەربانگ لە مزگەوتەکان گوێبیستی وتاردان و گفتوگۆ لەبارەی پرسە ئایینی و ئەخلاقییەکان دەبن.
زیارەتی ئیمام حسێن(دخ)
خەڵکی عێراق لەو باوەڕەن کە لە مانگی ڕەمەزاندا زیارەتی ئیمام حسێن(دخ) خێرێکی زۆرتری هەیە و هەر بۆیە خێڵێکی زۆری ڕۆژووداران لەو مانگەدا دەچنە کەربەلا و هەروەها بەهۆی هاوکاتبوونی ئەم مانگە لەگەڵ بڕینداربوونی ئیمام عەلی(دخ)، زیاڕەتی نەجەفی ئەشرەف لای موسڵمانان و شیعەکانی عێراقدا و بە تایبەت لە شەوانی قەدردا پێگە و ڕێزێکی تایبەتی هەیە.
یاریی سەرنجڕاکێشی "پڕوپووچ" لە ڕەمەزاندا
یەکێک لە ڕێوڕەسمەکانی مانگی ڕەمەزان لای خەڵکی کووچە و کۆڵانانی عێراقی، یاریی "پڕوپووچ"ـه کە بۆ خەڵکی عێراق بە یاریزان و چاولێکەریەوە، سەرنجڕاکێشە و لە گەڕەک و قاوەخانەکانیدا خەڵکێکی زۆری بەدەوەری خۆیدا کۆکردۆتەوە. ئەگەر پێشینەی ئەم یارییە نادیارە، بەڵام کارناسان لەو باوەڕەن کە ئەم یارییە لە پلەی یەکەمدا، پشتئەستوورە بە "بەژن و ڕواڵەتناسی".
لە یاریی "پڕوپووچ"دا دوو تیم بە یاریزانی یەکسان هەن کە جار هەیە ژمارەی کەسانی تیمێک دەگاتە 100 کەس. تیمی یەکەم بەرد یان ئاڵقەیەک لە مشتی یەک یان چەند ئەندامی تیمەکەیدا دەشارێتەوە و تیمی بەرامبەر هەوڵ دەدا بۆ دۆزینەوەی بەرد و ئاڵقە و ڕفاندنی لە دەستی ئەندامانی تیمەکەی تر.
پیرۆزبایی ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان
بۆ خەڵکی عێراق کۆتایی مانگی ڕەمەزان و جەژنی ڕەمەزان گرنگییەکی زۆری هەیە و بۆ ئەو مەبەستە سێ ڕۆژ دەکرێتە جەژن. ئەوان پێشتر بۆ ئەو جەژنە خۆیان ئامادە دەکەن و جلوبەرگی نوێ دەکڕن و چێشت و خواردن و شیرینیگەلی تایبەتی ئامادە دەکەن کە بەرچاوترینیان کەیکی "کلیچە"یە کە تایبەتە بە جەژنی ڕەمەزان.
ئینجا پاش خوێندنی نوێژی جەژن بە جەماعەت لە مزگەوتەکان، دەچنە سەردانی یەکتری و گەورە جەژنانە بە چکۆلەکان دەدا و هەشن کەسانێک کە لەو سێ ڕۆژی پشوودانە دەچێتە سەفەر و ئامانجی زۆربەی سەفەرەکانیش زیاڕەتی کەربەلا، نەجەف و کازیمەینە.
Your Comment