AP ١٤٠٣ ڕەشەمە ٦ ١١:٠١

ئاشتی پەکەکە و تورکیا بە چی دەستەبەر دەبێت؟

ئاشتی پەکەکە و تورکیا بە چی دەستەبەر دەبێت؟

عومەر عەلی دەڵێت: "ئەگەر تورکەکان بە نییەتێکی باشەوە هاتوونە پێشەوەو بەڕاستی دەیانەوێت کۆتایی بە دەیان ساڵ توندوتیژی و خوێن ڕشتن بهێنن ،سەرەتا وەک هەنگاوێکی نیاز پاکی پێویستە ئۆجەلان ئازاد بکەن."

ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی_ عومەر عەلی موحەمەد:
پەنابردنی دەوڵەتی تورکیا بۆ ئۆجەلان وەک کاراکتەرێکی سیاسی، بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئاشتی، مانای وایە پاش ٢٦ ساڵ زیندانی، ئێستاش وەک کاریزمایەکی سیاسی سەیر دەکرێ ،بۆ ئەوەی لە ڕێگەی ئەوەوە، ئەم پرۆسەیە دەست پێ بکاتەوە.

سەرەتای دەستپێکردنەوەی پرۆسەکە ئەو کاتە بوو کە دەوڵەت باخچلی لە پەرلەمانی تور کیا کوردی وەک پێکهاتەیەکی گرنگی تورکیا لە قەڵەمدا و داوای لە پەرلەمانتارانی دەم پارتی کرد
وەفدێک پێک بهێنن بۆ ئەوەی سەردانی ئۆجەلان بکات و ئەویش بێتە پەرلەمان و هەڵبەشاندنەوەی پارتی کرێکاران ڕابگەیەنێت.
پاش ئەوەی وەفدەکە سەردانی ئیمرالی کرد ،ئۆجەلان پێشوازی لە پێشنیارەکە کرد و ئەوەی ڕاگەیاند کە لە توانایدا هەیە ئەم پرۆسەیە بگەیەنێتە ئەنجام و کۆتایی بە شەڕ و توندوتیژی بهێنێت و فەزایەک بۆ پێکەوە ژیانی هەردوو گەلی کورد و تورک دروست بکات.

بەڵام ئەوەی گرنگە بوترێت ئەوەیە کە حوکمڕانانی تورکیا بە هەردوو سەرکردەی باخچلی و ئۆردوغان دەتوانن چی بۆ ئۆجەلان بکەن؟ تا ئەویش لە پەیامەکەیدا داوای چەک دانا لە پارتی کرێکاران بکات.

ئەوەی لەم پرۆسەیەدا دەبینرێت ئەوەیە کە ئۆجەلان هاوشێوەی ماندێلا تاکە کاراکتەری سیاسی بەهێزە کە بتوانێت ئەم پرۆسەی ئاشتییە بگەیەنێتە ئەنجام. بۆ ئەم مەبەستە ئەگەر تورکەکان بە نییەتێکی باشەوە هاتوونە پێشەوەو بەڕاستی دەیانەوێت کۆتایی بە دەیان ساڵەی توندوتیژی و خوێن ڕشتن بهێنن ،سەرەتا وەک هەنگاوێکی نیاز پاکی پێویستە ئۆجەلان ئازاد بکەن و وەک سەرۆکی پارتی کرێکاران مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و ئەویش ئازادانە لەگەڵ ئۆپۆسیۆن و حکوومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە ئەنجام بدات . هەروەها بتوانێت سەردانی قەندیلیش بکات و ڕازییان بکات بە پشتیوانی کردن لە پرۆسەکە و ئەوانیش لە دوای ئۆجەلان بوەستن و هەڵوێستی پێچەوانەیان نەبێت.

چونکە باشووری ئەفریقاش کاتێک کە ئەو هەنگاوە گەورەی ناو دەستبەرداری ڕەگەزپەرستی بوو ئەو کاتە بوو کە بڕیاری ڕزگارکردنی ماندێلایدا.
بەڵام ئەگەر بەرپرسانی دەوڵەتی تورکیا تەنها وەک هەنگاوێکی تەکتیکی مامەڵە بکەن و ئاشتییان تەنها بۆ زەمەنێکی دیاریکراو بوێت بۆ ڕزگاربوون لە ئەو مەترسییانەی کە ئێستا بە هۆی گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵات ناوەڕاستەوە بەرەو ڕوویان بۆتەوە، ئەوە سەرئەنجامەکەی هیچ دەبێت وپارتی کرێکارانیش بە چەکدانان ڕازی نابن.
لە ئێستادا زۆر لە چاودێرانی سیاسی و سەرکردەکانی قەندیلیش بە گومانەوە سەیری پرۆسەکە دەکەن .چونکە دەوڵەت نەک هەنگاوی ئیجابی نانێت بۆ خزمەت بە دۆخی ئێستای ئاشتی ،بەڵکوو زۆر لە جاران خراپتر هێرشەکانی بۆ سەر کوردستانی سووریا و بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکاران زیادی کردووە و هیچ نەرمیەک لە سیاسەتەکانی دەوڵەتدا نابینرێت و بەرپرسەکانیش لە جاران زیاتر پارتی کرێکاران وەک بزووتنەوەیەکی تیرۆریستی ناو دەبەن.

لەبەر ئەوە ئەوەی لەئێستادا دەبینرێت وەک پێویست هە نگاو نانرێت بۆ ئەوەی زەمینەی گفتوگۆیەکی ڕاستگۆیانە دروست ببێت، هەتا ببێتە پشتیوانێک بۆ ئەوەی ئۆجەلان پەیامەکەی ڕابگەیەنێت ،کە هەر دوو باڵی سیاسی و چەکداری پارتی کرێکاران پابەند بن پێوەی و جەماوەری کورد و تورکیش پشتیوانی لێ بکەن.

News ID 54104

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha