AP ١٤٠٣ گەلاوێژ ١٧ ١٢:٥٤

کارناسان وڵام دەدەنەوە؛

هاتنی پاڵەوانی تونیلەکان مانای چییە؟

هاتنی پاڵەوانی تونیلەکان مانای چییە؟

هەڵبژاردنی یەحیا سینوار ناسراو بە پیاوی تونێلەکان کە بە کەسێکی توندڕەوتر لە ئیسماعیل هەنیەیە بۆ جێگرەوەی ناوبراو پێش لە هەموو شتێک هۆشداریەکە بۆ ئیسرائیل .

بە راپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی حەماس لە دانانی یەحیا سینوار وه‌ك سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی خۆی لە غەززە و جێنشینی ئیسماعیل هه‌نییە، پرسیاری لەبارەی کاریگەرییەکانی ئەو هەنگاوە لەمکاتەدا دروستکرد.

لە ئێستادا، کە دۆخه‌كه‌ی پەرەسەندنی گرژی بەخۆەوە دەبینێت ، سینوار بە "پیاوی تونێل" لە کەرتی غەززە وەسف دەکرێت، کە ماوەی 10 مانگەدا لەناو کەرتی غەززەدا ژیاوە و ناوبراو دەستێكی باڵای هەیە لە بڕیارەکانی پەیوەست بە شەڕ و دانوستانەکان.

شرۆڤەکاران و چاودێران، لە لێدوانێکدا بۆ سکای نیوز عەرەبی، هەڵبژاردنی سینواریان بە "سەرسوڕهێنەر" وەسفکرد، پێشبینیان کرد ئەم هەڵبژاردنە سێبەر لەسەر زۆر پرس دروست بکات، دیارترینیان ڕێککەوتنی ئاگربەسته‌ لە کەرتی غەززە.

3ی ئه‌م مانگه‌، بزوتنه‌وه‌ی حەماس ڕایگەیاند، ڕاوێژکاری فراوانیان ئەنجامداوە بۆ هەڵبژاردنی بەرپرسێکی نوێی مەکتەبی سیاسی دوای تیرۆرکردنی هه‌نییه‌، لە کاتێکدا کە پێشبینی دەکرا كه‌ خالید مه‌شعه‌ل كه‌ پێشتر له‌و پۆسته‌دا بوو له‌ دوای تیرۆركردنی عەبدولعەزیز ئەلرانتیسی، هه‌روه‌ها خەلیل ئەلحەیا، جێگری سەرۆکی بزوتنەوەکە لە غەززە، مووسا ئەبو مەرزوق، بەرپرسی باڵا لە مەکتەبی سیاسی و زاهر جەبارین کە لە مێژە كاروباری دارایی بزوتنەوەکەی به‌ڕێوه‌بردووە شانسیان زیاتر بێت بۆ دیاری کردن.

یه‌حیا سینوار بە "پیاوی تونێل" لە کەرتی غەززە وەسف دەکرێت، کە ماوەی 10 مانگە لەناو کەرتی غەززەدا دەژی له‌وكاته‌وه‌ی پریشکی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا سەریهەڵدا، هەروەها بوەتە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئیسرائیل، لە دوای هێرشەکەی 7ی (تشرینی یەکەم/7)ی ڕابردوەوە.

سینوار کە تەمەنی 61 ساڵە، بە سه‌ركرده‌ی ڕاستەقینەی بزوتنەوەکە دادەنرێت و دەستێكی باڵای هەیە لە بڕیارەکانی پەیوەست بە شەڕ و دانوستانەکان، له‌وه‌ته‌ی جه‌نگی غه‌ززه‌ هه‌ڵگیرساوه‌ سه‌ركردایه‌تی جه‌نگه‌كه‌ ده‌كات.

سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس لە ساڵی 2011 بەر لە ئازادکردنی 23 ساڵ لە زیندانەکانی ئیسرائیل بوه‌، دواتر لە ساڵی 2017 بە سەرۆکی بزوتنەوەکە لە غەززە هەڵبژێردرا و بو بە داواکراو و خرایە لیستی "تیرۆری نێودەوڵەتی" ئەمریکییەوە.

ئەیمەن رەقه‌ب، شرۆڤەکاری سیاسی فەڵەستینی و مامۆستای زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی قودس، بە سکای نیوز-ی ڕاگەیاندوە، هەڵبژاردنی سینوار "پەیامێکە کە پێش هەمو شتێک ئاڕاستەی ئیسرائیل کراوە".

ڕونیشیکردەوە، هەڵبژاردنی سینوار بە پێچەوانەی هەمو چاوەڕوانییەکانەوە بوە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردودا و دوای گرژییەکانی نێوان سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس.

ئه‌و شرۆڤەکاره‌ دەشڵێت، "ئەم هەڵبژاردنە شۆکێکه‌ بۆ چاودێران و بۆ ئیسرائیل، چونکە ئەگەر بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بیەوێت دوای ئەوە دانوستان بکات، دەبێت دانوستان لەگەڵ پیاوێک بکات کە لە ژێر زەویدا دەژی".

سەبارەت بە کاریگەریی ئەو هەڵبژاردنە لەسەر دانوستانەکانی ئاگربەست، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوە وەڵامێکە بۆ بێدەسەڵاتی نه‌ته‌نیاهۆ، کە ئیسماعیل هه‌نییه‌ تیرۆرکرد، سەرەڕای ئەو نەرمییەی کە لە کاتی گفتوگۆکاندا پێشکەشی کرد، بەو پێیەی بیرۆکەی نوێی دەخستەڕوو و هەوڵی گەیشتنیان دەدا به‌ ئاگربه‌ست".

جەختی لەوەشکردەوە، دەستبەکاربونی سینوار "هەر فایلێکی پەیوەندیدار بە دانوستانەوە ئاڵۆزتر دەکات، بەوپێیەی پڕۆسەی پەیوەندیکردن لەگەڵیدا قورسە، هەروەها کاتێک پێویستت بە پەیامێک دەبێت پێویستە چەند ڕۆژێک چاوەڕێی بکەیت".

ئەو شرۆڤەکارە فەڵەستینییە جەختی لەوەکردەوە، هەنگاوەکەی حەماس لە ڕەوتی شەڕەکەدا بە گۆڕاوێکی نوێ دادەنرێت، "ئەوەش هەموو دیمەنەکە ئاڵۆز دەکات، چونکە شتەکان بە شێوەیەکی قورستر لەوەی کە هەبون بەرەوپێش دەچن".

ئیسرائیل چۆن سەیری سینوار دەکات؟

سەبارەت بە دیدگای ئیسرائیل بۆ هەڵبژاردنی یەحیا سینوار بۆ سەرۆکی بزوتنەوەی حەماس، ئیلی نیسان، شرۆڤەکاری سیاسی ئیسرائیلی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سکای نیوز، ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل مامەڵە لەگەڵ سینواردا دەکات وەک ئەوەی "مردووێکی زیندوو" بێت و کاتێک یەکەم دەرفەت دێتە پێشەوە لەناوی دەبات.

نیسان ڕونیشیکردەوە، ئیسرائیل لە سەرەتای جەنگەوە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێت کە سینوار بەشێوەیەکی شەخسیی بکاتە ئامانج، ئەوەش بەهۆی بەرپرسیارێتی ڕاستەوخۆی ئەو لە هێرشەکەی 7ی ئۆکتۆبەردا، هەروەها لە گەڕان بەدوایدا لەناو تونێلەکان و لە دڵی خودی غەززەدا.

News ID 51189

Tags

Your Comment

You are replying to: .
  • captcha