بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، ڕێبەری شۆڕش لە نامەیەکدا قسەی بۆ خوێندکارە ئەمریکییەکان کرد کە ناڕەزایەتی دەردەبڕن و پشتیوانی فەلەستین دەکەن لە زانکۆکانی ئەمریکا و جەختیان لە دروستی ڕێبازی هەڵبژێردراوی ئەوان لە پشتیوانیکردنی گەلی ستەملێکراوی غەززە کردەوە.
ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە نامەیەکدا کە ئاراستەی خوێندکارە بە ویژدانەکانی پشتگری گەلی فەلەستین کراوە لە زانکۆکانی ئەمریکا، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی لەگەڵ ناڕەزایەتییەکانی دژە زایۆنیستی ئەو خوێندکارانە، ئەوانی بە بەشێک لە بەرەی خۆڕاگری زانی.
جەختیشیان لەسەر گۆڕینی دۆخ و چارەنووسی ناوچەی هەستیاری ڕۆژئاوای ئاسیا کردەوە.
دەقی نامەکەی ئایەتوڵا خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەم شێوە بڵاو بووەتەوە.
ئەم نامەیە بۆ ئەو گەنجانە دەنووسم کە ویژدانی بەئاگابوویان پاڵنەرێک بووە بۆ بەرگریکردن لە منداڵ و ژنانی ستەملێکراوی غەززە.
خوێندکارانی گەنجی خۆشەویست لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا! ئەمە پەیامی هاوسۆزی ئێمە لەگەڵ ئێوەیە. ئێستا لە لای ڕاستی مێژوویەکدا وەستاون کە خەریکە لاپەڕەکانی هەڵدەدرێتەوە.
ئێوە ئێستا بەشێکن لە بەرەی خۆڕاگری و لەژێر گوشاری دڕندانەی حکومەتەکەتان کە بە ئاشکرا بەرگری لە ڕژێمی قۆرخکار و بێبەزەیی زایۆنی دەکات، خەباتێکی شەرەفمەندانەتان دەست پێکردووە.
بەرەی گەورەی بەرخۆدان لە شوێنێکی دوور، ساڵانێکە بە هەمان تێڕوانین و هەستی ئەمڕۆی ئێوە خەبات دەکات. مەبەستی ئەم خەباتە ڕاگرتنی ئەو ستەمە ئاشکرایەیە کە تۆڕێکی تیرۆریستی و بێبەزەیی بە ناوی "زایۆنیستەکان" ساڵانێک لەمەوبەر بەسەر نەتەوەی فەلەستیندا سەپاندوویانە و دوای داگیرکردنی وڵاتەکەیان خستۆیانەتە ژێر توندترین گوشار و ئەشکەنجە. ژینۆسایدی ئەمڕۆی ڕژێمی ئاپارتایدی زایۆنی درێژەپێدەری هەڵسوکەوتی دزێوانەی دەیان ساڵی ڕابردووە.
فەلەستین خاکێکی سەربەخۆیە و لە نەتەوەکانی موسڵمان و مەسیحی و جوولەکە پێکهاتووە و مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە. دوای شەڕی جیهانی سەرمایەدارەکانی تۆڕێکی زایۆنیستی بە هاوکاری حکومەتی بەریتانیا وردە وردە چەند هەزار تیرۆریستیان هێنایە ناو ئەم خاکە؛ شار و گوندەکانیان داگیر کرد؛ دەیان هەزار کەسیان کوشت و بەرەو وڵاتانی دەوروبەر ڕاوەدوویان نارد. خانوو و بازاڕ و کێڵگەکانیان لە دەستی خۆیان دەرهێنا و حکومەتێکیان بە ناوی ئیسرائیل لە خاکی دەستبەسەرداگیراوی فەلەستیندا دامەزراند.
گەورەترین لایەنگری ئەم ڕژێمە قۆرخکارە، لەدوای یەکەم هاوکاری ئینگلیز، حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە کە درێژە بە پشتیوانیی سیاسی و ئابووری و ناردنی چەک و چۆڵ بە ئەو ڕژێمە دەدات و تەنانەت بە بێباکییەکی قبووڵ نەکراو ڕێگەی بۆ کردۆتەوە کە چەکی ئەتۆمی بەرهەمبهێنێت.
ڕژێمی زایۆنی لە یەکەم ڕۆژەوە سیاسەتی "مشتی ئاسنین"ی لە دژی خەڵکی بێ دەرەتانی فەلەستین بەکارهێنا و بە بێ بایەخ کردنی هەموو بەها ئەخلاقی و مرۆڤی و ئایینییەکان، ڕۆژ بە ڕۆژ دڕندەیی و تیرۆر و سەرکوتی زیاتر کرد.
حکومەتی ئەمریکا و هاوبەشەکانی تەنانەت ناوچاویشیان لە بەرامبەر ئەم تیرۆرە دەوڵەتی و ستەمکارییە بەردەوامەدا مۆن نەبوو. ئێستاش هەندێک لە لێدوانەکانی حکومەتی ئەمریکا سەبارەت بە تاوانە ترسناکەکەی غەززە دووفاقی و ڕیاکارانەیە نەک ڕاستەقینە.
"بەرەی خۆڕاگری" لە دڵی ئەم کەشە تاریک و نائومێدەوە سەری هەڵدا و پێکهێنانی حکومەتی "کۆماری ئیسلامی" لە ئێران فراوانتر و بەهێزتری کرد.
سەرکردەکانی زایۆنیزمی نێودەوڵەتی، زۆربەی کۆمپانیاکانی ڕاگەیاندن لە ئەمریکا و ئەوروپا سەر بە خۆیانن یان لەژێر کاریگەری پارە و بەرتیلەکانی ئەواندان، ئەم بەرخۆدانە مرۆڤانە و ئازایانەیان بە تیرۆریستی ناساند! ئایا نەتەوەیەک کە لە خاکی خۆیدا بەرگری لە خۆی بکات بەرامبەر بە تاوانەکانی داگیرکەرانی زایۆنیستی، تیرۆریستە؟ ئایا یارمەتی مرۆڤ بۆ ئەم میللەتە و تەیارکردنیان بە هاوکاری بۆ تیرۆر دادەنرێت؟
دەمەوێت دڵنیاتان بکەمەوە کە ئەمڕۆ دۆخەکە لە گۆڕاندایە. چارەنووسێکی دیکە چاوەڕێی ناوچەی هەستیاری ڕۆژئاوای ئاسیا دەکات. زۆرێک لە ویژدانەکان لەسەر ئاستی جیهانی بەئاگا هاتوونەتەوە و ڕاستییەکان ئاشکرا دەبن. بەرەی بەرخۆدان بەهێزتر و بەهێزتر دەبێت. هەروەها مێژوو لە گۆڕاندایە.
جگە لە ئێوە، خوێندکاری دەیان زانکۆی ئەمریکا و زانکۆ و خەڵکی وڵاتانی دیکەش هەستاونەتەوە. یاوەریکردن و پاڵپشتیکردنی مامۆستایانی زانکۆ بۆ ئێوەی خوێندکار، گرنگ و کاریگەرە. ئەمەش دەتوانێت تاڕادەیەک دڵنەوایی بێت لە بەرامبەر چڕی کردەوەی پۆلیسی حکومەت و ئەو فشارانەی کە دەیخەنە سەرتان. هاودەنگی ئێوە گەنجانم و ڕێز لە هەڵوێستتان دەگرم.
وانەی قورئان بۆ ئێمەی موسڵمانان و بۆ هەموو خەڵکی دونیا ئەوەیە لەسەر ڕێگای حەقیقەت بوەستین.
فَاستَقِم کَما اُمِرت ؛(۱) وانەی قورئان سەبارەت بە پەیوەندی مرۆڤی ئەمەیە: نە ستەم بکەن و نە ژێر باری ستەم بڕۆن: لا تَظلِمونَ وَ لا تُظلَمون .(۲) بەرەی بەرخۆدان بە وەرگرتن و جێبەجێ کردنی ئەم فەرمانانە و سەدانی تریش، بەرەو پێشەوە دەڕوات و سەردەکەوێت؛ باذن الله.
پێشنیار دەکەم لەگەڵ قورئان ئاشنا بن.
سەید عەلی خامنەیی
Your Comment